رۆژنامەی ھەولێر

پۆلسک … شاندێکی شاری هەولێر لە پۆلسک پەیوەندییە کەلتووری و هونەرییەکان ئاڵوگۆر دەکەن

ئەمرۆ چوارشەممە 19.8.2026 شاندێکی پارێزگای هەولێر، بە سەرپەرشتی سیروان عوسمان، بەرێوەبەری گشتی هونەر و رۆشنبیری هەولێر و بەشداری سابر حوسێن، بەرێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، هیمداد لەشکری، بەرێوەبەری تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر و دکتۆر رائید یاوەری شاند، بە بانگهێشتی ئەند جی نۆڤاکۆفیسکی پارێزگاری شاری پۆلسک، سەردانی ئەو شارەیان کرد.

شاندەکە لە ماوەی سەردانەکەیدا، لەگەڵ پارێزگاری پۆلسک دیدارێکی تایبەتی سازدا و سەردانی ژمارەیەک لە شوێنەوارە مێژوویی و ئاینییەکان، شوێنە وەرزشییەکان، گەلەرییە هونەرییەکان و ناوەندە کەلتوورییەکانی شارەکەی کرد.

لە دیدارەکەدا، پارێزگاری پۆلسک بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە شاندی هەولێر کرد و جەختی کردەوە کە بۆ یەکەمجار ناوی تیپی هونەرە میللییەکانی کوردستانی لە فیستیڤاڵەکەدا هێناوە. ئەو هەروەها باسێکی لە تایبەتمەندییە سروشتی و ئابوورییەکانی پۆلسک کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەو شارە بە بوونی سەرچاوەکانی کانزا و نەوت ناسراوە.

پارێزگاری پۆلسک هیوای خواست کە پەیوەندییەکانی نێوان پۆلسک و هەولێر لە داهاتوودا هەنگاوی زیاتر بنێن، بە تایبەتی لە بوارە هاوبەشەکاندا. ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە سەردانی پێشووی خۆیدا بۆ هەولێر، چەندین خاڵی هاوبەشی لەنێوان گەلی کورد و گەلی پۆلۆنی هەست پێکردووە، بۆیە ئەم دیدارەی بەلاوە مەبەست بووە .

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری پۆلسک ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی شارەکە لەگەڵ شارە گەورەکانی جیهان، لەوانە ئەمریکا و چین، کرد و جەختی کردەوە کە دەرگای پۆلسک بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کراوەیە. هەروەها خوازیاری بەردەوامبوونی هاوکارییەکان، بە تایبەتی لە بوارەکانی کەلتوور، وەرزش، هونەر و تەواوکردنی خوێندنی باڵا بوو.

پارێزگاری پۆلسک هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانە لە هەردوو بوارەکانی هونەر و وەرزشدا چاڵاکی و فیستیڤاڵی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن و دەیانەوێت دامەزراوە و تیپە هونەری و وەرزشییەکانی هەولێر لەم چاڵاکییەکاندا بەشداری بکەن.

لە کۆتاییدا، سیروان عوسمان، بەرێوەبەری گشتی هونەر و رۆشنبیری هەولێر وێرای ئاماژەدان بە مێژوویی دێرینی شاری هەولێرو پێگەی ئێستای وەک پایتەخت، هاوکات لەگەڵ پارێزگاری پۆلسک، لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە کەلتووری و هونەرییەکان و بەهێزکردنی هاوکارییەکان، هەروەها بیرۆکەی «شارە خوشکەکان» لەنێوان هەولێر و پۆلسک، بیرو رایان ئاڵوگۆر کردو دووپاتیان لەسەر بەردەوامبوونی هەنگاوەکان بۆ بەدیهێنانی ئەم پەیوەندییە کردەوە.