رۆژنامەی ھەولێر

پەتای خوێنبەربوون چییە و چۆن خۆتی لێ دەپارێزیت؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان تۆماركردنی حاڵەتێكی توشبوون بە تای خوێنەچۆڕەی ڕاگەیاند.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستی كۆتایی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندحاڵەتێکی تووشبوو بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون لەشاری دهۆک تۆمارکرا، کە پیاوێکی گەنجی تەمەن 23 ساڵانە، دانشتووی گوندی بازێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆی بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو، دوای سەردانی نەخۆشخانە لەشاری دهۆک و گومانلێکردن بەنەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و پشتڕاستکردنەوە و چارەسەری پزیشکی بۆیان گیراوەتە بەر و، لەژێر چاودێریی پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و باری تەندروستی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داواش لە هاووڵاتیان دەكات و جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگادار بکەنەوە.
یان هاوڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ ئەگەر هەر نیشانەیەکی ناتەندروستیان بینی، خێرا سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
تا ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوانی ئەمساڵدا لەماوەی ڕابردوو، دەرەنجام سێ حاڵەتێکی پشتڕاستکراوە هەبووە جگە لە دوو حاڵەتی دیکەی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە بۆ چارەسەری هاتوونە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.
تای خوێنەچۆڕە چیە؟
نەخۆشیەكی ڤایرۆسیی هاوبەشی مەترسیدارە بە هۆی مێرووی گەنەوە دەگوازرێتەوە بۆ (مرۆڤ و ئاژەڵ وەك مانگا و مەڕ و بزن و سەگ). ئەم ڤایرۆسە لە خانەخوێی وەك گەنە، مێشولە، شەمشەمە كوێرە، قرتێنەرەكان. ئەم نەخۆشیە لە عێراقدا هەیە و ساڵانە چەندین حاڵەتی لێ‌ تۆمار دەكرێت. ڕێژەی مردن بەم نەخۆشیە زۆر بەرزە و دەگاتە سەدا پەنجا. مەترسی ئەم نەخۆشیە لەوەدایە تا ئێستا هیچ ڤاكسینێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

نیشانەكان:
• تا
• شەكەتی و بێهێزی
• گێژخواردن.
• ئازاری ماسوولكە یان ئێسك یان جومگەكان
• هێڵنج و ڕشانەوە
• سكچوون
نیشانە مەترسیدارەكان: لەوانەیە نیشانەكان لە ماوەی 2 – 21 ڕۆژ دەربكەون بەپێی جۆری ڤایرۆسەكە.
• خوێنەچۆڕەی ژێر پێست یان ئۆرگانە ناوخۆییەكان یان لە چاو، دەم و گوێكان
• ناڕێكیی كاری كۆئەندامی دەمار
• لەهۆشخۆچوون
• وڕێنەكردن
• پەككەوتنی گورچیلەكان
• پەككەوتنی جگەر

هۆكاری تووش بوون بەم نەخۆشییە
* لە ڕێگەی بەریەككەوتن لەگەڵ ئەو ئاژەڵ و مێشوولانەی تووش بوو بەم ڤایرۆسە وەك مێشوولە، گەنە، قرتێنەرەكان و شەمشەمەكوێرە.
* هەندێك جۆر لە تای خوێنەچۆڕە دەگوازرێتەوە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر.
شێوازی گوێزرانەوە:
لە ڕێگەی پێوەدانی مێشوولە و گەنە بە مرۆڤەوە، یان لەڕێگەی بەریەككەوتن لەگەڵ شلە و دەردراوی كەسی تووش بوو وەك خوێن، لیك، تۆوی پیاو. هەندێك جاریش لە ڕێگەی بۆن كردنی پاشەڕۆ یان میزی مشكی تووش بوو.
* لەكاتی گەشت كردن بۆ ناوچەیەك كە ئەم نەخۆشیەی تێدا باوە، لەوانەیە تووشی تای خوێنەچۆڕە ببیت بەڵام لە كاتی گەڕانەوەت لە گەشتەكەت نیشانەكانت لێدەركەوێت.
فاكتەرەكانی مەترسی
• كار كردن لەگەڵ كەسانی تووش بوو.
• سەربڕین و خواردنی ئاژەڵی تووش بوو.
• بەكارهێنانی سرنجی كەسانی تر لە ڕێگەی بۆڕیەكانی خوێنەوە
• سەرجێییکردن بەبێ‌ بەكارهێنانی كۆندۆم.
• كاركردن لەو شوێنانەی كە قرتێنەری تێدا هەیە.
• بەركەوتنە بەر خوێنی یان شلەی كەسێكی تووش بوو.
ماكەكان:
• شۆك بەهۆی هەوكردنی خوێن
• پەككەوتنی چەند ئۆرگانێك
• گیانلەدەستدان.
خۆپاراستن لەم نەخۆشیە:
1- دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە نەخۆشیەكەی لێ بڵاو بووەتەوە.
2- بەكارهێنانی كەرەستەی خۆپارێزی وەك دەسكێش و، زرێی دەموچاو
3- كڕینی گۆشت لە شوێنی باوەڕپێكراو
4- كوڵاندنی گۆشت بۆ سەرووی پلەی 70ـی سەدی
5- دووركەوتنەوە لە كەسانی گومانلێكراو
6- دانانی تەلمێش بۆ دەرگا و پەنجەرەكانی ماڵەوە
7- فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕاو لە شوێنی تایبەت بە پاشماوەی ئاژەڵان
8- سەربڕینی ئاژەڵ لە سەربڕخانەكان
9- لەناو بردنی مێشوولە و قرتێنەرەكان