مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
سێ ملیۆن یۆرۆ، ناونیشانی ڕکەبەرییەکی نوێی نێوان ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنەن
ڕاپۆرتی مێدیا ئیسپانییەکان، باسی لە ململانێیەکی نوێی نێوان ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە دەکات لەسەر یەکێک لە گرێبەستەکانی لا لیگا.
وەرزی ڕابردوو، باس لەوە کرا، کە هەردوو یانەی جەمسەرەکانی ئیسپانیا (بەرشلۆنە و ریاڵ مەدرید) بایەخ بە یەکێک لە ئەستێرە نمرە دووەکان دەدەن لەگەڵ یانەی ڤیا ریاڵ و چەند یانەیەکی دیکەی گەورەیش.
کارەکە وابەستەیە بە یاریزان لاو سێرجیۆمارتینیز، کە هەر لە تەمەنی ١٩ ساڵانییەوە سەرەتایەکی ناوازەی هەیە و لەگەڵ یانەکەیدا (ڕایسینگ سانتەندار)، ئاستێکی باشی هەیە و لە یەکەم یارییشدا لە خولی ئیسپانیا ٢-٢ گۆڵ یەکسان بوون، ڕۆڵی لەو ئەنجامەدا هەبوو، لەو یارییەی رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بەڕێوە چوو.
ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی باسی لەوە کردووە، کە دەرکەوتنی مارتینێز و تۆمارکردنی گۆڵێک، وای کرد جارێکی تر یانە گەورەکان بایەخ و گرنگیی پێ بدەن و جووڵە بکەن بۆ دەستخستنی، هاوشێوەی وەرزی ڕابردوو.
ئەو یاریزانە بچووکترین یاریزانی لا لیگایە لە سەدی بیست و یەکدا، کە لە شاری لاریدۆ لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا لە دایک بووە، لەگەڵ یانەی ڕایسینگ سانتاندێردا بەرانبەر ڤیا ڕیاڵ بە شێوەی سەرەکی یاریی کرد و ئەوە یەکەمین دەرکەوتنی بوو لە خولی پلەیەکی ئیسپانیادا، گۆڵێکی جوانیشی بە لێدانێکی بەهێز لە گۆشەیەکی بەرزەوە لە گۆڵی گۆڵپارێز لویز جۆنیۆر تۆمار کرد.
خێرایی لێدانەکەی بە پێی زانیارییەکانی دەستەی خولی ئیسپانیا، گەیشتە ١٢٦. ٧ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئەم سەرەتایە، دوای ساڵێک دێت لە بەشدارییەکانی لەگەڵ تیپی یەکەمی یانەی ڕایسینگ، کە لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا بەرانبەر یانەی کاستیۆن چەند خولەکێک یاریی کرد.
ئێستە مارتینێز تەمەنی ١٩ ساڵ و ٩٣ ڕۆژە، بووەتە بچووکترین یاریزان کە گۆڵ بۆ ڕایسینگ تۆمار بکا لە یەکەم دەرکەوتنی لە خولی ئیسپانی لە نێو ئەو یاریزانانەی لە سەدەی بیست و یەک لە دایک بوون.
ئێستە چاوەڕوانی ململانێیەکی نوێی نێوان ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە لەسەر سێ ملیۆن یۆرۆ دەکرێت، بەو پێیەی پێش ئەوەی ئەو یاریزانە لە خولی ئیسپانیا بە ئاستێکی باش دەربکەوێ، ریاڵ مەدرید، بەرشلۆنە و ڤیا ڕیاڵ هەوڵیان دا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بیبەنە ریزەکانیانەوە.
بەڵام ئەو یاریزانە مانەوەی لە ڕایسینگی پێ باشتر بوو، سەرەڕای ئەوەی بە ناچاری دەبوو پابەندی ئەوە بێ لە تیپی دووەمی یانەکە یاری بکا، هەروەها ڕەتی کردەوە بچێتە یانەی مێڕاندێسی خولی پلەدووی ئیسپانیا.
هێشتا هەر سێ ئەو یانانە، چاودێری توانا و پێشکەوتنەکانی ئەو یاریزانە دەکەن، کە لە نۆڤێمبەری ڕابردوو نوێی کردەوە و تا ٣٠ی یۆنیۆی ٢٠٢٩ـیە.
یانەی ڕایسینگ سانتاندێر دەرک بەوە دەکا کە مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی مارتینیز، کە سێ ملیۆن یۆرۆیە، ڕەنگە ببێتە جێی مشتومڕی نێوان ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە، کە کامیان دەتوانن سەرنج و دڵی ئەو یاریزانە بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. بە تایبەت کە ئەو یاریزانە چاوەڕوانی داهاتوویەکی باش و گەشی لێ دەکرێت.
مارتینیز کە بەم دواییە لە تیپی لاوانی یانەکەوە بۆ تیپی یەکەم سەرکەوتووە، لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەکات و بە پێی ڕاستە، هەرچەندە هێشتاش ژمارەی سەروەختی تیپی دووەمی بەستووە، بەڵام بۆ تیپی یەکەم سەرکەوتووە.
بەرشلۆنە تەنیا بە ڕۆدرییەوە ناوەستێ و پلانی دوورمەودای بۆ گاڤی هەیە
یانەی بەرشلۆنە، ئامادەی کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێیە، ئەویش نوێکردنەوەی گرێبەستی گاڤییە، لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا.
سەرەڕای ئەوەی ئەو یاریزانە ئیسپانییەی هێڵی ناوەڕاست، لەگەڵ یانەکە تا چوار وەرزی دیکەیە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە لە هەنگاوێکدا بۆ مسۆگەرکردنی داهاتووی پڕۆژەی بەرشلۆنە و داهاتووی ئەو یاریزانەش، گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە، هاوکاتی دەستخستنی ڕۆدری لە یانەی مانچستەر سیتییەوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەنووسی ئیتاڵی فابریزیۆ رۆمانۆ بڵاوی کردووەتەوە، یانەی بەرشلۆنە پلان دادەنێت کە دەست بە دانوستان بکات لەگەڵ نوێنەرانی گاڤیدا بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و ڕێ لە مانچستەر یونایتد بگرێ، کە لەسەر داواکاریی راهێنەرەکەی مایکل کاریک، گرنگی بەو یاریزانە دەدات و دەیەوێ بیباتە ریزەکانیەوە.
ئەو جووڵەیەی بەرشلۆنە بۆ گاڤی، لە کاتێکدایە گرێبەستی ئێستای تا ساڵی ٢٠٢٣ـە. لە کاتێکدا جێی ڕەزامەندییەکی زۆری کارگێڕیی وەرزشیی بەرشلۆنەیە بە سەرپەرشتیی دیکۆ و دەستەی هونەری بە سەرپەرشتی هانز فلیک، بەو پێیەی ئاستێکی بەرزی هەیە و پێیان وایە کە یەکێکە لە ڕەهەند و پایە سەرەکییەکانی پڕۆژەی داهاتووی بەرشلۆنە.
دەریش ناکەوێت کە گاڤی بیەوێ شوێنی یاریکردنی بگۆڕێ، بەڵکوو لە نێو یانەی بەرشلۆنە هەست بە ئاسوودەییەکی گەورە دەکات و یانەکە بە ماڵی خۆی دەزانێ بەو پێیەی لە ئەکادیمیای یانەکەوە پێ بە پێ گەیشتووەتە تیپی یەکەم، هەروەها پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ راهێنەر فلیکدا هەیە، کە لە رووی هونەری و کەسایەتییشەوە ڕۆڵی لە پێشختنی گاڤیدا هەبووە.
گاڤی لە نێو پلانی فلیکدایە، کە لە پلانی وەرزی نوێشدا بە بەهێزی جێگەی گرتووە، ڕەنگە لە داهاتووشدا بگاتە ئاستێکی بەرزتر و جێی گرنگیی زیاتری بەرشلۆنە و ببێتە کاپتنی ئەو تیپە گەورەیە.
گرنگیدانی یانەی مانچستەر یونایتد بەو یاریزانە، لە کاتێکدایە یانەکە دەستی بە جووڵە کردووە بۆ پتەوکردنی هێڵی ناوەڕاستی، هاوکات گرێبەستی یاریزان ئەندریە سانتۆس و یۆری تیلیمانز ١٠٠ ملیۆن یۆرۆی لەسەر کەوتووە، ئێستە سەرنجی ورد و پێشینەکاری بۆ واژۆکردنی گرێبەستە لەگەڵ بەرگریکارێکی چەپ.
سەرەڕای ئەوەیش، وا دەرناکەوێ بەرشلۆنە ئامادە بێ هەلێکی ڕاستەقینە بە مانچستەر یونایتد بدا لە دۆسیەی رۆیشتنی ئەو یاریزانەی، بەڵکوو یانە کاتەلۆنییەکە پلان دادەنێ بۆ مسۆگەرکردنی داهاتووی ئەو یاریزانە و یاریکردنی بۆ بەرشلۆنە بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر، ئەوەیش ڕەنگدانەوەی بەهای ئەو یاریزانەیە لە نێو پڕۆژەی داهاتووی بەرشلۆنە.
بەم جۆرەیش دەردەکەوێ، هاتنی رۆدری بۆ بەرشلۆنە نابێتە بارگرانی و تووشبوونی گاڤی بە زەحمەتی و نەبوونی پێگە لە بەرشلۆنە، بەڵکوو ئەو هەنگاوەی کارگێڕیی بەرشلۆنە بۆ ئەو یاریزانە لاوە، مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی دوورە پێشوەختە و داخستنی دەرگەی یانەکەیە بە رووی مان یونایتددا.
ریاڵ مەدرید وەڵامی دەنگۆکانی دایەوە و پیتارچی بۆ ڕیزی تیپی یەکەم سەر خست
یانەی ڕیال مەدرید، یەکێک لە یاریزانەکانی بۆ ڕیزی تیپی یەکەمی سەرخست، دوای ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئێستادا، دەنگۆی ئەوە هەبوو یاریزانەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەڕوات.
ڕۆدرا، رۆژنامەنووسی ناسراوی تۆڕی ئێسپن، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێسک بڵاوی کردەوە: تیاگۆ پیتارچ، دووشەممەی ڕابردوو گرێبەستێکی نوێی وەکوو یاریزانی تیپی یەکەمی یانەی ریاڵ مەدرید واژۆ کرد.
ریاڵ مەدرید، ئەو یاریزانەی بە درێسی ژمارە ٢٧ بردە ڕیزی تیپی یەکەم و ئەوەی لە پێگەی فەرمیی خۆی بڵاو کردەوە
پێشتر ڕۆژنامەی مارکا بڵاوی کردبووەوە، کە ریاڵ مەدرید پشت بە تیاگۆ پیتارچ دەبەستێت، کە هەلی گەورەتری وەرگرتووە بە تایبەت وەرزی ڕابردوو لە ژێر سەرپەرشتیی ئەربیلووا، تەنانەت لە هەندێ لە قۆناغەکانی وەرزەکەدا وەکوو یاریزانی سەرەکی بەشداریی دەکرد.
ڕوونیشی کردەوە، کە بڕیاری سەرخستنی بۆ تیپی یەکەم، وا دەکات کە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانی ناوەڕاستی بەرگریکار، نیمچەمەحاڵ بێت، دوای ئەوەی هەوڵ درا ڕۆدری ببەنە ریزەکانیانەوە و بەرشلۆنە لەو پێشبڕکێیەدا سەرکەوت و ڕۆدری کرد بە نوێترین گرێبەستی ماوەی گواستنەوەی هاوینەیان. ئێستە مۆرینهۆ پشت بە یاریزانی ئەکادیمیای یانەکەی دەبەستێت بۆ ڕکەبەریکردنی زیاتر و هەوڵدان بۆ گرتنی جێگە و پێگەی خۆی لە ناوەڕاستی یاریگە.
ڕیال مەدرید، لە ڕاستیدا ڕەتی کردەوە ئەو یاریزانە بە خواستن بدات، وەک ئەوەی لەسەر پاڵاسیۆس و گۆنزالۆ ڕووی دا، هەروەها ئەربیلوا ویستی بچێتە یانەی فوولهام، بەڵام یانەی شایانە ئەمجارە ڕازی نەبوو بە ڕۆیشتنی ئەو یاریزانە.

