رۆژنامەی ھەولێر

هەڵوێستی ئاشتیخوازانە و وەڵامی دوژمنكارانە

‎هاودەنگ فارووق
بە درێژایی قۆناغی شەڕی ئەمریكا – ئێران، ئەو ئاڵۆزییەی وڵاتانی ناوچەكەی گرتووەتەوە، هەرێمی کوردستان پێداگر بووە لەسەر پاراستنی سیاسەتی بێلایەنی و خۆدوورخستنەوە لە هەر جۆرە دەستوەردان و هەڵوێستێک، کە ببێتە هۆی گرژیی زیاتر و دروستبوونی دۆخی نائارام لە کوردستان و ناوچەکەدا.
ئەو هەڵوێستەی سەركردایەتیی کوردستان لە هەموو لایەکەوە بەرز نرخێنراوە؛ کەچی ئەوەی مایەی سەرسامیی حکوومەت و حیزبەكان و گەلی کوردستانە، سەرباری ڕاگرتنی هاوسەنگی و بێلایەنیی هەولێر، هێرشە درۆنییەکان لەلایەن ئێران و میلیشیاکانیانەوە بۆ سەر خەڵكی کوردستان بەردەوامن و، هەڵوێستە ئیجابییەکانی کوردستان نەبوونەتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لە دەستدرێژیی دوژمنکارانە بپارێزرێت.
لە دوایین کردەوەی تیرۆریستانەو پێشهاتێكی مەترسیداردا ، لە ئێرانەوە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، بارەگای سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی کوردستان.
ئەو دامەزراوانە سیادین و پەیوەندییان بە هەموو خەڵکی کوردستان، تەنانەت عێراقیشەوە هەیە.
بۆیە ئەوەی ڕوویداوە، هەڵکشانێکی ئاشکرا و بێپاساوی گرژییەکانە؛ جگە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و هەناردەکردنی کێشەکانی ئەو دیوی سنوور بۆ کوردستان و ناوچەكە، هیچ پاساوێكی دیكەی نییە.
ڕاستییەکەی مایەی سەرسووڕمانە بۆ ئێمە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەو ئەقڵیەتەوە مامەڵە لە گەڵ دراوسێكانی دەكات، لەبری ئەوەی بازنەی دۆستایەتیی فراوان بکات و ڕێز بگرێت لەو هەڵوێستەی هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەوە، لە دەستدرێژییەکانیدا بەردەوامە، هەر بەوەی هێرشی کردووەتە سەر دوو دامەزراوەی سیادی لە کوردستان، سەروەریی هەموو عێراقی پێشێل کردووە.
حکوومەتی عێراق، پێویستە لە بەرانبەر ئەم دەستدرێژی و هێرشە تیرۆریستییە هەڵوێستی ڕوون و جددی هەبێت و بە ئەركی دەستووریی خۆی هەڵسێت.