عەبدولغەفار عەبدوڵا
بەڵگەفیلمی “موجیلە؛ ئاوازێکی تەعریبکراو”، کە بەرهەمی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی بەشی فیلمسازییە و هەوار فارس کاری دەرهێنانی بۆی کردووە، لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە کەرکووک نمایشکرا.
هەوار فارس، دەرهێنەری ئەو بەڵگەفیلمە گوتی: وێنەگرتنی بەڵگەفیلمەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2026، لە شاری کفری ئەنجامدراوە و ژمارەیەک لە پسپۆڕان و هونەرمەندان لە بەرهەمهێنانی ئەو کارەدا بەشداربوون. ئەو بەڵگەفیلمە لەچوارچێوەی چالاکییەکانی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی فیلمسازی بەرهەمهێنراوە، بڕیاریشە لە فێستیڤاڵی ساڵانەی کۆلێژ ئەو بەرهەمەم نمایش بکەم و لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕەوە هەڵسەنگادنی بۆ بکرێت.
هەوار فارس باس لە چیرۆکی بەڵگەفیلمەکە دەکات و دەڵێت: ئەم بەڵگەفیلمە گرنگییەکی تایبەتی بە مێژووی مەقامی “موجیلە” دەدات؛ مەقامێک کە لە ئەنجامی توێژینەوەکاندا دەردەکەوێت داهێنانی ماقامبێژی کورد “موجی والی” بووە لە شاری کفری لە سەدەی نۆزدەهەمدا. بەڵام لە دواتردا، لە مێژووی مۆسیقای عێراقیدا ناسنامەی ئەو مەقامە بە شێوەیەکی سیستماتیک گۆڕدراوە و بە ناوی “مەدمی” وەک بەشێک لە مەقامە عەرەبییەکان ناسێنراوە.
بەڵگەفیلمی “موجیلە؛ ئاوازێکی تەعریبکراو”، هەوار فارس کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. دڵشاد مستەفا وەک سەرپەرشتیاری پڕۆژە ئەرکی لە ئەستۆ گرتووە. هۆزان شێرزادیش وەک یاریدەدەری دەرهێنەر و بەڕێوەبەری وێنەگرتن بەشداری کردووە. نەژاد نەجم وەک بەڕێوەبەری بەرهەم، دلۆڤان مەجید لە بواری مۆنتاژ و مکیاژ، هێڤار عومەر وەک دەنگهەڵگر، بەرهەم یاسین لە دیکۆر، عەلی ئاراس لە فلای کام و تۆلاز بۆکان لە دیزاینی رووناکیدا، بەشداریان کردووە.

