ماكوان عيززهت-هەولێر
ساڵانە لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئابدا، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) کەمپینێکی جیهانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵگە دەست پێدەکات؛ بە ئامانجی دەرخستنی سوودە بێئەژمارەکانی شیرپێدانی سروشتی بۆ دایک و کۆرپە. شیری دایک نەک هەر سەرچاوەیەکی سەرەکیی خۆراکە، بەڵکو بەهێزترین قەڵغانی سروشتییە کە دژەتەنی پێویست بۆ پاراستنی منداڵ لە نەخۆشييەکان دابین دەکات.
پزیشکان وشیاری دەدەن کە پشتگوێخستنی شیرپێدانی سروشتی، لێکەوتەی مەترسیداری وەک بەدخۆراکی، دابەزینی ئاستی بەرگریی جەستە و تووشبوون بە نەخۆشخانە درێژخایەنەکانی بەدوادا دێت.
سوودەکانی شیری دایک بۆ کۆرپە؛ پێکهاتەیەکی زیندوی بێهاوتا
شیری دایک گونجاوترین و ئاسانترین پێکهاتەی خۆراکییە کە بە شێوەیەکی بەردەوام ئامادەیە. بەرچاوترین سوودەکانی بریتین لە:
• دابینکردنی خۆراکی گشتگیر: هەموو ئەو ڕەگەزە خۆراکییانەی تێدایە کە بۆ گەشەی تەواوی کۆرپە پێویستن و ئاسانیش هەرس دەبێت.
• بەهێزکردنی بەرگری و گەشەی مێشک: پشتگیری لە سیستەمی بەرگری، گەشەی جەستەیی و پەرەسەندنی ئەقڵیی ساوا دەکات.
• پاراستن لە نەخۆشی: ئەو منداڵانەی شیری سروشتی دەخۆن، بە بەراورد بەوانی تر زۆر کەمتر تووشی سکچوون و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە دەبن.
• ڕاگرتنی پلەی گەرمی: بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی پێستی دایک و منداڵەکە، ڕێگری لە دابەزینی پلەی گەرمیی لەشی ساوا دەکات.
• پەیوەندیی سۆزداری: بەهێزکردنی بەستەری سۆزداریی ئاڵوگۆڕکراو لە نێوان دایک و کۆرپەکەدا.
سوودەکانی شیردان بۆ تەندروستیی دایک
پرۆسەی شیردان تەنیا بۆ کۆرپە بەسوود نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پارێزگاری لە تەندروستیی دایکیش دەکات:
•کەمکردنەوەی خوێنەچۆڕە: مەترسیی خوێنەچۆڕەی دوای زایین کەم دەکاتەوە و دایک لە کەمخوێنی دەپارێزێت.
• دواخستنی دووگیانی: هاوکاریکردنی جەستە لە دواخستنی سروشتیی دووگیانبوونی دوابەدوای یەکتر.
• گەڕانەوەی کێشی سروشتی: دایک لە قەڵەویی زیادە دەپارێزێت و یارمەتی گەڕانەوەی جەستە دەدات بۆ شێوەی پێش دووگیانی.
• کەمکردنەوەی مەترسیی شێرپەنجە: بە شێوەیەکی بەرچاو دایک لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک و هێلکەدان دەپارێزێت.
ڕێنمایی بۆ دایکان؛ چۆن کوالێتیی شیرەکەیان بپارێزن؟
کوالێتیی شیری دایک بەستراوەتەوە بە شێوازی ژیانیەوە:
• سیستەمی خۆراکی: پێویستە دایک گرنگی بە خواردنی سەوزەوات، میوە و ماسیی دەوڵەمەند بە “ئۆمیگا ٣” بدات، و بە تەواوی لە خواردنەوە گازییەکان و شۆربا دەستکردەکان دوور بکەوێتەوە.
• دۆخی ئاسوودەی شیردان: گرنگە دایک باری دانیشتنی ئاسوودە بێت تا لە ئازاری پشتبەستن و گرژبوونی ماسولکە بەدوور بێت، هاوکات ڕێگری لە برینداربوونی گۆی مەمک بکات بەهۆی ئاراستەی هەڵەی دەمی کۆرپەکەوە.
گۆڕانی زیرەکانەی پێکهاتەی شیر بەپێی گەشەی کۆرپە
پێکهاتەی شیری دایک جێگیر نییە، بەڵکو لەگەڵ تەمەنی کۆرپەکەدا خۆی دەگونجێنێت. لە ڕۆژانی سەرەتای لەدایکبووندا، جەستەی دایک شیرێک بە ناوی “کۆلۆسترۆم” (ژەک) بەرهەم دەهێنێت کە زۆر دەوڵەمەندە بە دژەتەن و ئاو. دوای نزیکەی هەفتەیەک، شیرەکە خەستر دەبێتەوە و ڕێژەی چەوری و پێکهاتە خۆراکییەکانی بەپێی پێویستیی تێربوونی کۆرپەکە زیاد دەکات.
پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن، نیشانەی سەرەکی بۆ دڵنیا بوونەوە لەوەی کۆرپەکە تێر شیر دەخوات، گەشەی کێشی و ڕێژەی میز و پیسایی کردنی ڕۆژانەیەتی.

