بەپێی زانیارییەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە ژێر سەرپەرشتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، وەبەرهێنانی کشتوکاڵی زۆر گەشەی کردووە؛ بە جۆرێک رێژەی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا لە ٢%ەوە بۆ نزیکەی ١٢ %ـی کۆی پشکی سەرمایەی گشتی بەرزبووەتەوە.
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە ژێر ناونیشانی “وەرچەرخانی پێکهاتەیی بەرەو هەمەجۆریی ئابووریی بەردەوام” لە ماوەی ڕابردوودا راپۆرتێکی بڵاوی کردەوە، کە تێیدا سەرنج دەخاتە سەر پەرەسەندنی کەرتی کشتوکاڵی وەک پایەیەکی سەرەکیی گەشەکردنی ئابووری لە هەرێمەکەدا.
ئەم هەنگاوە ستراتیژییە، جیا لە بەهێزکردنی کەرتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، رێگا خۆش دەکات بۆ بەرفراوانکردنی پڕۆژە نێودەوڵەتییەکانی هەناردەکردن و بەدەستهێنانی دەستکەوتی نوێ و گەورە لە بەرهەمی کشتوکاڵی لۆکاڵیدا لەسەر ئاستی ناوچەکەدا.
سەبارەت بە گەشەی کەرتی پیشەسازی و بازرگانیی کشتوکاڵی باسی لەوە کردبوو، لە چوارچێوەی گەشە و پاراستنی ئاسایشی خۆراکدا ١٣،٩٤٣ کۆمپانیا، ١٣٤١ کارگەی جۆراوجۆری پیشەسازی و ٣٠،٠٠٠ خانووی پلاستیکی بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی لە وەرزە جیاوازەکاندا و ٣١٩ کۆگای ساردکەرەوە بۆ پاراستنی بەرهەمەکان دروست کراون.
تێکڕای ئەم گەشەسەندنە وایان کردووە بەروبوومی جووتیاران و بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکانی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بنێردرێت، کە قەبارەکەی بە سەدان هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت، هەروەها بۆ یەکەمینجار بە دەیان هەزار تۆن بەروبوومی جووتیارانی کوردستان، هەناردەی بازاڕەکانی کەنداو و جیهان کرا.
بۆ پاراستنی گەنم و بەرهەمی ناوخۆیی، پڕۆژەی دروستکردنی ٤ سایلۆی نوێ، کە هەریەکەیان توانای کۆگاکردنی ٤٠،٠٠٠ تۆن گەنمیان یان هەیە و تێکڕا دەکاتە ١٦٠ هەزار تۆن گەنم و بە گوژمەی 90 ملیار دینار جێبەجێ کراون، سایلۆی قوشتەپە لە هەولێر بە گوژمەی ٢١ ملیار، سایلۆی کەلار لە سلێمانی بە گوژمەی ٢١ ملیار، سایلۆی ڕۆڤیا لە دهۆک بە گوژمەی ٢٠ ملیار و سایلۆی هەڵەبجە بە بەهای ٢٨ ملیار دینار دروست کراون.
ئەو ١١ سایلۆیەی لە هەرێمی کوردستان هەن، توانای وەرگرتنی ٤٨٥ هەزار تۆن گەنمیان هەیە، بە دروسکردنی ئەو سێ سایلۆیە ١٤٠ هەزار تۆن گەنمی دیکە وەردەگیرێن. جگە لەمانە، لە ساحە و بەنکەرەکانیش توانای هەڵگرتنی بڕێکی زۆری گەنم هەیە کە بە کۆی گشتی، هەمووان دەتوانن ٩٨٠ هەزار تۆن گەنم وەربگرن.
کردنەوەی کۆگەی گەورەی ساردکەرەوە تایبەت بە بەرھەمی پەتاتە یەکێکە لە پڕۆژەی ستراتیژی کە ئامانج لێی پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی و بەدەستھێنانی بازاڕی نوێیە لەسەر ئاستی عێراق.
پارێزگای دھۆک ئێستا لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە سەبارەت بە کۆگاکانی ساردکەرەوە، لەو کۆگانەشدا زیاتر پەتاتە ھەڵدەگیرێت کە تەنیا لە سنووری پارێزگای دھۆک ١٢٠ کۆگای ساردکەرەوە ھەن، ئەمساڵ ٣٧ ھەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە داچێنراوە، بەرھەمەکەیان ٣٧٠ ھەزار تۆنە، ساردکەرەوەکان دەبنە ھۆکاری سەرەکی کە ئەو پەتاتەیە ھەڵبگیرێت و ھەر چوار وەرزی ساڵ سوود لە پەتاتەی خۆماڵی وەربگیرێت و بخرێتە بازاڕەوە.
لە پلانی حکومەتدایە چەند سایلۆیەکی دیکە لە دهۆک، زاخۆ، کفری، کۆیە و هەریر دروست بکات و بەمەش ئاسایشی خۆراک و پاراستنی بەرهەمی دانەوێڵە، دەچێتە قۆناغێکی نوێ و سەقامگیرترەوە.
یەکێک لە پەیڕەو و پڕۆگرامی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی دانە بە کەرتی چاندن و بەرھەمی جووتیاران، ھەروەھا کردنەوەی دەرگای بە بازاڕکردنە بۆ بەرھەمی ناوخۆ، بەتایبەتی بەرھەمی پەتاتە، کە خواستێکی زۆر لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە پڕ دەکاتەوە.
ئەو بەرھەمانەی لە ماوەی کابینەی نۆدا لەڕێی وەزارەتی کشتوکاڵەوە ڕەوانەی دەرەوە کراون، بریتین لە ھەنار، ترێ، سێو و ھەنجیر، ھەروەھا برنجی کوردی و تەحین و سماق، ھەنگوین و پەتاتە، ئەوانەش دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەند وڵاتێک دابەش دەکرێن، جیا لەوانە بۆ ئەمساڵ کار بۆ ڕەوانەکردنی بەرھەمەکانی تریش دەکرێت.

