بەپێی زانیارییەکان بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێێ چەند پرسێکی گرنگ سەردانی بەغداد بکات و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ی عیراقیش دەست پێ بکات کە هەموو بابەتەکان پەیوەندیدارن بە بابەتی شایستە و مافی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەک، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا شاندێکی وەزارەت بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بەنزین و ئەو پێشنیاز و داواکارییانەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشکەشی حکوومەتی فیدراڵی کردووە، سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئامانجی سەردانی شاندەکەیان بۆ بەغدا تەنیا بۆ پرسی بەنزین نییە، بەڵکو لەسەر پرسی بەرهەمهێنانی نەوت، شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە کەرتی نەوتەوە گفتوگۆ دەکرێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕەشنووسی یاسای بودجەی 2027ـی عێراق.
دەشڵێت؛ داوامان لە بەغدا کردووە ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە بڕەکەی زیاد بکرێت، جا ئەو زیادکردنە چ بە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان بێت یاخود عێراق خۆی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی نەوت وەڵامی ئەو داواکارییەی نەداوەتەوە و بیانووەکەشیان ئەوەیە کە ئەمە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و دەبێت سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدات.”
هەر دوێنێش، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، یاداشتێکی فەرمییان بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادە کرد، هەروەها واژۆی زیاتر لە 130 پەرلەمانتاریان بۆ کۆکردووەتەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەی واژۆکان بگاتە 160 بۆ 170 واژۆ، بەمەش زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنێت.
یاداشتەکەیان پاڵپشتە بە بڕگەکانی 14، 111 و 121ی دەستووری عێراق، جەخت لە یەکسانیی سەرجەم پارێزگاکان دەکەنەوە لە دابەشکردنی سامانەکاندا. لە یاداشتەکەدا دوو بژاردە خراوەتە بەردەم بەغدا، یان پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکان بەپێی رێژەی دانیشتووان (14%) دابین بکرێت دەکاتە 140 هەزار بەرمیل لەبری ئەو 50 هەزار بەرمیلەی ئێستا تەنیا 6%ی پشکەکانە، یانیش حکوومەتی فیدراڵی راستەوخۆ بەنزینی ئامادەکراو بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

