ڕائیب جادر – هەولێر
حکوومەتی ھەرێم، توانی بە ھەنگاو و بەڵێنەکانی لەبارەی پاڵپشتیکردنی جووتیاران و بەرھەمی ناوخۆیی و کەرتی کشتوکاڵ بەجێ بگەیەنێت، جووتیارانی لە خەمی بێ بازاڕی و ساغ نەبوونەوەی بەرھەمەکانیان ڕزگار کرد، ھەروەھا ھاوکاری و کردنەوەی بازاڕ و پێدانی بنەتۆ و دەرمانی قڕکەر بە جووتیاران و دابینکردنی ئامێری کشتوکاڵی و ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە و چەندین ھاوکاری تر و کردنەوەی پڕۆژەی کشتوکاڵ، ھەر ئەوەش وای کرد ئەمساڵ بەرھەمی کشتوکاڵی زۆر زیاد بکات و ھەر چوار وەرزی ساڵ بەرھەمی ناوخۆ ھەبێت.
ھەرێمی کوردستان نەخشەڕێگای پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ ھەنگاوێکی گەورە ئامادە دەکات، کردنەوەی کۆگەی گەورەی ساردکەرەوە تایبەت بە بەرھەمی پەتاتە یەکێکە لە پڕۆژەی ستراتیژی کە ئامانج لێی پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی و بەدەستھێنانی بازاڕی نوێیە لەسەر ئاستی عێراق.
پارێزگای دھۆک ئێستا لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە سەبارەت بە کۆگاکانی ساردکەرەوە، لەو کۆگانەشدا زیاتر پەتاتە ھەڵدەگیرێت کە تەنیا لە سنووری پارێزگای دھۆک ١٢٠ کۆگای ساردکەرەوە ھەن، ئەمساڵ ٣٧ ھەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە داچێنراوە، بەرھەمەکەیان ٣٧٠ ھەزار تۆنە، ساردکەرەوەکان دەبنە ھۆکاری سەرەکی کە ئەو پەتاتەیە ھەڵبگیرێت و ھەر چوار وەرزی ساڵ سوود لە پەتاتەی خۆماڵی وەربگیرێت و بخرێتە بازاڕەوە.
جووتیارانیش باسی گرنگی ئەو ساردکەرەوانە دەکەن و دەڵێن، ئەو کۆگانە گرنگی خۆیان ھەیە و ھاندانێک دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە بەرھەمی خۆماڵی بدەن، ساڵانی ڕابردوو کە ساردکەرەوە نەبوون، ھەموو بەرھەمی ئێمە خراپ دەبوو، بەڵام ئێستا یەک کیلۆش خراپ نابێت و ھەموو لەو ساردکەرەوانە ھەڵدەگیرێت، ئەوەش وا دەکات بازاڕەکانی کوردستان ھەر چوار وەرزی ساڵ بە بەرھەمی ناوخۆ دابپۆشرێن.
بەرھەمی پەتاتە کڕیاری زۆرە و ڕۆژانە بە سەدان تۆن بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق ڕەوانە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی بە دەیان تۆن بۆ دەرەوەی وڵات ڕەوانە کراوە.
یەک لە پەیڕەو و پڕۆگرامی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی دانە بە کەرتی چاندن و بەرھەمی جووتیاران، ھەروەھا کردنەوەی دەرگای بە بازاڕکردنە بۆ بەرھەمی ناوخۆ، بەتایبەتی بەرھەمی پەتاتە، کە خواستێکی زۆر لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە پڕ دەکاتەوە.
ئەو بەرھەمانەی لە ماوەی کابینەی نۆدا لەڕێی وەزارەتی کشتوکاڵەوە ڕەوانەی دەرەوە کراون، بریتین لە ھەنار، ترێ، سێو و ھەنجیر، ھەروەھا برنجی کوردی و تەحین و سماق، ھەنگوین و پەتاتە، ئەوانەش دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەند وڵاتێک دابەش دەکرێن، جیا لەوانە بۆ ئەمساڵ کار بۆ ڕەوانەکردنی بەرھەمەکانی تریش دەکرێت.
شارەزایانی بواری کشتوکاڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، بەھۆی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێم بە کەرتی کشتوکاڵ لەمساڵدا بەرھەمی ناوخۆ زۆر زیادی کردووە و بەردەوامیش لەزیادبووندان ھۆکارەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە کە حکوومەت گرنگی بە کەرتەکە داوە و جووتیارانیش خۆیان ھاندەر بوون.
سیداد مەحموود، شارەزای بواری کشتوکاڵ، بۆ ڕۆژنامەی” ھەولێر” دەڵێت: ئەو بەرھەمانەی ئەمسال زۆر زیادی کردوون تەماتە، خەیار، شووتی، پەتاتە، ترێ، ھەرمێ، سەوزە و چەند بەرھەمێکی دیکەن، چونکە ئەمساڵ ئەو پلانەی دانرابوو لە قەدەغەکردنی بەرھەمی دەرەکی و دانانی باج وای کرد گرنگی زیاتر بە بەرھەمی ناوخۆ بدرێت.
ئەو شارەزایەی بواری کشتوکاڵ، گوتیشی: بەھۆی گرنگیدانی حکوومەت بەو کەرتە لەڕێگەی خانووی پلاستیکی و خانووی شووشەیی بەرھەمی ناوخۆیی بۆ چوار وەرز ھەمانە، لەبەر ئەوەی یەکێک لەسیاسەتەکانی حکوومەتی ھەرێم ئەوە بوو گرنگی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، لێرەوە دەمەوێت سوپاسی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بکەم، بەرامبەر بەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵ لە ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران و ڕاپەڕینی کردوونەتەوە، ئەمە نیشانەی گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمە بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ بواری کشتوکاڵ لەو ناوچانە، بەتایبەت کە سنووری ئەو ئیدارە سەربەخۆیانە ناوچەی کشتوکاڵی زۆر بەپیتن.

