رۆژنامەی ھەولێر

کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە گەلی عەلی بەگ کارا کران

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پاراستنی گیانی شۆفێران و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ، کۆمەڵێک ڕێکاری نوێی ڕێکخستنەوە و چاودێری لە ڕێگەی گەلی عەلی بەگ جێبەجێ کرد، کە دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ گرنگترینیانە.

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێناو کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ، چەندین ڕێکاری ئەندازیاریی و چاودێری لە ڕێگەی گەلی عەلی بەگ گرتووەتەبەر، ڕێکارەکان بریتین لە فراوانکردنی ڕێگەی ناو پێچەکان، جیاکردنەوەی ئاراستەکانی چوون و ھاتن، گۆڕینی گاردێلە تێکچووەکانی ڕێگەکە.
ھاوکات وەک بەشێک لە ڕێکارەکان، خێرایی ڕێگەکە لە ٨٠ کیلۆمەترەوە بۆ ٧٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا کەمکراوەتەوە، ھێما کۆنەکان گۆڕدراون و ھێمای نوێی ئاگادارکردنەوە دانراون. یەکێک لە ھەنگاوە سەرەکییەکانیش دانانی کامێرای چاودێری خێرایی خاڵ بۆ خاڵ کە چاودێری وردی خێرایی ئۆتۆمبێلەکان دەکات.
ھاووڵاتییان و ڕێبوارانی ئەو ڕێگەیە پێشوازی لەم ھەنگاوە دەکەن و دەستخۆشی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، بۆ ئەوەی مەترسی لە ڕێگەوبانەکانی ھاتووچۆ کەمببێتەوە، لەناو گەلی عەلی بەگ زۆر پێویست بوو کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دابنرێت، چونکە زۆر ڕووداوی ھاتووچۆ لەو گەلییە تۆمار کراون.
ئەم ڕێکارانەی وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ ڕێکخستنەوەی رێگەوبانەکان و بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ کەمکردنەوەی قوربانییانی ڕووداوەکانی ھاتووچۆ.