سەدیق سەعید ڕواندزی
ئایا ئەوەی لە مێژووی دێرینی كورد و ئەدەبی سەرزارەكی لە شێوەی گێڕانەوەی زارەكی و میللی هەبووە، هەقایەتە، یان حیكایەت؟ واتا جیاوازكەوتنەوەی شێوەی نووسینی هەردوو وشەكەیە. بێگومان لە باری واتاییدا، هەردوو وشەكە هەمان واتایان هەیە، كە مەبەست تێكستێكە، ڕووداوێك، سەرگوزشتەیەك، بەسەر هاتێك دەگێڕێتەوە، بەڵام گەر لە ڕووی ڕیشەی مێژوویی وشەكانەوە بڕوانینە شێوەی نووسینیان، ئەوا لە ڕاستیدا وشەكە (هەقایەتە) نەك (حیكایەت) چونكە حیكایەت وشەیەكی عەرەبییە، وێرای ئەمەش سەرچاوەی ئەو چیرۆكە میللی و فۆلكۆلۆریانە زارەكی و مێژوویین! گەر سەرنج لە باب و باپیران و داپیرانی خۆمان بدەین، هەرگیز نەیان دەگوت (حیكایەتێكت بۆ بگێڕمەوە) بەڵكو بە ئێستاشەوە دەڵێن هەقایەتێكت بۆ بگێڕمەوە؟ واتا ب پیتی (ق). مەبەستی ئێمە ئەوەیە كە ئایا لە نێوان هەقایەت و حیكایەت كامیان گونجاوتر و مێژووییترە؟ بە بڕوای ئێمە هەقایەت، چونكە ڕیشە مێژوویی و بنەڕەتییەكەی وشەكە، لە نێو ئەدەبی زارەكی ئێمەدا هەر بە هەقایەت هاتووە نەك حیكایەت، كە وشەیەكی هاوچەرخانەترە، كە ئەمەش لەگەڵ مێژووی كۆنی ئەو ژانڕە میللی و فۆلكلۆرییە یەكناگرێتەوە، وێرای ئەوەی كە هەقایەتیش جیایە لە چیرۆكی هونەریی و دوو ژانڕی سەربەخۆن. هەقایەت پتر ڕووداوی ئەفسانەیی و پاڵەوانسازی و هەندێك جار خورافی و سەرووی واقیعیش لەخۆ دەگرێت، وەك هەقایەتی دێو و درنج و ئەژدیهای هەفتسەر و گەلێكی دیكەش، پێچەوانەی چیرۆك، كە تێماكانی نوێتر و هەڵقوڵاوی واقیعی كۆمەڵایەتی و ڕووداوەكانی ژیانی مرۆڤە. بۆیە هەقایەت، وشەیەكە ڕەهەندێكی مێژوویی و دێرین و فۆلكلۆری هەیە و دروستترە لە وشەی حیكایەت، كە هاوچەرخانەترە، بۆیە باشتر وایە لە بری حیكایەت، هەقایەت بنووسرێت.

