كامەران حاجی ئەلیاس
شانۆ هەر لەسەرەتای لەدایك بوونی لەلایەن گریگەكانەوە هەمیشە ناوەندێكی مەعریفی و زانستی بووە لە هەمان كات دا فاكتەرێك بووە بۆ هۆشیاركردنەوە جەماوەر بە جۆرێك وەكو شۆرشێك بووە دژی ستەمكاران لەم روانگەوە شانۆ هەردەم خۆی لەبەرەی گەلدا بینیوە بە دوای خۆش گوزارانی و چێژ بەخشین بە جەماوەر بووە..
سەرهەڵدانی شانۆ لە كوردستان چەندین هەوراز و نشێوی بەخۆییەوە بینیوە لەسەر بەرواری سەرهەڵدانی شانۆ یان یەكەمین نمایشی شانۆ لە كوردستان چەندین رای جیاواز هەبوو بەڵام نووسەر و ڕەخنەگری شانۆ (موحسین محەمەد)، بەبەڵگە ئەوەی پشت راستكردۆتەوە كەوا شانۆگەری (سەڵاحەددینی ئەیوبی)لە نووسینی (نەجیب حەداد) لە ساڵی 1921 لە شاری هەولێر لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا نمایش كراوە. هەر بە بۆنەی تێپەر بوونی (100) ساڵەی لە دایك بوونی شانۆ لەشاری هەولێر،لە 8ی 12ی 2021 ئەم یادە بەرز راگیرا چەندین چالاكی ئەنجامدارن یەكێك لەچالاكییەكانیش بریتی بوو لە نمایش كردنی شانۆگەری (سەڵاحەددینی ئەیوبی )،لە ئامادەكردنی موحسین محەمەد و دەرهێنانی هونەرمەند یونس عوسمان .
شاری سلێمانی مەڵبەندی هونەر و ئەدەب لەسەردەستی (ئیبراهیم بابان)، لە 14ی تشرینی دووەم ساڵی 1784 دامەزراوە هەمیشە لە خزمەت كردن پێشەنگ بووە یەكێك لەو بوارانە هونەری شانۆ بووە یەكەمین نمایشی شانۆ لەو شارە بە پێی سەرچاوەكان بە دیاركراوە لە ژمارە(26) رۆژنامەی( ژیان) ئاماژە بەوە دەكات كە یەكەمین نمایشی شانۆیی لە 27ی تەمووزی 1926 بە ناوی (نەتیجەی سەفاهەت و سەعی) نمایش كراوە.
بەمەبەستی بەرز راگرتنی یەكەمین نمایش لە شاری سلێمانی و رێزگرتن لەو هونەرمەندانەی كە زیاتر لە نیو سەدەیە خزمەت بە هونەری شانۆ دەكەن..لەشاری هەولێر، دەزگای كەلتووری یاد و گۆڤاری یەكەم چرا، لە یادی (١٠٠) ساڵەی پەیدابوونی هونەری شانۆ لەشاری سلێمانی لەسەنتەری ڕۆشنبیری كۆمەڵایەتی زانكۆی سەڵاحەددین،مەراسیمێكی تایبەتیان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومی و حزبی وژمارەیەك لە هونەرمەندان و هونەردۆستان ساز كرد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بە وەستان خولەكێك بە گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد،ئەنجا لەلایەن هونەرمەندان (مستەفا ئەحمەد، عەلی ئەحمەد، گەزیزە عومەر عەلی ئەمین و ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر) مۆمی (100) ساڵەی پەیدابوونی شانۆ لە شاری سلێمانی داگیرسا،وتاری گۆڤاری یەكەم چرا و دەزگاری كەلتووری یاد لەلایەن هونەرمەند (روویار ئەحمەد) خوێندرایەوە،وتاری پارێزگاری هەولێر لەلایەن ئومێد خۆشناو پێشكەش كرا جەختی لە ڕۆڵی هونەری شانۆ لە نێو كۆمەڵگا كردەوە ..هەر لە ڕێوڕەسمەكەدا فیلمێكی دۆكیۆكێنتاری لەسەر (100) ساڵەی شانۆ لە سلێمانی پێشكەش كرا، پەیڤی (100) ساڵەی شانۆی سلێمانی لەلایەن هونەرمەند (ئەحمەد سالار) پێشكەش كرا بەهۆی ئەوەی باری تەندروستی باش نەبوو لەرێگەی ڤیدیۆیەوە پەیڤەكەی پێشكەشكرا،هەروەها هونەرمەندان (ڕێبین جەمال و سامان قادر) چەندین گۆرانی ڕەسەنی كوردیان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.
هەر بەم بۆنەیەوە رێز لە چەندین هونەرمەندی ئەوشارە نرا كە زیاتر لە (نیوسەدە)، خزمەتیان بە هونەری شانۆ كردوە هونەرمەندەكانیش بریتی بوون لە : هونەرمەند تەها بابان، هونەرمەند نەوزاد مەجید، هونەرمەند كاوە ئەحمەد میرزا، هونەرمەند عومەر كەریم ئاغا، هونەرمەند عومەر دڵپاك، هونەرمەند بەدیعە دارتاش، هونەرمەند حیكمەت هیندی، هونەرمەند ئەحمەد سالار، هونەرمەند مستەفا ئەحمەد، هونەرمەند جەلیل زەنگەنە، هونەرمەند عەبدولی حەمەجان، هونەرمەند حەمەڕەشید هەرەس، هونەرمەند عەتیەخان (دایكی ئاریان)، هونەرمەند بەهادین نووری، هونەرمەند عەلی كەریم، هونەرمەند ئەختەر كەریم، هونەرمەند محەمەد سەعید مستەفا، هونەرمەند كامەران ڕەئوف، هونەرمەند شەماڵی عەبەڕەش، هونەرمەند یاسین قارد بەرزنجی، هونەرمەند كەمال ڕەئوف هەنجیرە، هونەرمەند غفور عەبدوڵڵا، هونەرمەند گەزیزە عومەر عەلی ئەمین.
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا ژمارە (6) گۆڤاری یەكەم چرا كە تایبەت بوو بە شانۆ لە شاری سلێمانی پێشكەش بە ئامادەبووان كرا.

