رۆژنامەی ھەولێر

لە دیوانی پارێزگای هەولێر، لیژنەی باڵای ئەمنی هەولێر لەبارەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ کۆبووەوە

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 10.8.2026 کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2025_2026 لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر، لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، ئامادەبوونی مامۆستا لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، عەبدولرەزاق تەلعەت، بەڕێوەبەری تاقیکردنەوەکان، عەمید خەسرۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، ناز جەلال، بەڕێوەبەری EGCC، هه‌روه‌ها بەڕێوەبەرانی کۆنترۆڵ و گەیاندنی کارەبا، بەڕێوەبەری تەکنیکی کارەبا، سەرۆکی ئەنجومەنی موەلیدەکان، نوێنەرانی ئاسایشی هەولێر، پۆلیسی هه‌ولێر و زێرەڤانی بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر، ستایشی کار و ئەرکەکانی په‌روه‌رده‌و لیژنەی ئەمنی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد و جەختی لەسەر گرنگی بەکارهێنانی ئەزموونەکانی ساڵانی پێشوو بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان کردەوه‌، هەروەها تاكیدی لەسەر دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان بۆ قوتابییان کرده‌وه‌، بە تایبەتی کارەبا و ئامێرەکانی فێنککردنەوە، لەگەڵ دانانی پلانێکی ئەمنیی گونجاو بۆ پاراستنی ئارامی و سەلامەتی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان.
هاوكات سەبارەت بە پلان و ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکانی وەزاری خولی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە، ( زانستی، وێژەیی و پیشەیی)، بۆ ئه‌مساڵی خوێندن لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان، رێنمایه‌كانی خسته‌ روو .

دواتر بوار درا بە لێژنەکانی تاقیکردنەوەکان تاوەکو سەرنجەکانی خۆیان لەبارەی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانەوە بخەنە ڕوو. لەم چوارچێوەیەدا، گرفت و ئاستەنگەکانی پەیوەست بە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستیه‌كه‌كان تاوتوێ کران و ڕێکارە گونجاوەکان بۆ چارەسەرکردنیان دیاریکرا.
له‌و كۆبوونه‌وه‌ دووپات کرایه‌وه‌، کە پێویستە لە سنووری پارێزگای هەولێر، پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی قوتابیان بە باشترین شێوە و بەبێ هیچ کەموکوڕییەک بەڕێوە بچێت.