کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق دەداتەوە و نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتن و بڕیارە یاساییەکان دەربڕی.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کە درەنگانی شەوی ڕابردوو بڵاو کراوەتەوە هاتووە: بە داخێکی زۆرەوە ئاگاداری ئەو ڕاگەیەندراوە بووین کە لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقەوە دەرچووە، کە وردەکاریی ئەو ڕێکارانەی لەخۆگرتووە کە دەستەکە نیازی هەیە لە دژی کۆمپانیاکەمان و بەشداربووانمان بیانگرێتەبەر. ئەم ڕاگەیەندراوە مایەی سەرسوڕمانمان نەبوو، چونکە ماوەماوە ڕاهاتووین لەسەر گرتنەبەری ڕێکاری نادادپەروەرانەی یەک بە دوای یەک لەلایەن دەستەکەوە، کە بە هاندانی ئەو ڕەوتە سیاسییەی ڕێبەری کارگێڕی دەستەکە دەکات، ئەنجام دەدرێن.
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ڕوونی کردووەتەوە: خۆشحاڵ بووین بە ڕاگرتنی ئەو ڕێکارانە تەنانەت بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت، دوای ئەوەی لیژنەیەکی دادپەروەر بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە (251244) لە 27/5/2025 پێکهێنرا، کە گەیشتە کۆمەڵێک ڕاسپاردە، و لەلایەن ڕێزدار سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق پەسەند کران. لەسەر بنەمای ئەو ڕاسپاردانە، ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە دەستەکەدا بڕیاری خۆی لە 22/9/2025 دەرکرد، کە بریتی بوو لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی لیژنەی دیوانی و واژۆکردنی گرێبەستێکی سازان لە نێوان ئێمە و دەستەکەدا، بە مەرجێک هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی کارکردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل بە تەکنەلۆژیای نەوەی چوارەم (G4)هاوشێوەی دوو کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکەی دەستەکە.
کۆڕەک تیلیکۆم ئاماژەی بەوە کردووە: گرێبەستی چارەسەرکردنەکە لە 23/9/2025 واژوو کرا، کە مەرجی جێبەجێبوونی ئەوە بوو ئاگادارمان بکەنەوە لە پێدانی مۆڵەتەکە. بەڵام ئەوانەی ئەم دەستکەوتەیان بە دڵ نەبوو، بەربەستێکی کارگێڕییان وەک بیانوو هێنایەوە کە ڕێگری کرد لە تەواوکردنی ڕێکارەکانی واژۆکردنی گرێبەستی مۆڵەتەکە. بەمەش بەشێوەیەکی یاسایی جێبەجێکردنی گرێبەستی چارەسەرکردنەکە دواکەوت. لەو بەروارەوە تا 2/6/2026، نووسراوەکان لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق ئاڵوگۆڕ دەکران بۆ لابردنی ئەو کۆسپە، بەڵام سووربوونی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان و ڕەتکردنەوەی جێبەجێکردنی چارەسەرە پێشنیارکراوەکان ڕێگری لێکرد، تاکو کۆتایی هات بە دەرکردنی بڕیارەکەیان لە 2/6/2026 کە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چارەسەرکردنەکەی لەخۆدەگرت، تاکو بتوانن پلانی کۆتاییهێنان بە تاکە کۆمپانیا نیشتمانییەکەی نێوان کۆمپانیاکانی پەیوەندی جێبەجێ بکات.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەستەکە لە ماوەی تانەدان لە بڕیارەکەیاندا نەوەستا لە دووبارەکردنەوەی لێدوانەکانی لە ڕێگەی سەکۆ میدیاییەکانیەوە و ڕاگەیاندنی پلانەکانی دژی کۆمپانیاکەمان، تاوەکو ئەمڕۆش دیسان بە ڕاگەیەندراوەکەی کە خرایە بەردەم ڕای گشتی، تووشی سەررسووڕمانیان کردین.
کۆڕەک تیلیکۆم ڕایدەگەیەنێت: دەمانەوێت ڕوونی بکەينەوە کە سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان هیچ دەسەڵاتێکی هەڵوەشاندنەوەی سازانەکەی نییە، چونکە ئەو سازانە لەلایەن دەسەڵاتە باڵاکانەوە پەسەند کراوە، نەک لەخۆوە و بەتەنیا بە بڕیاری دەستەکە بوبێت. ئەو ڕەفتار و نالەبارییانەی کە دژ بە کۆمپانیاکەمان دەگیرێتەبەر، دەمانخاتە ژێر پرسیارەوە کە ئایا دەستەکە ئەوەی لە بەرچاو گرتووە کە ئەم ڕێکارە نادادپەروەرانە و ناپیشەیییانە، کاریگەری لەسەر ناوبانگی عێراق دەبێت لەبەردەم وەبەرهێنەری بیانییدا؟
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکەمان بڕیاری چەسپاوی دادگای هەیە بۆ وەرگرتنی سەدان ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو لەسەر دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، بەڵام ئێمە لەبەر ڕێز و پێزانینمان بۆ ئەو دەسەڵات و لایەنانەی هەوڵی دادپەروەرییان بۆ داوین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەمان، جێبەجێکردنی وەرگرتنی قەرەبووەکەمان دواخستووە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی کۆڕەک تیلیکۆمدا هاتووە: ئێمە چاومان لە دەستوەردانی جەنگاوەری دژی گەندەڵی، بەڕێز سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی هەیە بۆ دادپەروەریبوون لەگەڵ کۆمپانیاکەمان بەرامبەر ئەو زوڵمەی لێی کراوە و لێی دەکرێت. بە پشتبەستن بە دانایی و بوێریی سەرکردایەتیی ژیرانەی وڵات و پێش هەموو شتێکیش دادپەروەریی دادگاکانمان، پەیمان بە بەشداربووانمان دەدەین کە لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەین بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان و سەرخستنی دادپەروەری.


