رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەک روونکردنەوە دەدات

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بە توندی سەرکۆنەی بێڕێزیکردن بە پێکهاتەی ئێزدییەکانی کرد و جەختی لەسەر پاراستنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و تەبایی نێوان ئایینەکان کردەوە.

نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەت ئەمڕۆ دووشەممە (10ی ئابی 2026) ڕایگەیاند کە هەر جۆرە سووکایەتییەک بە هەر پێکهاتەیەک، کردارێکی دوورە لە بەها ئایینی و مرۆییەکان.

ئەم کاردانەوەیەی وەزارەتی ئەوقاف دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی هات کە تێیدا کەسێک بێ ڕێزی بەرامبەر بە ئێزدییەکان دەکات. هەرچەندە وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو کەسە لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەڵام جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی وشەی نالۆژیکی و توندوتیژ بەرامبەر بە پیرۆزییەکانی پێکهاتەکان بە هەموو شێوەیەک ڕەت کراوەیە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە فەرهەنگی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان ڕەگ و بنەچەیەکی مێژوویی هەیە و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و هەموو ئایینەکانی تر ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە پەرەپێدانی گیانی برایەتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. وەزارەت دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ چەسپاندنی خۆشەویستی و یەکترقبووڵکردنی هەمەلایەنە تاوەکو ئارامیی کۆمەڵایەتی پارێزراو بێت