شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “ئالان جەمال” جیاواز لە کار و بەرهەمەکانی پێشووتری، ئەمجارەیان گۆرانیی بۆ تاڵە مووە سپیەکانی دەڵێت و پێی وایە پیری سەرەڕێی لێ گرتووە و لە ئاخاوتنێکی “هەولێر”یشدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە بەرهەمە نوێیەکەی بەشێکە لە بیرەوەرییەکانی خۆی لە نێو گۆرانییەکدا.
ئالان جەمال لە ئاخاوتنەکەی “هەولێر”دا دەڵێت: ئەو بەرهەمە نوێیەم، خۆم ئاواز و تێکستەکەم بۆ داناوە و دابەشکردنی میوزیکەکەی، پێشەوا عومەر کردوویەتی و ئیبراهیم وەسفی دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکەی کردووە؛ هەوڵمان داوە بە شێوازێکی هەستیار و ئارام بابەتێکی مرۆیی بخرێتە ناو گۆرانییەکە و لەو بەرهەمەشدا هەوڵم داوە لە رێگەی دەق و ئاوازەوە ئەو قۆناغەی ژیان نیشان بدەم، کە مرۆڤ زیاتر لە هەر کاتێکی تر بەهای کات، خێزان، خۆشەویستی و بیرەوەرییەکانی دەزانێت.”
ئەو هونەرمەندە باس لە پەیامی گۆرانییەکە دەکات و دەڵێت، “ئەم گۆرانییە تەنیا باس لە تەمەنی پیری ناکات، بەڵکو پەیامێکە بۆ ئەوەی پێش تێپەڕینی کات، نرخی ئەو کەسانە بزانین کە لە ژیانماندا هەن و چێژ لە هەر ساتێکی وەربگرین. هیوادارم هەر کەسێک گوێی لەو گۆرانییە دەبێت، بەشێک لە بیرەوەرییەکانی خۆی لە ناو ئەم گۆرانییەدا ببینێتەوە.”
ژینامە: هونەرمەند ئالان جەمال لە شاری هەولێر لەدایک بووە و ئێستا لە هەندەران نیشتەجێیە و خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە و بە میلۆدی و ئاوازە شیرینە کوردییەکانی جێگەی خۆی لە دڵی ئاشقانی گۆرانیی کردووەتەوە.

