فازڵ میرانی
لە ڕستەی یەکەمەوە دەست پێدەکەم: “حوکمڕانی زمانە”، واتە ئەوەی شارەزای زمانێک نەبێت، ناکرێت فێری کەسی تری بکات، مەگەر ئەوەی بە هەڵە فێری بکات. ئەوە ئەوان دەیانەوێت نایکات، بەڵکە وایان لێ دەکات چاوەڕوانی ئەوەبن کە ئەو دەیەوێت، پێشبینییەکانی ڕەنگە دروست بن ڕەنگە هەڵە بن. حوکمڕانی وەک زمان وایە و دوو زمانی هەیە: ئاخاوتن و کردار. هەرکەسێک زۆر بەباشی شارەزای هەردووکیان نەبێت، کەسێکی لاواز و قۆستراوەیە، لە زۆر بارودۆخیشدا خۆی ئەوانی تر دەقۆزێتەوە و ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بەڕەڵایی و پەیڕەوکردنی بەڕەڵایی.
ترسێک لە لای من دروست بووە کە زیاتر نزیک بووەتەوە لە دڵنیایی تا ئەوەی تەنیا گومانێک بێت و بڕەوێتەوە؛ ئێمە لەبەردەم بارودۆخێکداین بە دەست و عەقڵی ناوخۆیی دروستکراوە و دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی زۆر خراپ و گەورە. ئەمەش لەگەڵ بوونی جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان سێ ئەدا و ڕەفتاری ناوخۆیی، لەگەڵ دوو ئەدای هەرێمی و نێودەوڵەتی.
سێ ئەدا ناوخۆییەکە بریتیین لە: کوردستان، نوێنەرایەتیی سیاسیی بڕیاری سوننەی عەرەب و نوێنەرایەتیی سیاسیی بڕیاری شیعه، لەگەڵ ئەو حیزبە نوێ و پاشکۆیانەی بەم سێیەوه بەستراونەتەوە. سەبارەت بە دوو ئەداکەی دیکەش، لەگەڵ ئەو لێک نزیکبوونەوە، دژبەری و لێک تێگەیشتنانەی دەوریانی داوە، بریتیین لە ئەدای نێودەوڵەتی و ئەدای هەرێمیی دراوسێی وڵات و دوورتریش لە ناوچەکەدا.
کوردستان لەگەڵ ئەوەی لەناو قەوارەی عێراقدایە، بەڵام هەمیشە مەیلی بەرەو دیالۆگ هەیە و بەشێکیشی سەردەکەوێت—ئەگەرچیش بە هێواشی بێت—نەک لەبەر بوونی کەموكووڕیی لە لای ئێمە، بەڵکە لەبەر ئەوەی بە کەسانی دیکەوە بەستراوەتەوە کە ئاڕاستەکانیان پڕ لە جەنجاڵییە، هەروەها لەبەر بوونی جیاوازیی لە نێوانیاندا لە ململانێی نێوان چوارچێوە دەستووری و یاساییەکان لە لایەک و لە کێبڕکێی عەقیدە و بەرژەوەندییەکان لە لایەکی تر.
یەک لە دیارترین نیشانە و ئەنجامەکانی بەڕەڵایی لە ئەدا و ڕەفتاردا—کە نەک تەنیا ڕاپۆرتە سیاسییە هەڵسەنگێنەرە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکە زۆربەی ڕاپۆرتە هەرێمییەکان و تەنانەت ئاماژە فەرمییەکانی ناوخۆش جەختی لەسەر دەکەنەوە و بوونی دۆسیەیەکی قورس دەسەلمێنن—بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت. کۆنترۆڵکردنی چەکیش هیچی تر نییە جگە لە بەڵگەیەک لەسەر بوونی زیاتر لە بڕیارێکی ناوخۆیی دژبەیەک.
لەگەڵ دۆسیەی چەکدا، دۆسیەی دارایی ئاڵۆز هەن کە پەیوەندیدارن بە دابینکردنی دارایی، گواستنەوەی پارە و پەیوەندییە ڕێکخراوەییەکانەوە.
ئێمە سەبارەت بە بابەتگەلێکی لەم شێوەیە نانووسین مەگەر لەبەر هەستکردنی دڵنیامان بەوەی کۆگای ئارامیی لای ئەو هێزە دیار و کاریگەرانەی گۆڕانکارییەکەیان دروستکرد و سەرپەرشتیی پڕۆسەی دوای 2003یان کرد، ئیتر کۆگایەکی گەورە نەماوە. ئەگەر ئەوان بجوڵێن بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ، ئەوا وشە و ڕیکلامە گەورەکراوەکانی ناوخۆ وەرناگێڕدرێن بۆ واقیعێک لە چەکی کارا و توانا.
بە ڕوونتر: ڕەنگە ڕەفتار و کردەوەکانی بیست ساڵی ڕابردوو ببنە بارێکی قورس بەسەر شانی ئەوانەی بەڵێنی گۆڕانکاریی باشتر دەدەن، وشەی (باشتر)یش هەمیشە بە مانای ساغیی و تەندروستیی تەواوەتی نایەت، چونکە لە هەڵسەنگاندنێکی ژمارەییدا، ژمارە 1/1 بە باشتر دەبینرێت لە 1 !
سەیر نییە؛ کە مەزاجییەت زاڵ بێت بەسەر بڕیاردا، مەخابن وا دیارە ئەمە سیفەتێکی کۆمەڵایەتیی زاڵە و خودای گەورە بە (هەوا و هەوەس) وەسفی دەکات. ئەم هەوەسە بووە هۆی نەمانی عەقڵی مودریک و ویژدانی ساغ، ئەمەش ئەوەیە کە زۆربەی ئەوانەی بە ئەنقەست هەڵە دەکەن، حەز دەکەن فەرامۆشی بکەن.
زۆرینەی گەلانی عێراق بە زۆر خزێنرانە ناو دانانی باجی بڕیارگەلێک کە جگە لە زیاتربوونی زیانەکان : خوێن، هەژاری، نەزانی، گۆشەگیری و بێڕێزی، شتێکی تری بەدوای خۆی نەهێنا.
حوکمڕانی ڕێک لە زانستی زمان دەچێت؛ بە پیت، گۆکردن، واتا، سەرف و نەحو، نووسین. کاتێک کۆمەڵەیەکی هەڵبژێردراو پەیماننامە دەستوورییەکەیان دەنووسنەوە، ئەوا بە حوکمی یاسا بە مەبەست و ئاگادارییەوە نووسیویانە. جگە لەوەش، لەژێر هەر پاساوێکدا بێت، لە هەڵگرتنی ئەنجامی کردەوەکانیان لێیان خۆش نابێت؛ چونکە نەزانین بە یاسا لە سزات نایبەخشێت، دەی چۆن دەبێت ئەگەر کردەوەکە بە ئەنقەست بووبێت نەک لە نەزانینەوە؟

