رۆژنامەی ھەولێر

مەحموود محەممەد: کار بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ و چالاککردنەوەی پەرلەمان دەکەین

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی و چالاککردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان بەردەوامە و جەختیشی کردەوە کە دەبێت کۆبوونەوە سیاسییەکان ئەنجامی کردەیی و بەرژەوەندیی گشتییان لێ بکەوێتەوە.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پارتەکەیان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە و بەردەوامە لە کارکردن بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی لەسەر ڕێگەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و چالاککردنەوەی پەرلەمانی کوردستان هەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجیان جێبەجێکردنی ئەو متمانەیەیە کە خەڵکی کوردستان بە لایەنە سیاسییەکان و پارتییان بەخشیوە.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی پارتی لە بەغدا، گوتەبێژی پارتی ئاشکرای کرد کە پێداچوونەوە بە میکانیزمی کارەکانیاندا دەکەن تاوەکو لەگەڵ واقیعی نوێی سیاسی بگونجێت. گوتیشی: “بڕیارمان داوە ناوەندێکی سەرکردایەتی لە بەغدا دروست بکەین کە خاوەن دەسەڵاتی زیاتر بێت لە ڕووی سیاسی، کارگێڕی و حزبییەوە، تاوەکو بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ دۆسیە نیشتمانییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکات.”

مەحموود محەممەد جەختی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکانی داهاتوو لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەبێت جیاواز بن لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو و گوتی: “نابێت کۆبوونەوە تەنها لە پێناو کۆبوونەوەدا بێت، بەڵکو دەبێت هەنگاوی کردەیی و ئەنجامی ململانێی لێ شین بێتەوە کە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا بێت.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی پارتی باسی لە دۆخی کەرکووک کرد و وەک شارێکی کوردستانی و مەڵبەندی پێکەوەژیانی نەتەوەکان ناوزەدی کرد. هەروەها تیشکی خستە سەر دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و ڕایگەیاند کە سەردانی هەموو ئەو لایەنانەیان کردووە کە ئامادەی گفتوگۆ بوون بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو.

لە کۆتاییدا هیوای خواست کە ئەمساڵ ببێتە ساڵی هەواڵە خۆشەکان و تێپەڕاندنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە لە بەردەم پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا دروست بوون.