رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی عێراق بەڵێنی داوە تا کۆتایی ئەیلوول گرووپە میلیشیاکان چەک بکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کەمتر لە دوو مانگ ماوە کۆتایی بەو مۆڵەتە بێت کە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و کۆتاییهێنان بە گرووپە میلیشیاکان و گێڕانەوەی چەک بۆ دەستی دەوڵەت، دەستنیشان کراوە.
یەکێک لە گەورەترین ئەو کۆسب و تەگەرە و سەرئێشانەی کە بەربینگی عێراقی گرتووە و ئەو وڵاتەی تووشی دۆخێکی زۆر نالەبار و تاڵ کردووە هەبوونی دەیان گرووپی میلیشیاییە کە لە سامانی گشتیی وڵاتی دەخۆن بەڵام هیچ حسابێک بۆ حکوومەت و دەوڵەت و بەرژەوەندییەکانی عێراق ناکەن.

زۆربەی ئەو گرووپانە لە ژێر ناوی حەشدی شەعبین و ژمارەیەک لەو گرووپانە ڕازی بوون بەوەی چەکەکانیان دانێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە بەڵام بەشی زۆریان کە بە بەرەی مقاوەمە ناسراون و لە دەرەوە فەرمان وەردەگرن بە تەواوی دژی ئەوەن چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەت بکەن.
ئەوان سوورن لەسەر درێژەدان بە هەمان سیاسەتی ڕابردوویان. لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو ئەو گرووپانە لە عێراقەوە هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی نەوتی سعوودیە و زیانیان بەو وڵاتە گەیاند بەڵام ئەم هێرشانە بە وەڵامدانەوەی توندی ئەمریکا و سعوودیە بەرەوڕوو بوو و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا چەندین پارێزگا و دەیان ناوەند و مۆڵگەی سەربازیی ئەو گرووپانەیان کردە ئامانج کە بە هۆیەوە دەیان کەس کوژران و بەدەیانی دیکە بریندار بوون.
ئەو ڕووداوە بووە هۆکاری ئەوەی گەشتی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سعوودیە هەڵوەشێتەوە.هەر چەندە لە ناوخۆی عێراق بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هێرشی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر عێراقیان سەرکۆنە کرد و تەنانەت داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد هەڵوێستی توند بنوێنێت بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر لایەنیش هەبوون کردەوەی سەربازییەکانی گرووپە میلیشیاکان لە ناوخۆی عێراقیان سەر کۆنە کرد.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعی ڕایگەیاند میلیشیا لەیاسا دەرچووەکان نابێت پاساو بدەن بە وڵاتانی کەنداو تا خاکی عێراق بە ئامانج بگرن. ئەو داوا لە حکومەت کرد کۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنی بکات و سەروەریی خۆی بسەپێنێت، چونکە “عێراق پێویستی بە ئارامی هەیە و چیتر پێویست ناکات توانای خۆی لە شەڕدا بەهەدەر بدات”.
حکوومەتی عێراق تووشی دۆخێک بووە نازانێت چی بکات لە لایەک میلیشیاکان لە ناو حکوومەت و دامەزراوە حکومی و سەربازییەکاندا هەژموونیان هەیە و سەرۆک وەزیرانیش بە دەنگی ئەو لایەنانە بە دەسەڵات گەیشتووە، سەرۆک وەزیران لە لایەک لە ژێر کاریگەری و هەژموونی حەشدی شەعبیدایە و لە لایەکی دیکە کۆمەڵێک پلان و بەڵێنی داوە کە دەبێت جێبەجێیان بکات بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەتێکی بەهێز دروست بکات و سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی و ئەمریکا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
کاتێک زەیدی لە ئەمریکا بوو خۆی گوتی تا کۆتایی ئەیلوول کۆتایی بە گرووپە میلیشیاکان دەهێنێت، ئەو بۆ ڕازیکردنی ئەو لایەنانەی هاوسۆزی میلیشیاکانن باسی لەوەش کرد کە هەر لەو کاتەدا هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دەکشێنەوە.
رەنگە ئەمریکا و عێراق لە چوارچێوەی پلان و پڕۆژەیەکی نوێدا درێژە بە هاوکارییە سەربازی، سیاسی و ئابوورییەکانیان بدەن بەڵام دیار نییە گرووپە میلیشیاکان کە بەشی زۆریان دژی ئەوەن چەکەکانیان ڕادەست بکەن چییان بەسەر دێت.
هەرچییەک بێ ئێستا ئەو گرووپە میلیشیایانە لەمپەرێکی زۆر گەورەن لە بەردەم گەشەسەندنی عێراقی فیدراڵی، عێراق کە کەوتووەتە قەیرانی دارایی و کۆمەڵێک کێشەی پەیوەدنیدار بە ئاسایش و وزە و خزمەتگوزاری و دارایی بەربینگی وڵاتی گرتووە، زیاتر لە هەرکاتێکی دیکە عێراق پێویستی بە پەیوەندی نێودەوڵەتی و ئاسایش و کرانەوەی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە و بەدەست خۆیەتی دەست بۆ کام بژاردە دەبات.