رۆژنامەی ھەولێر

مەحموود عەزیز، سەرهەنگ موحسین و هەڵگورد مەلا محەمەد قسەی لەسەر ڕەوشی نێو یانەکە دەکەن

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاریدا بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری، ڕووبەڕووی یانەی تەڵەبەی بەغدا بووەوە و یارییەکەی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک لێ بردەوە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، یانەی هەولێر یارییەکی دۆستانەی لەگەڵ یانە تەڵەبە ئەنجام دا، لەو یارییەدا سەرەتا یانەی تەڵەبە گۆڵێکی تۆمار کرد، بەڵام یانەی هەولێر دوو گۆڵی تۆمار کرد و یارییەکەی بردەوە.
مەحموود عەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لە بارەی ئەگەری دەستخستنی ئاکام هاشمەوە، ڕایگەیاند: هەموو ئاسانکاری و ئۆفەرێک پێشکەشی ئاکام هاشم کراوە، گرفتەکە تەنیا لەسەر پێشەکییەکەیە، ناتوانم بڵێم داوای چەندی کردووە، بەڵام ئەو دەڵێ پێشەکییەکە وەربگرم دێم. ئەوە دوایین هەوڵ و کۆششی سەرۆکی یانەکە و دەستەی کارگێڕییە و ئەو داوای پێشەکی کردووە، زەحمەتە لەم کاتەدا پێشەکییەکەی بۆ ئامادە بکرێت.
لە بارەی یاریزان ئیبراهیم باییشەوە، ڕایگەیاند: سێ ڕۆژ مۆڵەتی وەرگرتووە و لە سعوودییەیە، تەنانەت داوای کردووە ژمارە ١٠ی بۆ دابنێین، لە یارییەکەی تەڵەبەیش ژمارە ١٠ـمان نەبوو، بە سەفین مەنسوور وت ژمارە ١٠ی پێشکەشی بکە و بە دڵێکی گەورەوە قبووڵی کرد.
مەحموود عەزیز وتیشی: سەرەڕای ئەو هەموو گرفتە، توانیومانە تیپەکە پێکەوە بنێین، بەڵام کێشەی ئێمە نەبوونی پارەیە بۆ پێشەکیی یاریزانان، دەبوو لە یەکی ٧ و هەندێکیان بدرێ، ئەوان وەستاون، ئێستە داوا دەکەن پێشەکییەکانیان بدەینێ، بۆیە داوا لە سەرۆکی حکوومەت دەکەم بێتە سەر خەت چونکە باری دارایی یانەی هەولێر وەک پێویست نییە و ئەگەر ئەو پێشەکییە نەدەین، زەحمەتە بتوانین بەردەوام بین.
لای خۆیەوە هەڵگورد مەلا محەمەد، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر رایگەیاند کە هێشتا پێویستیان بە یاریزانی دیکەیە، وتیشی: ئێمە چەند یارییەکی دیکەمان هەیە، چاویشمان لەوەیە هەوڵ بدەین یاریزانی زیاتر ببەینە ریزەکانمانەوە. بە تایبەت یاریزانی ناوخۆیی، ئێمە ئەمساڵ ئەرکێکی قورسمان لەسەرە، بەڵام هەوڵ دەدەین شارێکی جیاواز بین پشتیوان بە خودا.
لای خۆیەوە سەرهەنگ موحسین وتی: کەموکورتی هەیە، بەڵام پەنا بەخوا وەکوو ساڵی پار هەوڵ دەدەین زاڵ بین بەسەر بەربەستەکاندا، بەڵام دەمەوێ دەنگم بگاتە هاندەران و راگەیاندنکاران، ئەو شێوازەی یانەی هەولێر کاری لەسەر دەکا، شێوازێکی نوێ و جیهانییە و یاریزانان وردە وردە دەچنە نێو کەشوهەوای یانەکە، هەوڵیش دەدەین ئەنجامەکانمان باش بێت.
وتیشی: ساڵی پار سێیەم بووین، بۆیە ئەمساڵ ئەرکمان زۆر سەختە، لای کەم دەبێ پلەی سێیەم کەمتر نەبێت. هەروەها پاڵەوانیەتیی دەرەوەیشمان هەیە، بەڵێن دەدەین لە ئاستی پێویستیدا بین، بەڵێنەکانیش لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە کێمان لەگەڵە، یاریزانی باشمان هەیە.
وتیشی: ئەوەی بە دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بکرێ، دەیکا، پەنا لایەنی پەیوەندیدار زوو بە دەم داواکارییەکانی یانەی هەولێر و یانەکانی دیکەی کوردستانیشەوە بێن.