ئافرەتانی هەولێر بە گۆڵێکی شۆخان نوورەدین لە ئافرەتانی سۆرانیان بردەوە و بوونە پاڵەوانی جامی بچووککراوەی کۆماری تۆپی پێی ئافرەتانی عێراق.
دوای ئەوەی ئافرەتانی هەولێر بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرانبەر لە یانەی ئافرەتانی سۆرانی بردەوە، بوون پاڵەوانی جامی بچووککراوەی کۆماری تۆپی پێی ئافرەتانی عێراق.
لەو بارەیەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پەیامێکی پیرۆبایی ئاڕاستەی یانەکە کرد و دووپاتی کردەوە: ئەم دەستکەوتە گرنگە، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر لێهاتوویی، کۆڵنەدان، و ئاستی بەرزی کچانی یانەکەمان.
دەقی پیرۆزبایی ئومێد خۆشناو بۆ یانەی ئافرەتانی هەولیر.
بەڕێزان/ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، ڕاهێنەران، و یاریزانانی یانەی ئافرەتانی هەولێر
بەبۆنەی بەدەستهێنانی جامی پاڵەوانیەتی کۆماری عێراق بۆ تۆپی پێی شەش یاریزانی ئافرەتان 2026، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و هاندەرانی یانەكەتان و تەواوی وەرزش دۆستانی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەکەین.
ئەم دەستکەوتە گرنگە، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر لێهاتوویی، کۆڵنەدان، و ئاستی بەرزی کچانی یانەکەمان، ئێوە توانیتان جارێکی تر ناوی هەولێر لەسەر ئاستی عێراق بە بەرزی ڕابگرن و ببەنە جێگەی شانازی هەمووان، دەستخۆشی لە ماندووبوونی ڕاهێنەران و سەرۆك و دەستەی کارگێڕی یانەکە دەکەین کە پاڵپشتێکی بەهێزی ئەم سەرکەوتنە بوون.
وەک پارێزگای هەولێر، دووپاتی دەكەینەوە بەردەوامین لە پشتگیریکردنی وەرزشی ئافرەتان و پەرەپێدانی تواناکانی لاوان و گەنجانمان و هیوای سەرکوتنی هەمیشەیی و دەستکەوتی گەورەترتان بۆ دەخوازین.

