رۆژنامەی ھەولێر

ڕاگەیاندن؛ پارێزەری ناسنامە یان تێکدەری پەیوەندییە خێزانییەکان؟

فریشتە عوسمان

 

ئێمە لە قۆناغێکی گرنگی تەکنەلۆژیا و میدیادا دەژین؛ لەم چوارچێوەیەشدا ڕاگەیاندن بووەتە هێزێکی کاریگەر لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەتایبەت لە پێکهێنان و ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا. هاوسەنگیی نێوان ئازادیی ڕاگەیاندن و پاراستنی بناغەکانی خێزان، یەکێکە لە ئاڵۆزترین پرسەکانی سەردەمی مۆدێرنە. ڕاگەیاندن بە توانای بڵاوکردنەوەی بەرچاوی، خۆی وەک چاودێرێک دەخاتە ڕوو، بەڵام کاتێک سنوورەکانی بەرپرسیارێتی لەبەرچاو ناگرێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ تێکدانی ژیانی تایبەت و ناجێگیریی پەیوەندییە خێزانییەکان.

خاتوو “دڵخواز عەبدوڵا”، پارێزەر و ڕاوێژکاری یاسایی، لە ڕوانگەیەکی یاساییەوە بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەم بابەتە و بەم شێوەیە بۆ (هێلین میدیا) دەدوێت:
“خێزان نەک هەر ناوکی سەرەکیی پێکهێنەری کۆمەڵگەیە، بەڵکوو پیرۆزترین دامەزراوەی مرۆییە کە شایستەی پاراستن و ڕێزگرتنە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە تەکنەلۆژیا و میدیا هەموو کایەکانی ژیانیان تەنیوە. ئامانجمان لەم بابەتە، دەستنیشانکردنی ئەو تەحەدییانەیە کە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە ڕووبەڕووی شیرازەی خێزان دەبنەوە.”

تەوەری یەکەم: پاراستنی قەوارەی خێزان لە نێوان دەقە یاساییەکان و هەژموونی میدیای دیجیتاڵیدا
تێکەڵکردنی ڕاگەیاندن، یاسا و شوناسی خێزان، سێگۆشەیەک دروست دەکات کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەیە. زۆرجار ڕاگەیاندن بەبێ ئاگاداری لە یاسا، دەبێتە هۆی (تیرۆری کەسایەتی) ئەندامانی خێزان، کە ئەمەش نەک تەنها کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر ناکات، بەڵکوو زیاتر قووڵیان دەکاتەوە.
ئەگەرچی ئازادیی ڕاگەیاندن و دەستکەوتنی زانیاری مافێکی دەستووری و مرۆییە، بەڵام کاتێک ئەم ئازادییە سنوورەکانی “تایبەتمەندی” دەبەزێنێت و دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی خێزان، لێرەدا ئەرکی یاسا دەست پێ دەکات.

کێشە بنەڕەتییەکانی ئێستا:
١. بازرگانی کردن بە کێشەکان: گۆڕینی ئازاری خێزانەکان بۆ (ترێند) و (لایک) و کۆکردنەوەی کەرەستەی میدیایی.
٢. دەرچوون لە پسپۆڕی: پێشکەشکاران زۆرجار ڕۆڵی دادوەر، پۆلیس و توێژەری دەروونی دەبینن.
٣. پێشێلکردنی تایبەتمەندی: بڵاوکردنەوەی نهێنییەکانی ناو ماڵ کە یاسا پاراستوونی.
٤. قوربانیبوونی منداڵ: بەکارهێنانی منداڵ بۆ ڕاکێشانی سۆزی بینەر.

تەوەری دووەم: یاسا پەیوەندیدارەکان
یاسادانەر لە ڕێگەی چەندین یاساوە هەوڵی داوە هاوسەنگییەک لە نێوان مافی بڵاوکردنەوە و مافی پاراستنی خێزاندا دروست بکات:

١. یاسای ڕۆژنامەگەریی کوردستان (ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧):
ماددەی ٩ (بڕگەی ٤): قەدەغەی دەکات لەسەر ڕۆژنامەنووس کە دەستوەردان لە ژیانی تایبەتیی هاووڵاتییاندا بکات.
ماددەی ٩ (بڕگەی ٥): بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانە قەدەغە دەکات کە دەبنە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزان یان سوکایەتی بە پیرۆزییەکان.
ماددەی ٩ (بڕگەی ١): قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەی دەبنە هۆی چاندنی ڕق و کینە یان تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
٢. حورمەتی ژیانی تایبەت لە دەستوور و یاسای سزاداندا:
دەستووری عێراق (ماددەی ٤٠): جەخت لە پاراستنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، نامەکان و ژیانی تایبەتیی مرۆڤ دەکاتەوە و بڵاوکردنەوەیان بەبێ فەرمانی دادوەر بە قەدەغە دادەنێت.

یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩):
ماددەی ٤٣٣ (ناوزڕاندن): خستنەپاڵی کارێک بۆ کەسێکی دیکە کە ببێتە هۆی سوکایەتی یان لەکەدارکردنی لەناو کۆمەڵگە و خێزانەکەیدا؛ ئەگەر لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بێت سزاکەی قورسترە.
ماددەی ٤٣٨: سزای ئەو کەسانە دەدات کە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی نامە، وێنە یان هەواڵی تایبەت، نهێنییەک ئاشکرا دەکەن، تەنانەت ئەگەر زانیارییەکە ڕاستیش بێت.

٣. یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن (ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨):
ئەم یاسایە وەک “قەڵغانێکی یاسایی” و چارەسەری سەرەکی بۆ تاوانەکانی سۆشیال میدیا سەیر دەکرێت. بەپێی ماددەی ٢؛ سزای بەندکردن (٦ مانگ تا ٥ ساڵ) و بژاردن (١ بۆ ٥ ملیۆن دینار) دادەنێت بۆ:

هەڕەشەکردن و ناوزڕاندن.
بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بە مەبەستی تێکدانی ناوبانگی خێزان.
وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی وێنەی ناو ماڵ و نهێنییە خێزانییەکان بەبێ مۆڵەت.

تەوەری سێیەم: کەی گواستنەوەی کێشەی خێزانی دەبێتە “تاوان”؟
١. شکاندنی حەرەمی ژیانی تایبەت: بڵاوکردنەوەی وێنە یان دەنگی ناو ماڵ بەبێ ڕەزامەندی.
٢. ناوزڕاندن و تەشهیر: کاتێک ئامانجەکە سوکایەتیکردن بێت.
٣. ئاشکراکردنی ناوی قوربانییان: بڵاوکردنەوەی ناوی منداڵ یان ئەو ئافرەتانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
٤. هاندانی توندوتیژی: ئەگەر گواستنەوەی هەواڵەکە هانی خەڵک بدات بۆ تۆڵەکردنەوە یان کوشتن لەژێر ناوی (شەرەف)، دەزگاکە وەک “بەشدار لە تاوان” سەیر دەکرێت.
٥. یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی (ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١): ماددەی ٢ (بڕگەی ٦) توندوتیژیی دەروونی وەک تاوان دەناسێنێت؛ فشار و تەشهیری میدیایی بەرامبەر ئەندامێکی خێزان، توندوتیژیی دەروونییە.

تەوەری چوارەم: پێشنیارەکان و ڕۆڵی دامەزراوەکان
١. پێشنیارەکان بۆ ئیتیکی کار:
بڵاوکردنەوەی چەمکە یاساییەکان: ناساندنی یاسای باری کەسی و مافەکان بە زمانێکی سادە.
ئیتیکی ڕۆژنامەوانی: جیاوازیکردن لە نێوان کەسایەتیی گشتی و کەسانی ئاسایی، و نەکردنی کێشەکان بە کەرەستەی بازرگانی.
پاراستنی منداڵ: دانانی سزای توند بۆ هەر بەرنامەیەک کە منداڵ تێوەدەگلێنێت.
هەبوونی لیژنەی ڕاوێژکاری: مەرجدارکردنی هەبوونی پارێزەر و توێژەری دەروونی لە کاتی پەخشی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکاندا.

٢. ڕۆڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری:
چاودێریکردنی دراما و بەرنامەکان بۆ ڕێگری لە دیمەنی توندوتیژی و هاندانی ناپاکی.
سزادانی دارایی و ڕاگرتنی پەخشی ئەو کەناڵانەی شکۆی تاک و بەهای خێزان دەڕوشێنن.
پابەندکردنی دەزگاکان بە “کۆدی ئەخلاقیی ڕاگەیاندن”.

٣. ڕۆڵی داواکاری گشتی:
جووڵاندنی سکاڵا لەسەر ئەو تاوانانەی ڕەهەندی گشتییان هەیە، تەنانەت ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار سکاڵای تۆمار نەکردبێت.

کۆتایی:
خێزان ئەمانەتە؛ پاراستنی ئارامی و شیرازەی خێزان تەنها ئەرکی یاسا نییە، بەڵکوو ویژدانی زیندووی ڕاگەیاندن و هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە. با ڕاگەیاندن بێتە پردێک بۆ بەیەکگەیشتن و چارەسەر، نەک سەکۆیەک بۆ هەڵوەشاندنەوە و تێکدان.