دوای سەرکەوتنی قۆناغی یەکەم، کە تێیدا 25 پڕۆژە پاڵپشتیی دارایی کران، حکومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغی دووەمی پرۆژەی “گەشانەوە” بۆ پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان ڕادەگەیەنێت.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، مژدە دەداتە گەنجان و خاوەنکاران کە لەم قۆناغەدا پاڵپشتییەکی دارایی فراوانتر پێشکەش بە 100 پرۆژەی ناوخۆیی دەکرێت، ئەمەش هیوایەکی گەورە بۆ بووژانەوەی ئابووری، زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و ڕەخساندنی سەدان هەلی کاری نوێ دەهێنێتە ئاراوە.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە لێدوانێکدا بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری وردەکاریی زیاتری لەسەر ئەم هەنگاوە خستە ڕوو و ڕایگەیاند: “پڕۆژەی گەشانەوە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە هاوبەشی لەنێوان نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەچێت.”
سەبارەت بە دەستکەوتەکانی قۆناغی پێشوو، وەزیر بە گەشبینییەوە ئاماژەی بەوە دا کە لە قۆناغی یەکەمدا، پاڵپشتیی داراییی 25 پڕۆژەی بچووک و مامناوەندیان کردووە و گوتی: “لەم 25 پڕۆژەیە، 24 پڕۆژە لە سەداسەد سەرکەوتوو بوون، بۆیە ئێستا بە متمانەیەکی زیاترەوە هەنگاو دەنێین بۆ قۆناغی دووەم.”
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا لە قۆناغی دووەمدا، قەبارەی پاڵپشتییەکان زۆر فراوانتر دەکرێن و گوتی: “لەم قۆناغەدا 100 پڕۆژەی بچووک و مامناوەند پاڵپشتیی دارایی دەکرێن، کە بڕەکەی لە 1 ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە 150 ملیۆن دینار.”
جێی باسە ئامانجی سەرەکی پڕۆژەی “گەشانەوە” لەم قۆناغەدا بریتین لە:
* بووژانەوەی کەرتە گرنگەکان: سەرنجی سەرەکی دەخرێتە سەر کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی.
* زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی: هاندانی ئەم پڕۆژانە، بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاتر بکەن.
* ڕەخساندنی هەلی کار: وەکوو مەرجێکی سەرەکی، دەبێت خاوەن پرۆژەکان ژمارەی کرێکار و کارمەندەکانیان زیاد بکەن، ئەمەش دەرفەتی کار لە هەرێم بەرز دەکاتەوە.
پڕۆژەی گەشانەوە، یەکێکە لە دەستپێشخەرییە ستراتیجی و گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئامانج لێی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە کەرتی گشتی.
ئەم پڕۆژەیە لە ڕێگەی دابینکردنی قەرزی ئاسانکاری و پاڵپشتیی داراییەوە، ژینگەیەکی لەبار بۆ گەنجان، داهێنەران و خاوەنکاران دەڕەخسێنێت، تا بیرۆکەکانیان بکەن بە پرۆژەی بەرهەمدار.

