رۆژنامەی ھەولێر

ئایا ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە یانەی ئارسناڵ نزیك بووەتەوە؟

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

ئینفانتینۆ لەو پڕۆژەیە پاشگەز بووەوە كە شەپۆلێكی فراوانی نارەزایی لێ كەوتەوە
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی جیهان، ئەو پڕۆژەیە دەكشێنێتەوە، كە شەپۆلێكی فراوانی ڕەخنە و نیگەرانی و ناڕەزایی لێ كەوتەوە.
سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی جیهان، ڕایگەیاند كە پڕۆژەی FIFA Forward Enterprise”ی كشاندەوە، كە بە ئامانجی دروستكردنی قەواریەكی بازرگانی بوو، ڕێگە بدات وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەت بەشداری بكەن لە مافە بازرگانییەكانی پێشبڕكێیەكانی فیفا. ئەوەیش دوای بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایی و بەرهەڵستی لە ڕۆژانی ڕابردوودا.
سەرۆكی فیفا لە ڕاگەیاندراوێكی فەرمیدا، باسی لەوە كردووە، ئەو پڕۆژەیە بە ئامانجی دەستخستنی بناغەی گرێدراو بوو بۆ باشكردن و تۆكمەكردنی یەكێتییە نێودەڵەتییەكان ئەندامی فیفا و تۆپی پێ بوو لە سەرتاسەری جیهاندا. بە تایبەت ئەو وڵاتانەی كە پێویستیان بە هاوكاریی زیاترە.
ئینفانتینۆ راشیگەیاند: زیاتر لەوە، وەك لە سەرەتاوە دووپاتمان كردەوە، ئەمە نەدەكرا ئەگەر پاڵپشتیی زۆربەی یەكێتییە نەتەوەییەكانی سەر بە فیفای لەگەڵدا نەبووایە و هەمیشە لە ژێر ڕاوێژ بووین لەگەڵ ئەوان و ئەنجوومەنی فیفا و یەكێتیی تۆپی پێی كیشوەرەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە.
وتیشی: دوای گوێگرتن لە هەموو ڕا و بۆچوونەكان، دەركەوت پڕۆژەكە دابەشبوون و ڕاجیایی دروست كردووە – بۆیە بەردەوامبوونی پڕۆژەكە، سەرەڕای پشتیوانیی زۆریشی، بە باش نەزاندرا و لە بەرژەوەندیی ئەوە ئامانجە نەبوو كە بۆی دانرابوو.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئامانجمان یەکخستن و پەرەپێدانی یارییەکە بووە ودەبێت، بەو پێیەش بە دوای ئەم پێشنیازەوە نامێنینەوە.
ئینفانتینۆ لە کۆتاییدا وتی: لە قۆناغی داهاتوودا بەنیازم لە ڕۆژان و هەفتەکانی داهاتوودا هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆ بکەمەوە، بە گیانی خەمخۆری بۆ بەرژەوەندیی هاوبەشی تۆپی پێ، هەروەها بە ئامانجی بەردەوامبوون لە پێشخستن و پەرەپێدانی یارییەکە لە سەرانسەری جیهاندا، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە زۆرترین پێویستییان بە پاڵپشتیی ئێمەیە.
لە بەرانبەر ئەو پڕۆژەیەی سەرۆكی فیفا خستبوویە ڕوو، یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (یویفا) ڕایگەیاند، كە ئەگەر سەرۆكی فیفا پێداگر بێ لەسەر پڕۆژەكەی، كە ڕەخنەیەكی زۆری یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا و كۆنكاكافیشی لێ كەوتەوە، ئەوان بایكۆتی سەرجەم پاڵەوانیەتییەكانی فیفا دەكەن.
هاوكات لە چوارچێوەی كاردانەوەكان لەسەر ئەو پڕۆژەیە، كارلۆس كۆردێرۆی ڕاوێژكاری دیاری سەرۆكی فیفا، دەستی لە كار كێشایەوە. هاوكات، پڕۆژەكە ڕەخنەی كیڤن لامۆری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پرۆسەكانی فیفای لێ كەوتەوە.

ئایا ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە یانەی ئارسناڵ نزیك بووەتەوە؟
پێدەچێ دەرگەی یانەی ریاڵ مەدرید، بە ڕووی ڤینیسیۆس جۆنیۆری یاریزانی بەڕازیلیدا كراوە بێ، ئەگەر یانەكەی لەگەڵیدا لە بارەی گرێبەستێكی نوێوە نەگاتە ڕێككەوتن.
بە پێی زانیارییەكانی تۆڕی ئەی ئێس بی ئێن، سەرچاوەیەكی نێو یانەی ریاڵ مەدرید ڕایگەیاندووە، هیچ پلانێكیان نییە بۆ زیادكردنی بڕەپارەی زیاتر لەو ئۆفەرەی پێشكەشی جۆرنیۆر كرا بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی.
چاوەڕوان دەكرێ سبەی دووشەممە ڤینی جۆنیۆر بگاتەوە شوێنی سەرەكیی مەشقەكانی یانەی ریاڵ مەدرید (ڤاڵدێباس)، وەكوو ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێی خولی تۆپی پێ، دوای تەواوبوونی ماوەی مۆڵەت و پشووی هاوینەی و بەشداریكردن لە مۆندیال. لە كاتێكدا تەنیا یەك ساڵ لە گرێبەستەكەی ماوە.
هەمان سەرچاوە باسی لەوە كردووە، كە هیچ كاتێك بۆ كۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ریاڵ مەدرید و نوێنەرانی یاریزانە نێودەوڵەتییە بەرازیلییەكە دانەنراوە، لە كاتێكدا یانەكە وای دەبینێ كە بڕیاری رۆیشتن دەگەڕێتەوە بۆ خودی یاریزانەكە، كە ئایا گرێبەستی نوێ واژۆ دەكات، یان بە شێوەی ئازاد دەچێتە یانەیەكی دیكە.
لە هەمان چوارچێوەدا، سەرچاوەیەكی نزیك لە یاریزانە بەڕازیلییەكە باسی لەوە كردووە، كە هیچ پەیوەندی و دانوستانێك لە نێوان ئەوان و ئارسناڵدا تا ئێستە دروست نەبووە.
مێدیاكە روونی كردووەتەوە، كە یانەی تۆپوەشێنەكانی لەندەن، بە كردار هەوڵی دەستخستنی ئەو یاریزانە بەڕازیلییە دەدات، ئێستە لەوە دەكۆڵێتەوە كە چۆ نبتوانێ گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بكا و گرێبەستەكە سەر بخات.
دانوستانی نێوان كارگێریی ریاڵ مەدرید و نوێنەرانی ڤینی جۆننیۆر، جۆرێك لە وەستان و بەستن و چەقبەستوویی تێدا بەدی دەكرێ، ئەوەیش ماوەیەكی زۆرە و لەو كاتەوەیە كە قسەیان لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی كرد.
تۆڕی ئەی ئێس بی ئێن، باسی لەوە كردووە، كە یاریزانەكە وەرزی ڕابردوو پەلەی نەكرد لە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، هەروەها دوای یارییەكانی مۆندیالیش، دانوستانەكان هیچ پێشكەوتنێكیان بە خۆیەوە نەبینیوە.
ڤینیسیۆس جۆنیۆری تەمەن 26 ساڵان، لە ساڵی 2018ـدا چووە یانەی ریاڵ مەدرید بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لەە باشترین یاریزانانی جیهان، لە دوو یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگ گۆڵی تۆمار كرد، هەروەها لە ساڵی 2024 بەربژێرێكی سەرەكی بردنەوەی باڵاندۆر بوو، بەڵام ڕۆدری خەڵاتەكەی لە ژێر دەستی دەرهێنا و ئەویش پلەی دووەمی وەرگرت.
ئەو ئەستێرە بەرازیلییە وەرزی ڕابردوو لەژێر سەرپەرشتیی چابی ئەلۆنسۆدا دەیناڵاند، لە یاریی كلاسیكۆیشدا كاتێك ئاڵوگۆڕی پێ كرا، زۆر نیگەران و تووڕە بوو، هاوكات یانەكەیشی بەبێ هیچ ناسناوێكی ناوخۆیی و كیشوەری، كۆتایی بە وەرزەكە هێنا.
ڤینی لە مۆندیالدا هەرچەندە بەڕازیل بە ئاستێكی باش دەرنەكەوت، بەڵام توانی 4 گۆڵی تۆمار بكات.

یانەی پاریس سان جێرمان دەیەوێ نێوانی بەرشلۆنە و فێران خراپ بكات
یانەی پاریس سان جێرمان، هەموو سەرنج و توانای دەخاتە سەر سەرخستنی بۆندی فێران تۆرێسی یاریزانی یانەی بەرشلۆنە، دوای ئەوەی پێشتر لە گرێبەستی یان دیۆماندی لە بەرژەوەندیی یانەی ریاڵ مەدرید كشابووەوە،
یانە فەڕەنسییەكە هەفتەیەكی چڕی كاركردنی بەڕێ كرد و هەریەك لە یاریزانان میكا جۆدتس لە ئەیاكس ئەمستردام و ئەكیلۆشی لە مۆناكۆوە بردبووەوە ریزەكانی، پێش ئەوەی دەست بە جووڵە بكات بۆ دەستخستنی فێران تۆرێس.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی باسی لەوە كردووە، كە یانەی پاریس سان جێرمان، بە وردی چاودێریی ئۆفەر و بۆندەكانی یانەی بەرشلۆنە دەكات بۆ ئەو یاریزانە، تا گەر بۆندێكی باشی پێشكەش كرد، ئەم زیاتری بكات و متمانەی بە خۆیەتی بتوانێ ئەو یاریزانە بڕوا پێ بهێنێت و بیباتە ریزەكانیەوە.
یانە فەڕەنسییەكە كارەكانی بۆ دەستخستنی هێرشبەرەكە هێواش كردبووەوە و دەیوست یاریزانانی باڵ و دۆسیەی یاریزانە رۆیشتووەكان یەكلا بكاتەوە.
یانە فەڕەنسییەكە سەركەوتوو بوو لە فرۆشتنی گۆنزالۆ رامۆس بە یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی و رۆیشتنی كۆلۆ موانی بۆ یانەی خانمەپیرەكە لە ماوەی پشووی هەفتەدا.
دوای ئەو كارانە، ڕاوێژكاری وەرزشیی یانە فەڕەنسییەكە كاتی بۆ سەرخستنی گرێبەستی فێران تۆرێس تەرخان دەكات، كە یانەكە پێی وایە لەسەر ڕێگەیەكی دروستن بۆ ئەو مەبەستە.
لە ماوەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی مۆندیالدا، پەیوەندیی سەرەتایی لەگەڵ تۆرێس كراوە، پاریس سان جێرمان پێی وایە تۆرێس ئامادەیە و لانی كەم ئۆفەری یانەی پی ئێس جیی پێ خۆشە.
كەسایەتیی لویس ئێنریكی و پڕۆژە گەورە وەرزشی و ئابوورییەكەی یانە فەڕەنسییەكەش و چوونی چەندان یاریزانی گەورە بۆ ئەو یانەیە، سەرنجی فێران تۆرێسی ڕاكێشاوە.
قسە لە نێوان هەردوولادا كراوە، لێكنزیكبوونەوە هەیە و ئێستا كاتی دیاریكردنی ئۆفەری داراییە بۆ بنەمای ڕێككەوتنەكە.
پاریس سان جێرمان وەكوو یاریپێكردنێك لەگەڵ گرێبەستەكەدا مامەڵە ناكات، ئۆفەرێكی پێنج ساڵە پێشكەشی تۆرێس دەكات، بە مووچەیەك سەرووی ئەو مووچەیەی لە بەرشلۆنە پێی دەدرێت.
هەروەها ئەو یاریزانە مووچەیەكی بەرز و گرێبەستێكی گەورەی دەبێ و داهاتووی خۆی مسۆگەر دەكات.
یانەی پاریس سان جێرمان دەرك بەوە دەكات، كە بە هۆی ئەو ئاستەی فێران لە مۆندیال پێی دەركەوت، كارەكە سەخت دەبێ، بەڵام بەرشلۆنە تا ئێستە نەیتوانیوە گرێبەستی لەگەڵدا نوێ بكاتەوە.
بەرشلۆنە فشار لەسەر فێران دروست دەكات بۆ بەردەوامبوون لە ریزەكانی یانەكەیان، بەڵام ئەوە پرسیارە كە كاتەكە بۆ وا درەنگ كەوت؟ بۆچی بەرشلۆنە ماوەیەكی زۆر ئەو پرسەی ڕاگرتبوو؟
ئەو یاریزانە جۆرێك لە دڵشكانی پێوە دیارە، چونكە زۆربەی دۆسیەكان پێش ئەو یەكلا كرانەوە.
فێران پەیوەندییەكی بەهێز بە بەرشلۆنەوە گرێی داوە، دەرك بەوە دەكات كە هەلی یاریكردنی زیاتری دەبێ گەر یانەكە گرێبەست لەگەڵ جۆلیان ئەلڤارێزدا نەكات لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا.
دەرك بەوەیش دەكات كە دەستخستنی فێران تۆرێس زۆر سەختە، بە تایبەت كە یانەكە هێزێكی گەورەی هێرشبەریی هەیە.
گەر پاریس لەگەڵ تۆرێس بگاتە ڕێككەوتن، قسە و دانوستان لەگەڵ بەرشلۆنە دەست پێ دەكات و هەردوولا ناچار دەبن بگەنە ڕێككەوتن، چونكە یاریزانە تەنیا یەك ساڵ لە گرێبەستەكەی ماوە.