دوێنێ، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی، مامۆستایانی زانکۆ، نووسەران، ڕۆژنامەڤانان و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاکان، (بازنەی گفتوگۆ) لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ڕێوڕەسمی دابەشکردنی حەوتەمین پەرتووکی خۆی بە ناونیشانی (نووسینەوەی مێژوو، بە زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن) ساز کرد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە بەخێرهێنانی میوانان و ئامادەبووان دەستی پێ کرد، پاشان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد)، ئامادەبووان خولەکێک بەبێدەنگی وەستان.
دواتر، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا ڕایگەیاند: شانازیی دەکەین کە بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیوە، لە پلاتفۆرمی بازنەی گفتوگۆ لە کوردستان بەردەوام جیاوازییەکان کۆدەکەینەوە، بیرۆکەکان دەبژێرین، بیرۆکە جیاوازەکان دەخەینە نێو پەیکەر و ستراکتۆر و پلاتفۆرم و کتێبەوە، دەمانەوێ هەموو جیاوازییەکان بە نیشتمانی و نەتەوەیی و پرسە گەورەکان بسپێرین، شانازیی دەکەین لەگەڵ هەموو ئاڵنگاری و بەربەست و کێشە و هەڕەشەکان، پلاتفۆرمی بازنەی گفتوگۆ نەک پاشەکشە، بەڵکو دەستکەوت و داهێنانی نوێی تۆمار کردووە، ئەمڕۆ لەنێو مێژووی سیاسیی کوردستاندا ئەمەمان کردووە بە ئەزموونێکی جیاواز.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، ڕاپۆرتێکی مەیدانی و دۆکیۆمێنتارییەک سەبارەت بە گرنگیی گفتوگۆ و یەکتر قبووڵکردن لەناو کۆمەڵگەدا نمایش کرا، کە بە شێوازێکی هونەری گوزارشتی لە پەیام و ئامانجەکانی بازنەی گفتوگۆ دەکرد و سەرنجی ئامادەبووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا.
پاشان، پانێڵی سەرەکیی ڕێوڕەسمەکە بە ناونیشانی “گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن وەک پێداویستییەکی مێژوویی ئەم قۆناغە” بەڕێوەچوو.
پانێڵەکە لەلایەن خاتوو (بەهرە حەمەڕەش)ـەوە بەڕێوەبردرا و، تێیدا (د. مەولوود باوەموراد) وەک پانێڵیست، بە گرنگی و قووڵییەوە باسی لە چەمکی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن کرد، وەک پێویستییەکی هەنووکەیی و مێژوویی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئەرێنیی ئەم جۆرە پلاتفۆرمانە لە نزیککردنەوەی دیدگاکان.
دوای پێشکەشکردنی پانێڵەکە، دەرگای گفتوگۆ و تێبینی بۆ ئامادەبووان کرایەوە. بەشداربووان و پسپۆڕانی ئامادەبوو، بە پرسیار، سەرنج و تێبینییە وردەکانیان بەشدارییەکی گەرموگوڕ و کارایان لە گفتوگۆکەدا کرد و بە دید و بۆچوونە جیاوازەکانیان بابەتەکەیان زیاتر دەوڵەمەند کرد.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، وەک پێزانینێک بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان، سوپاسنامە پێشکەش بە هەریەک لە د. مەولوود باوەموراد و خاتوو بەهرە حەمەڕەش کرا.
هەروەها بەگرنگییەوە ڕێزنامە بەخشرایە ئەندامان و بەشداربووانی (بازنەی گفتوگۆ) بۆ ئەو ڕۆڵە کارایەی لە سەرخستن و بەردەوامبوونی پڕۆژەکەدا هەیانبووە.
لە دوا بڕگەی ڕێوڕەسمەکەشدا، حەوتەمین پەرتووکی بازنەی گفتوگۆ کە هەڵگری ناونیشانی (نووسینەوەی مێژوو،
بە زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن / كتابة التاريخ بلغة الحوار والتفاهم)ـە، وەک دیاری بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.

