رۆژنامەی ھەولێر

خشڵە زێڕینە ٢٨٠٠ ساڵانەكەی كوردستان لە لەندەن كرایە گوارەی خانمە ئەکتەرێكی هۆڵیودی

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

دەركەوتنی “زێندایا”، ئەكتەری ناوداری ئەمریكی لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی فیلمی “ئۆدیسە” بە گوارەی دروستكراو لە زێڕی ٣٠٠٠ ساڵەی قەڵای زیویەی سەقز، شەپۆلێك لە رەخنە و ناڕەزایەتی، لەنێوان شوێنەوارناسان و مێژوونووسانی تەواوی جیهانیدا دروست كردووە.

لە میانی گەشتی ڕاگەیاندنی فیلمی نوێی “ئۆدیسە” (Odyssey) لە شاری لەندەن، زێندایا بە ستایلێكی نوێ و بە گوارەیەكەوە دەركەوت كە پێك هاتبوو لە دوو پەڕەی زێڕینی سەردەمی هەزارەی یەكەمی پێش زایین و هی گەنجینەی زیویەن، كە لەلایەن زێڕنگەری بریتانی گلێن سپیرۆ لەگەڵ ئەڵماس و زێڕی عەیارە ١٨ تێكەڵ كرابوون. ئەمە وای كردووە زۆرترین نووسین و بابەتی لەسەر بنووسرێت.
گەورە توێژەر و مێژوونووسی كورد (د. دڵشاد زاموا) لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ هەولێر بە وردی تیشی خسە لایەنە مێژووییەكانی دروستكردنی ئەو گوارەیە
ئەو لە سەرەتا گوتی كە ماوەی هەفتەیەكە گوارەكانی خاتوو زاندایای كچە خۆنوێنی/ ئەكتەری هۆڵیود كە تازە لە فلیمێكی مێژووییدا ڕۆڵی خواوەندە ژن ئەسینای گریكی بینیوە، كێشمەكێشێكی زۆری لە ناو دۆستانی شوێنەوار و كەلەپووری جیهانیدا ناوەتەوە و زێڕنگەری ئەنتیكەفرۆشی بارۆن، بازرگانی ڕەشی (ڕووسپیكراوی ڕێگەپێدراو بە یاسای ئینگلیز) بۆ كڕین و فرۆشتنی خشڵە مێژووییەكانەوە، كە بە پێوەری لای خۆمان بە قاچاخچی هەژمار دەكرێ . لەوێ دوو مەدالیای زێڕینی دێرینی كردە نێو دوو بازنەی گوارەییەوە و ڕزاندنییەوە و بەو كچە خوێنوێنەی هۆڵیودی فرۆشت، وتیان با كەلەپووری كەلتوری لە گوێی خاتوونی سەر فەرشی سووردا بدەرەوشێتەوە.
(د. دڵشاد زاموا) دەڵێـت: ئەنتیكەفرۆش حاشا لەوە ناكات كە ئەم دوو مەدالیایە بەپێی پێوەری ئەوان شوێنەوارین و، تەمەنیان دوو هەزار و هەشت سەد ساڵە و لە شوێنەواری زێویەی نزیك سەقزەوە بە تاڵان و قاچاخچێتی گەیەندراونەتە بازاڕی لەندەن، هە زوو ئەم دوو پارچە خشڵە بە گوارە كراوە، كرانە پارچەی شوێنەواری ئێرانی و فارسی. لە كاتێكدا لە ڕووی شێوازی دروستكردنی ئەم دوو پارچە خشڵەدا بە تەواوی شێوازی سەنعەتكارە زێڕینگەرەكانی زێویە/ شاری دێرینی ئیزیبای شانشینی ماننای پێوە دیارە، ئەوكاتەی كە ئەم شارە دووسەد ساڵ بوو لە مێژووی ناوچەكەدا، لە شارستانی و تەلارسازی و زێڕینگریدا دەدرەوشایەوە، دوای دوو سەد ساڵ ئینجا فارسە كۆچەرییەكان لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕوویانكردە باشوری ئێران، لەبەرئەوە ئەم خشڵانە زۆر پێش ئەوانن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەو مێژوو نووسە كوردە دەڵێت: خشڵەكە كە لە هەموو ڕاگەیاندنە جیهانییەكان وەك نەخشی خۆرێكی خۆرهەڵاتی ناوی هێندراوە، لە ڕاستیدا لە ئەستێرەیەكی دە تیشك یش ئەچێت، ئەستێرەی دە تیشك لە هونەری گەلانی دەرەوەی كوردستانی دێریندا زۆر كەمن، زیاتر ئەم جۆرە نەخشە، لەناو ماننایی و ئورارتوییەكانەدا هەبوو. هۆكاری بەتاڵانبردنی گەنجینەی زێویە، قاچاخچییە عەجەمێکی جو بە ناوی ئەیوب ڕەبانی و بە ناڕاستەوخۆش بە ناو شوێنەوارناسی فەرەنسی ئەندرێ گۆدارد بوو، بەداخەوە، لە زەمانی شای گۆڕبەگۆڕدا، لە ساڵی ١٩٤٧ ئەو بازرگان و قاچاخچییە جووە بە فەرمی مۆڵەتی لە دایرەی (ادارە كل عتیقات؛ فەرمانگەی گشتی شوێنەوارەكان) وەرگرت و ڕووی كردە قەڵای زێویە، لەوێ لە خوارەوە دانیشت، كورسییەك و خێمەیەكی دانا، پارەیەكی زۆری پێ بوو، بە خەڵكی سادەی زێویەی وت، بڕۆن ئەو قەڵایەم بۆ هەڵبكەنن، چیتان دەرهێنا من لێرە لێتان دەكڕم.
(د. دڵشاد زاموا) دەشڵێت: لە زێویە گەنجینەی گۆڕی شازادە كچێكی ڕەسەن دۆزرایەوە، ئەو شازادەكچە كچی پاشا پارتاتوای هۆزی سەكیپی بوو، كە هۆزێكی جەنگاوەری سوارەی ئازابوون و هاتبوونە خاكی ماننا و، لە شاری ئیزیبا (قەڵای زێویە) نیشتەجێ بووبوون، ئەو خشڵانە مارەیی ئەم کچەشازادە كچە. خشڵەكان بەشێكی زۆریان لەلایەن گۆداردەوە بردرانە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس، بەشێكی تریشیان لە لەندەن و مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان و كەمێكیشیان لە مۆزەخانەی تارانن، بەم شێوەیە مێژووی ئەم شارە دێرینە و خشڵ و زێڕ و زیوەكانی پەرتەوازە بوون و بۆ هەتا هەتایە مێژووی درەوشاوەی ئەم شارە دێرینەی سەقز و موكریان شێوێندرا. جێی سەرنج و گومانە، هەر زوو ساڵانی دواتر، گۆدارد هێندە متمانەی شای بەدەست هێنا، كرایە بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوارەكانی ئێران و بەڕێوەبەری مۆزەخانی میللی لە تاران.
ئێستا ناڕەزایەتییەكی زۆر لەناو كەلەپوور و شوێنەواردۆستانی جیهان پەیدا بووە، بەڵام ڕاگەیاندنی داگیركەر، ئەم خشڵانە بە ئێرانی و فارسی دەناسێنن، جگە لە هەندێكیان نەبێ، كە بە ڕوونی دەڵێن زێویە لە نزیك سەقزی خۆرهەڵاتی كوردستانی ئێرانە. ئەو پارچە خشڵانە، ڕەسەن بن، یان ساختە، لە زێویەوە بەتاڵان برابێتن بۆ لەندەن یان لە شوێنی ترەوە، ئەو ڕاستییە ناشاردرێتەوە، كە داگیركەران دەست لەناو دەست بەردەوامن لە بازرگانی بە خاك و كەلەپووری كولتووریمانەوە! تاڵانكردنی گەنجینەكانی شاری دێرینی ئیزیبا/ قەڵای زێویە یەكێكە لەو نموونانە.