كارزان گلی – ههولێر
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پێشووتری جەهەپە، پارتێكی تازەی بە ناوی پارتی نوێ دامەزراند، ئەمەش خاڵێكی وەرچەرخانی گەورەیە لە توركیا، چونكە بۆ یەكەم جارە پارتەكەی مستەفا كەمال ئەتاتورك، لەناو پەرلەمانی توركیا لاواز بێت و دەم پارتی بە پێشی بكەوێت. ئەوەی بووەتە پرسیار لای كوردانی باكوور، ئایا پارتی نوێ چی بۆ كورد پێیە؟
ئۆزەل، لە كاتی راگەیاندنی پارتەكەی، لە كۆی ١٤٠ پەرلەمانتاری سەر بە جەهەپە، تاوەكو ئێستا ٩١ پەرلەمانتاری لەگەڵدایە، واتە ٩١ پەرلەمانتار دەستیان لە جەهەپە كێشایەوە و چوونە پاڵ پارتی نوێی ئۆزەل، بەمەش ژمارەی كورسییەكانی جەهەپە لەناو پەرلەمانی توركیا بوو بە ٤٩ كورسی.
دەم پارتی، خاوەنی ٥٧ كورسی پەرلەمانە، دوای ئەوەی جەهەپە وەكوو پارتی دووەم نەما، ئێستا دەم پارتی لەریزبەندی پارتی سێیەم ماوەتەوە، چونكە پارتی نوێ، لەناو پەرلەمانی توركیا دەبێتە خاوەنی ٩١ كورسی و بەمەش دەبێتە پارتی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن.
ئۆزەل، لە نووسینێكدا باسی لە پارتە تازەكەی كردووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك باسی لە مافی كورد نەكردووە، باسی لەوە نەكردووە پارتی نوێ، بەرنامەی چییە بۆ كورد، تەنیا لە شوێنێكدا دەڵێت داوای دیموكراسی بۆ هەموو گەلی توركیا دەكەین، لە ناویاندا كورد.
ئیسماعیل سیڤەرەكلی، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، لە نووسینێكدا باس لە پارتی نوێ دەكات و پێی وایە، گرنگ نییە پارتێكی تازە دروست ببێت، چونكە لە مێژووی توركیادا دەیان پارتی تازە دروست بووە و لە هەناوی پارتێكی تردا جیا بوونەتەوە، بەڵام هیچ بەرنامەیەكی تایبەتیان بۆ كورد پێ نەبووە، لە كاتێكدا سەرەكیترین پرس لە توركیا پرسی كوردە.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی لەكارلادراوی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە ئۆزەل و پارتە تازەكەی دەكات، داوا لە گەلی توركیا دەكات، پشتگیریی لە ئۆزەل بكەن و لەسەر سندووقی دەنگدان بیكەن بە پارتی یەكەم.
ئەم پەیامەی ئیمامئۆغڵو دەرخەری ئەوەیە پارتی نوێ، لەسەر داوای ئیمامئۆغڵو دامەزراوە و ئیدی لەگەڵ ئۆزەل بەیەكەوە هەنگاو دەنێن.
ئۆزەل و ئیمامئۆغڵو، بەردەوام لە وتار و نووسین و متینگەكانیاندا، باسی لە مافی كورد كردووە و گوتوویانە پرسی كورد دەبێت لەناو پەرلەمانی توركیا چارەسەر بكرێت، بۆیە لەو ڕێگەیەوە ویستوویانە دەنگی كورد بەدەست بهێنن.
وەكو ئەوەی چەند شرۆڤەكارێكی سیاسی باسی دەكەن، كوردانی ئیستانبۆڵ زۆر مەیلیان بەلای ئیمامئۆغڵو هەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤دا، زیاتر لە ٥٠٪ی كوردانی ئیستانبۆڵ دەنگیان بە ئیمامئۆغڵودا، ئەمەش بەرچاوڕوونیی دایە ئیمامئۆغڵو و ئۆزەل، كە كورد پشتگیرییان لێدەكات، هۆكارەكەش ئەوەیە ئەو دوو سەركردەیە زمانێكی زۆر نەرمیان بەرامبەر بە كورد هەیە و بە ڕوونییش دەڵێن پرسی كورد دەبێت چارەسەر بكرێت.
بۆچوونێك هەیە، ئۆزەل لە بەرنامەیەكی تایبەتدا لەبارەی پرسی كورد قسە بكات، لەوێدا بەڕوونی باس لە ئایدیا و بەرنامەی پارتەكەی بكات بۆ چۆنییەتی چارەسەركردنی پرسی كورد، چونكە باش دەزانن ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوو كورد پشتگیرییان نەكات، ناتوانن شکست بە ئاكەپە و رەجەب تەیب ئەردۆغان بهێنن، بۆیە ناكرێت خۆیان لە پرسی كورد بدزنەوە.
لە رۆژانی داهاتوو یەكلایی دەبێتەوە، كە پارتی نوێ چی بۆ كورد پێیە و بەكردار چی هەنگاوێك بۆ چارەسەری پرسی كورد دەنێت؟
لە ٢٠٢٣، جەهەپە چووە ناو كۆنگرە و ئۆزگوور ئۆزەل، وەكوو سەرۆكی جەهەپە هەڵبژێردرا، بەڵام كەمال كلیچدارئۆغڵو گوتی، ساختەكاری كراوە، بۆیە لە رێگەی چەند كەسێكی نزیك لە خۆی داوای یاسایی تۆمار كرد و لە ٢٠٢٦دا كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە هەڵوەشایەوە و كلیچدارئۆغڵو بووەوە بە سەرۆكی جەهەپە.
ئۆزەل زانی ئیدی ناتوانێت ببێتەوە بە سەرۆكی جەهەپە، چونكە كلیچدارئۆغڵو كورسییەكەی چۆڵ ناكات، بۆیە پارتی نوێی دامەزراند.

