رۆژنامەی ھەولێر

کاوە کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: بە بڕیاری سەرۆکوەزیران لە باشترین شوێنی سۆران خانوو بۆ کەسوکاری شەهیدان دروست دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە باشترین شوێنی ئیدارەی سۆران خانوو بۆ وارسی شەھیدانی شەڕی داعش دروست دەکرێت. دەشڵێ: لەو پڕۆژەیە ١٦٠ وارسی شەھید لێی سوودمەند دەبن.

کاوە کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەکو ئەرکی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، ھاوشێوەی شەھیدانی پێشتر بڕیار دراوە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعش دروست بکرێت، ئەو بڕیارە وارسی شەھیدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێ: ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر و ھەوڵمان داوە بە دیزاینێکی باش و بەباشترین کواڵێتی و لە باشترین شوێنی بەردەست لە ناو سۆران پڕۆژەکە دروست بکرێت، بە خۆشحاڵییەوە دەتوانین بڵێین ئەو یەکانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ سەرجەم شەھیدانی بەرگری شەڕی داعش دابین دەکرێت بەبێ جیاوازی بە شەھیدانی حزبە جیاوازەکانیشەوە لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبن.
کاوە کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشکراشی کرد: ئەو یەکانە خۆی لە ١٦٠ خانوو لەسەر ڕووبەری ٢٠٠ مەتری چوارگۆشە دەبینێتەوە، بەپێی پلانی کۆمپانیای جێبەجێکار، کارەکانی بنیاتنانی پڕۆژەکە لە ماوەیەکی کورت و بە بەرزترین پێوانەکانی کوالێتی تەواو دەکرێن، بە شێوەیەک کە وەڵامدەری پێویستییەکانی خانەوادەی شەھیدان بێت، لە داھاتووداش چەندین پڕۆژەی دیکە و پارکێکی گەورە لەو شوێنە دروست دەکرێت، ئەوەش جێگەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە کە ئیدارەی سۆران ئەو شوێنە خۆشەی بۆ کەسوکاری شەھیدان دابین کردووە، کە دەکەوێتە سەر شەقامی ٤٠ مەتری سۆران.