دڵدار باشوری
مرۆڤی هاوچەرخ چیتر تەنها بینەری دەوروبەر نییە، بەڵکو لە ڕێگەی شاشە بچووکەکانەوە لەناو جیهانێکی هاوتەریبدا دەژی. سۆشیال میدیا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، تەنها ئامرازێکی گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو نەخشەسازێکی سەرەکییە بۆ داڕشتنەوەی عەقڵ، دەروون و دیدگای کۆمەڵگە. کاتێک سنووری نێوان واقیع و سێبەری واقیع تێکەڵ دەبێت، جیاکردنەوەی ژەهر لە هەنگوین دەبێتە ئەرکێکی فەلسەفی و ڕەوشتی. لەم سۆنگەیەوە، پێویستمان بە هۆشیارییەک هەیە کە بتوانێت تەمومژی ئەم فەزا جەنجاڵە بڕەوێنێتەوە و باشترین و ڕاستگۆترین کەناڵ و سەرچاوە وەک دەروازەیەک بۆ گەیشتن بە هەقیقەت دەستنیشان بکات.
فلتەرکردنی فەزای گشتی، پێویستییەکی مێژوویی
لە ژێر سایەی ئەم وەستان و چەقینە سیاسی و فکرییەی پێیدا تێدەپەڕین، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە دەست بە پاکتاوکردنێکی ئەقڵانیی ئەم فەزایە بکەین؟
ئەو پەیج و ئەکاونت و تریبوونە بێباکانەی کە تۆوی دووبەرەکی دەچێنن و خۆڵ دەکەنە چاوی کۆمەڵگاوە، تەنها ڕووداوەکانیان نەشێواندووە، بەڵکو چاوی بینینی ڕاستییان لە نەوەکانی ئێمە کوێر کردووە. لەم قۆناغە هەستیارەدا، تەنها هۆشیاریی تاکەکەس بەس نییە، بەڵکو دەبێت دامەزراوە فەرمییەکان، بەتایبەت وەزارەتی ڕۆشنبیری، لە خەوی پەرتەوازەیی ڕابپەڕن. کاتی ئەوەیە سنوورێک بۆ ئەو نووسەرە ساختە و سەکۆ بێ ناسنامانە دابنرێت کە ژەهری تێکدان و بەلاڕێدابردن بە ئەقڵی گشتیدا دەپرژێنن و، ڕێکاری یاسایی و مەعریفی لە بەرامبەردا بگیرێتە بەر.
بەرپرسیارێتیی مێژوویی و گوتاری یەکگرتوو
ڕزگاری لەم دۆخە، پێویستی بە جۆرێک لە “ڕابوونی ویژدانی” هەیە. ئەرکی سەرجەم چین و توێژەکانە کە بە ڕوئیایەکی قووڵی نیشتمانییەوە سەیری برینەکانی جەستەی ئەم هەرێمە بکەن. مەترسییە دەرەکییەکان تەنها ئەو کاتە دەبنە هەڕەشەی ڕاستەقینە، کە لە ناوخۆدا درزمان تێ کەوتبێت.
گرنگە مەکۆ و سەکۆکانی سۆشیال میدیا، لە کەرەستەی دابەشبوونەوە ببنە ئامرازی فشار؛ فشار بۆ سەر بڕیاردەران و سەرکردەکان تا لە دەوری مێزێکی نیشتمانیدا کۆ ببنەوە و بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و کارامە هەنگاو بنێن. تەنها لە ڕێگەی یەکخستنی گوتار و پێداگری لەسەر یەکڕیزییە کە دەتوانین کۆمەڵگە لەم فەزا ناشیرین و شێواوە ڕزگار بکەین و متمانە بۆ سەرزەمینی پێشوەچوون بگەڕێنینەوە.

