مزەفەر فەیلی
هەر وەكو دەزانن زاراوەی ریشەڵکێشکردن و پاکتاوکردن یاخود جینۆساید (Genocide)، خۆی لە بنەڕەتدا بە واتای رەگەزبرین هاتووە و ئەم وشەیە لە بنەڕەتەوە لە دوو بەش پێك هاتووە: جینوس (Genos)ی یۆنانی كە بە مانای ڕەچەڵەك یان هۆز هاتووە، هەروەها وشەی ساید (Cide)ی لاتینی بە مانای كوشتن و، بە گشتی مانای كوشتنی بەكۆمەڵ دەدات. لەوانە كوشتنی ژن و پیاو وەكو دوو جەمسەری سەرەكی و پێكهێنەری نەوەی داهاتوو كە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی لەناوچوونی نەتەوە و كۆمەڵگاكان.
جۆرەكانی ریشەڵکێشکردن:
1- ریشەڵکێشکردنی جەستەیی
2- ریشەڵکێشکردنی بایۆلۆژی
3- ریشەڵکێشکردنی رۆشنبیری
4- ریشەڵکێشکردنی ئابووری
1- ریشەڵکێشکردنی جەستەیی: واتا لەناوبردنی كۆمەڵگەكان بە غازی ژەهراوی یان لەسێدارەدان یان زیندەبەچاڵكردن و هەروەها بۆمبارانكردن بە فڕۆكە یان موشەك یان بە هەر شێوەیەكی تر كە لە ئەنجامدا کوشتەی لێ بکەوێتەوە.
2- ریشەڵکێشکردن بایۆلۆژی: بەم شێوەیە كە رێگەكانی خەساندنی پیاوان یان لەباربردنی ئافرەتان لە رێگەكانی جۆراوجۆر بە مەبەستی لەناوبردنی رەگەزی مرۆڤایەتی.
3- ریشەڵکێشکردن رۆشنبیری: بەم شێوەیە كە رێگەنەدان بۆ قسەكردن بە زمانی دایك و رێگەگرتن لە رۆشنبیریی نەتەوەیی.
4- ریشەڵکێشکردن ئابووری: بەم شێوەیە كە كار بكرێت لەسەر برسیكردن و رێگری كردن لە هەموو جۆر هاوكاری و پشتگیری ماددی بۆ مانەوە و ژیانكردن و ببێتە هۆی لەناوبردنی بەكۆمەڵ. لەراستیدا ئەم جۆرە ریشەڵکێشکردنە هێشتا زۆر بەناوبانگ نییە و بابەتێکی تازەباسە.
لێرە مەبەستمە كە بۆ یەكەم جار لە جیهان جۆرێكی نوێ لە ریشەڵکێشکردن بخەمە روو كە دوای بیركردنەوە و تێرامانێكی زۆر، من خۆم دامهێناوە و ئەویش، (ریشەڵکێشکردنی خانەوادەكان-Families Genocide). كە بە مانای نەهێشتن و لەناوبردنی خانەوادەكانە! كاتی خانەوادە لەناو دەچێت و نامێنێت ئیتر منداڵ و نەوەكانیش نامێنن و بەم شێوەیە زۆربەی تاكەكانی كۆمەڵگا پیر و بەرەو نەمان دەچن. بێگومان خانەوادە وەكو بچووكترین یەكەی كۆمەڵگایە و نەمان و لەناوچوونی خانەوادەكان واتا نەمان و لەناوچوونی كۆمەڵگاكان و بەم شێوەیە پرۆسەی ریشەڵکێشکردن روودەدات بەڵام بەجۆرێكی تر. ئەم ریشەڵکێشکردنە لەلایەن ڤایرۆسی كوشندەی جیابوونەوە و تەڵاق دێتە هێرشكردن و، وەكو شێرپەنجە و نەخۆشینی كوشندە رۆژ لە دوای رۆژ ژیانی خانەوادەكان بەرەو نەمان دەبات و، لە كۆتاییدا رێژەی مرۆڤ كەم دەكات و، بەم شێوەیەش رووبەرووی جۆرێكی نوێ لە ریشەڵکێشکردنی سەردەم دەبین كە تایبەتە بە خانەوادەكان و بە ریشەڵکێشکردنی خانەوادەكان دەناسرێت!
زۆربوونی جیابوونەوە بێگومان بەدڕەوشتی و گەندەڵی ناو تاكەكانی كۆمەڵگا زیاد دەكات و كاریگەری ناتەندروستی دەبێت لەسەر تاك و خانەوادەكانی تر كە هێشتا راست و دروستن. زۆربوونی رێژەی جیابوونەوە چەندەها هۆكاری هەیە و لەوانە تەكنۆلۆژیای سەردەمە، بێگومان بەكارهێنانی هەڵە و بی تامی سۆشیاڵ میدیا و هەروەها بینینی بەردەوامی كەناڵەكانی تەلەفزیۆنی كە چاودێریی باشیان لەسەر نییە، كاریگەری لەسەر هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كردووە. ئەم كاریگەرییە پشكی شێری بەر هاوسەران كەوتووە! ژیانی هاوسەرایەتی پەیوەندییەكی پیرۆزە و خانەوادە كە لە ژن و پیاو و منداڵان پێكدێت وەكو بەردی بنەرەتی بناغەی هەر وڵاتێك دەژمێردرێت. نەبوونی زانیاری و هۆشیاری كۆمەڵایەتی لەسەر ژیانی هاوسەرایەتی لەلایەك و هەروەها هەستنەكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ئەرك و مافەكانی یەكتر هۆی سەرەكی تێكچوونی خانەوادەكانە! كاتێك پیاوێك ژن و هاوژینی لەسەر شتێكی ئاسایی یان بێبنەما تەڵاق دەدات و هەروەهاش كاتێك ژنێك بە هەمان شێوە داوای جیابوونەوە لەسەر پیاو و هاوژینەكەی بەرز دەكاتەوە بێگومان مانای ئەوەیە كە هەر یەكەیان هیچ لەسەر ژیانی هاوسەرایەتی نازانن و هەر بەهەڵە لە ژیان تێگەیشتوون! زۆر جار باس لە داستانی خۆشەویستی و پەیوەندی رۆحی نێوان دوو كەس دەكرێت كەچی دوای ماوەیەك و لەسەر بێنرخترین بابەت هەموو شتێك كۆتایی پێ دێت و لەوە خەراپتر دەبنە دژمن و یەكتر لەناو دەبەن! لە راستیدا ئەو پیاو یان ئافرەتەی كە پرۆسەی جیابوونەوە بەرز دەكاتەوە، واژووی لەسەر كوشتن و لەناوبردنی خانەوادەیەك و تێكدانی ژیانی چەند كەسێك دەكات و چەند منداڵ لەو ناوەندە دەكەنە قوربانی بەرژەوەندی و حەز و ئارەزووی تەنها خودی خۆیان بۆ مەبەستی چێژ وەرگرتن لە خۆپەرەستییان و بەم شێوەیە ئیسپات دەكەن كە چەند مرۆڤێكی بێسوود و سەرنەكەوتوون!
دەبێت ئاماژەش بە ئەوە بكەین كە لە هەندێك بارودۆخی نائاسایی دەگمەن پیاو یان ژن ناچار دەبێت كە رێگەی جیابوونەوە بگرێتە بەر وەكو ناپاكیكردن لە ژیانی هاوسەرایەتی بۆ نموونە. ژیانی هاوسەرایەتی پرە لە هەوراز و نشێو و هاوسەر و هاوژینی راستەقینە دەبێت خوڕاگر و بەهێز بێت لەو كات و ساتانە. ژیانی هاوسەرایەتی هەر هەموو خۆشی و دەوڵەمەندی نییە، لە ژیانی هاوسەرایەتیدا هەموو شتێك گریمانەی روودانی هەیە؛ هەربۆیە ئەگەر هەر یەك لەو هاوژینانە تەنها بە رەنگی پەمبەیی خەیاڵی بۆ دەكەن باشتر وایە كە هەر لە سەرەتاوە نە خۆیان و نە كەسی تر و نە كۆمەڵگا تووشی شڵەژان و پەرتەوازی نەكەن. هەموو ئایینەكان و بەتایبەت ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر جەختیان كردووەتەوە لەسەر گەورەیی و پیرۆزی پرۆسەی هاوسەرگیری و دروستكردنی خانەوادە و ژیانی نوێ. هەر وەكو خودای گەورە لەسەر خێزان لە سوورەتی (روم)، ئایەتی (21) فەرموویەتی: (وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ)، واتە (لە نیشانەكانی خودا ئەوەیە كە هەر لە خۆتان، هاوسەری بۆ دروست كردوون بۆ ئەوەی لە سایەوە ئۆقرە بگرن و، خۆشەویستی و بەزەییشی خستە نێوانتانەوە. بێگومان لەمەدا نیشانەیە بۆ ئەو كەسانەی بیر دەكەنەوە). هەروەها لەسەر دروستكردنی خانەوادە لە سوورەتی (نحل)، ئایەتی (72) فەرموویەتی: (والله جعل لكم من أنفسكم أزواجا وجعل لكم من أزواجكم بنين وحفدة )، واتە (خودا هەر لە خۆتان هاوسەری بۆ دروست كردوونە و لە هاوسەرەكانتانەوە وەچە و نەوەی پێ بەخشیون). بۆیە گرنگیدان بە دروستكردن و پاراستنی خانەوادە زۆر گەورەیە لەلای خودای گەورە و ئێمەی مرۆڤیش دەبێت رێز لەو گەورەییە بگرین.
هەروەها دەبێت حكومەت رۆڵی بنیاتنەرانەی هەبێت و رێگری لەم ریشەڵکێشکردنە بكات. رێكخستنی باری خانەوادە هەر لە سەرەتای دروست بوونی و چوونیەتی بەرەنگاریكردن و پاراستنی ژیانی هاوسەرایەتی لە ئالنگارییەكانی ناو ژیان و بە سیستەم كردنی پرۆسەی جیابوونەوە بۆ پاراستنی منداڵ و ژن و پیاو و بەگشتی خانەوادە لەپێناو پاراستنی كۆمەڵگە زۆر پێویستە. هەروەهاش رێكخراوەكانی مافی ئافرەتان دەبێت زۆر بە وریایی و گرنگی و ئەمانەت مامەڵە لەسەر ئەم كەیسە بكەن و هەموو ئەو خانەوادانە بە راستی بە خانەوادەی خۆیان بزانن و هەوڵی رزگاركردنیان بدەن و دژی ئەم ریشەڵکێشکردنە بوەستن و هەروەها پارێزەران بە ویژدان و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەو سوێندخواردنە بن لە كاتی دەرچوونیان لە كۆلێژەكان. دواتر هەموو ئەو دۆست و خزمانەی دەوروبەریان و هەروەها ماڵی خەسوو و خەزوور و خوشك و برای هەردوو لای هاوژینەكان هەمیشە قسەی خێر و باشیان هەبێ بۆ بنیاتنان نەك تێكدان و لەسەر هەموومانە كە پشتگیری لە خانەوادەكان بكەین و، دژی ئەم ریشەڵکێشکردنە نوێیە بوەستین؛ ئەمە كارێكی پیرۆزە و لەلای خودای گەورە هەرگیز بزر نابێت. لە كۆتاییدا هیوادارم كە هەر ئێستا و هەریەكەو هەڵسێت هەنگاو یان قسەیەكی خێر و دروست بكات بۆ رزگاركردنی خانەوادەیەك لە مردن لەپێناو كۆمەڵگا و وڵاتێكی بەهێز و تەندروست و ئایندەیەكی رووناك بۆ نەوەكانمان. و لە هەموو گرنگتر هاوژینەكانن كە دەبێت بەراستی پشتی یەكتر بگرن و دەبێ ئەم راستییە بزانن كە بێجگە لە خۆیان كەسی تریان نییە بۆ یەكتر و ژیانی منداڵەكانیان لە سەرۆی هەموو بەرژەوەندییەكان بزانن.

