رۆژنامەی ھەولێر

٣٨ ساڵ بەسەر داستانی خواکوڕکدا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٣٨ ساڵ بەسەر یەکێک لە داستانە بەناوبانگەکەی شەڕی بەرگری خەڵکی کوردستان تێدەپەڕێت کە داستانی خواکوڕکە، ئەو داستانەی لە ٤٦ ڕۆژدا، پێشمەرگەی کوردستان ھێرشێکی بەرفراوانی سوپای عێراقی تێکشکاند کە جگە لە تۆپ و فڕۆکە، چەکی کیمیایشی بەکارھێنا، ئەو داستانە بە سەرکردایەتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی بوو.

ناوچەی خواکوڕک سەر بە دەڤەری برادۆستــە و لە ٣٠ گوند پێکھاتووە و کەوتووتە نێو سێگۆشەی سنووری عێراق، ئێران و تورکیا، ڕووبەری نزیکەی ١٥٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چەندین چیا و لوتکەی بەرزی ھەیە و زنجیرە چیایەکی سەخت و دوور مەودایە، چەند شوێنێکی ئەم زەنجیرە چیایانە زۆر ستراتیژی و بەناوبانگن وەک، چیای شیلیێ، سەری چالێ، کۆراوا، بنلیس، بریمیشکا، جۆتێ برا، شەکیو، گامیشە، دالانپەر و ئاودەل کیوی، سنووری خواکوڕک لە گوندی بەنێ درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە سەر سنووری عێراق، ئێران و تورکیا، سنووری سێ وڵات لێک جیا دەکاتەوە.

سەرەتای داستانەکە
لە ١٩ی ٧ی ساڵی ١٩٨٨، سوپای ڕژێمی بەعس ھێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ھێزەکانیی پێشمەرگە لە گەلی خواکوڕک لە ناوچەی برادۆستی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای ھەولێر، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی توانییان بۆ ماوەی زیاتر لە چل و شەش ڕۆژ بەرگری بکەن و دواجار سوپای ڕژێم ناچار بە پاشەکشە بکەن و داستانی خواکوڕک لە ‮ ‬٥/٩/١٩٨٨ ‮تۆمار کرا.‬‬

چەکی پێشمەرگە
خەلیل شاکر، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: چەکی پێشمەرگە لە شەڕی خواکوڕک، کلاشینکۆف، بڕنۆ، ئارپێچی، چەند ھاون و تۆپێک بوون، بەڵام بیروباوەڕ و ئیرادەی ھێزی پێشمەرگە ھێندە بەھێز بوو بۆیە سەرکەوتین، داستانی خواکوڕک لە سێگوشەیەکی سنووریدا زیاتر لە مانگێکی خایاند و بە خوێنی ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان کۆتایی ھات، بەڵام بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بزانن پێشمەرگە چی بەسەر ڕژێمی بەعس ھێناوە ئێستاش ئێسکوپرۆسکی سەربازانی عێراقی لەسەر چیای کۆڕاڤای دەڤەری خواکوڕک ماون.

گرنگی داستانەکە
سوپای دڕندەیی عێراق بەھێزێکی زۆرەوە کە زیاتر لە پازدە لیوای سەربازی و پتر لە سی فەوجی میلیشیا و بە پاڵپشتی و پشتیوانی فڕۆکە و تانک و تۆپخانە ھێرشی بەربڵاو و یەک لە دوای یەکی ھێنا بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشی کوردستان، بەڵام پێشمەرگە نەبەز و دلێرەکانی پارتی و بارزانی بە ورەیەکی بەرز و پۆڵاینەوە توانیان ڕووبەڕووی ھێزی گەورەی دوژمن ببنەوە و تێکیان بشکێنن و ئەو داستانە مەزنە بەرگرییە تۆمار بکەن کە دواتر بە داستانی خواکوڕک ناسرا کە یەکێکە لە داستانە خۆڕاگرییەکانی بەرگری کوردستان.
پێشمەرگەکانی کوردستان بە سەرکردایەتیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی ڕووبەڕووی سوپای عێراق بوونەوە کە ئەوکات لەڕووی بەھێزیەوە بە پێنجەمین سوپای جیھان دادەنرا، شەڕەکە لەڕووی سیاسیی و سەربازیی و ستراتیجییەوە، بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە توانی دەستکەوتێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی بەدەست بھێنێت. لە ڕووی سیاسییشەوە لە گۆڕنانی ئەو خەونەی دوژمن بوو، کە باوەڕی وابوو بەکۆتاییھاتنی جەنگی عێراق-ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناودەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواکوڕک خەونەکانی ڕژێمی بەعسی لە گۆڕنا.

ڕۆڵی سەرۆک بارزانی
کازم ناجی، پێشمەرگەی دێرین و بەشداربووی داستانەکە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سەرۆک بارزانی، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕەکەی دەکرد، ئەوەش بووە ھۆکاری ئەوەی کە پێشمەرگە ورەی زیاتر بەرز ببێتەوە و بەسەر دوژمندا سەرکەوێت، ئەو ڤیدیۆیە ئامادەیە کە سەرۆک بارزانی لەو داستانە قسەی کرد و ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا زۆر شت ڕووندەبێتەوە و بارودۆخی ناوخۆ بەگشتی دەگۆڕێت، دوژمن ناچار دەبێت لە بەرانبەر ئەم جۆرە بەرگرییەی پێشمەرگە بە خۆیدا بچێتەوە، یان دەبێت دەست لە سوپاکەی بشوات، زۆری پێ نەچوو قسەکانی سەرۆک بارزانی ھاتنە جێ و کوردستان بۆ دوژمن بووە گۆڕستان.
ئەشقی ئێدلبی، بەشداربوویەکی دیکەی داستانی خواکوڕکە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لەو شەوەی شەڕی خواکوڕک دەستی پێ کرد، زۆر بە توندی وەڵامی دوژمنمان دایەوە ھەر زوو سوپای عێراق تێکشکا و پاشەکشەی کرد، ئەگەرچی چەکی ئێمە زۆر سادەبوو، بەڵام شەڕی مان و نەمانمان کرد، پارتی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی لە داستانی خواکوڕکدا بە تەنیا ملی دایە بەر ئەو ھێزە زەبەلاحە، ڕژێمی بەعس ھەرچی ھێزی ھەبوو، کۆیان کردبووەوە کە لە چەندین فەیلەق و لیوای سەربازی پێکھاتبوو، بە پاڵپشتی تانک و فڕۆکە و چەکی قورس ھێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، لەژێر کاریگەری داستانەکە دوژمن ناچار بوو بیر لە وەزعی خۆی بکاتەوە، بۆیە داستانی خواکوڕک، داستانێکی گەورە و مێژووییە.
ئێدلبی، گوتیشی: سەرۆک بارزانی، ڕاستەوخۆ بەشداری لەو شەڕەی کرد و لە نزیکەوە ڕێنمایی دەدایە پێشمەرگە، کاتێک کە دەمانزانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئێمەیە، ئێدی ھیچ ترسێکمان نەما، زۆر بە قارەمانانە وەستاین بەرامبەر بە دوژمن، ھەر لە دەستپێکی شەڕەکە تا دوا فیشەک ڕاستەوخۆ بەشداری ئەو بەرگری و بەرخودانەی کرد، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی ھەوێنی سەرکەوتنی ئەو داستانە گەورە و سەروەرییە بوو، توانیومان شکستێکی گەورەی سەربازی و سیاسی لە ڕژێمی ڕووخاوی بەعس بدەین، لە ھەمان کاتدا ئەم داستانە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ناوچەکە و جیھانیشدا لێکەوتەوە.
دەسکەوتەکانی خواکوڕک
داستانی خواکوڕک بووە ھەوێنێک بۆ گیانی بەرگری و بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس و ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ئاداری ١٩٩١ی لێ ھاتە بەرھەم. پێشمەرگە خۆڕاگرانە توانی زیانێکی زۆر بە ھێزە ھێرشبەرەکەی ڕژێمی عێراق بگەیەنێت، داستانەکە لەڕووی سیاسی و سەربازی و ستراتیژییەوە بایەخێکی مەزنی ھەبوو، چونکە پێشمەرگە دەسکەوتێکی زۆری لە چەک و تەقەمەنی ھەبوو، لەڕووی سیاسییشەوە پووچەڵکردنەوەی ئەو خەونەی بەغدا بوو کە دەیویست وانیشان بدات بە وەستانی شەڕی عێراق – ئێران، بەرگری و شۆڕشی کوردستانیش لەناودەچێت، بەڵام بەرگری پێشمەرگە لە خواکوڕک زۆر لە ھاوکێشە و خەونەکانی حکوومەتی بەغدای لەناوبرد. ئەشقی، بەشداربووی داستانی خواکوڕک، ڕوونیشیکردەوە: ئەو بەرگرییەی پێشمەرگە قارەمانەکان لەو داستانە کردیان دەرسێکی گەورەیان بە دوژمن دا و شیرازەی دوژمن بە تەواوەتی لەناوچوو، بۆیە دەتوانم بڵێم داستانی خواکوڕک بووە ھاندەرێک کە خەڵکی کوردستان دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕن، لە ھەمانکاتدا داستانی خواکوڕک پەیامێکی دایە دوژمنانی کوردستان کە ھیچ کاتێک ڕێبازی پارتی و بارزانی تەسلیمی ئیرادەی دوژمن و داگیرکەران نابێت، ئەو ئیرادەیە بەھێزترە لە ئاگر و ئاسنی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان، جگە لەوەی لەو شەڕەدا پێشمەرگە دەسکەوتی زۆر بوو، ژمارەیەکی زۆر لە ھێزەکانی سوپای عێراق کوژران، ھەروەھا چەکێکی باشیش کەوتە دەست ھێزی پێشمەرگە وەکو تۆپ، کلاشینکۆف، ئارپێچی، تەقەمەنی و بە دەیان لاشەی دوژمن کەوتبوونە مەیدانی شەڕ و ورەی دوژمن بە تەواوەتی دابەزی بوو و بە دەیان دیلیشمان گرتن، بە بڕیاری سەرۆک بارزانی ھەموو ئەو دیلانەی کە خۆیان تەسلیمی ئێمە کردبوو، ئازاد کران.

ڕۆڵی ئافرەتان و ئاوارەکان
کازم ناجی، بەشداربووی داستانی خواکوڕک، ئاشکراشی کرد: خەڵکی ئێمە کە ئاوارەی ئێران ببوون، ڕۆڵێکی کارایان ھەبوو لە داستانی خواکوڕک، بەتایبەتی ئافرەتەکان ھەرچی پێداویستی ھەبوو لە نێو شارەکان کۆیان دەکردەوە، لەگەڵ نان و خواردنیان بۆ ھێزی پێشمەرگە ڕەوانەی سەنگەرەکانی پێشەوە دەکرد و لەو ڕووەوە نەیان ھێشت پێشمەرگە ھیچ کەموکوڕیەکی ھەبێت، بۆیە نابێت ڕۆڵی ئەوان لەبیر بکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو ئەوە بوو کاتێک پێشمەرگە زانی سەرۆک بارزانی لە بەرەکانی پێشەوەیە، پێشمەرگە ھیچ ئاگای لە برسێتی و تێنوێتی نەبوو.