رۆژنامەی ھەولێر

لە حەوت ساڵی ڕابردوودا نۆ بەنداو و ٧٥ پۆند جێبەجێ کراون

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

یەکێک لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون و بەهۆیەوە خزمەتێکی گەورەی ژێرخانی ئاو و ژینگە و گەشتوگوزار و کشتوکاڵی کوردستان کراوە، بەنداو و پۆندەکان بوون و لە دۆخێکدا بنیات نراون کە هەرێمی کوردستان بەڕاستی قەیرانی ئاوی هەبووە و وشکەساڵی هەڕەشەی کە سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان کردووە.

کەم شوێن و ناوچەی هەرێمی کوردستان هەیە بەنداوێکی لێ دروست نەکرابێت ئەگەر تەنانەت بچووکیش بێت، بوونی ئەو ژمارە زۆرە بەنداوە و بڵاوبوونەوەیان بەسەر پاریزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستان یارمەتیدەرێکی زۆر گرنگ بوون لە پاڵپشتیی و پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکانی وەک کشتوکاڵ، سامانی ماسی و گەشتوگوزار و لە هەمان کاتدا دابینکردنی ئاوی خواردنەوە.
تەنها لەم کابینەیەدا نۆ بەنداو دروست کراون کە توانای گلدانەوەی هەندێکیان دەگاتە سەد ملیۆن مەتر سێجا. کۆی ئەو بەنداوانە بە گوژمەی دووسەد و شەست و پێنج ملیار و حەوتسەد ملیۆن دینار جێبەجێ کراون و بە یەکەوە دووسەد و پەنجا و سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دەدەنەوە.
بەنداوی دوین بە توانای گلدانەوەی سەد ملیۆن مەتر سێجا و بە گوژمەی هەشتا و هەشت ملیار دینار یەکێکە لەو پڕۆژانە کە سیمایەکی ستراتیژی هەیە، گۆمەسپان بە توانای گلدانەوەی نزیکەی نەوەد و هەشت ملیۆن مەتر سێجا و بە گوژمەی جێبەجێکردنی نەوەد و پێنج ملیار دینار لە ڕیزبەندیی دووەمدا دێت.
یەکێکی دیکە لەو بەنداوانە بریتییە لە دێوانە کە بە گوژمەی بیست و شەش ملیار و شەشسەد ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە و توانای گلدانەوەی بیست و یەک ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، هەروەها بەنداوی بەستۆڕە بە گوژمەی بیست وسێ ملیار دینار و بە توانای گلدانەوەی بیست ملیۆن مەتر سێجا ئاو جێبەجێ کراوە.
هەر یەک لە بەنداوەکانی خنس، ئاقوبان، تووڕەجار، شەوگێڕ و چەمرگە بە توانای گلدانەوەی ئاو لە نێوان چوار تا دە ملیۆن مەتر سێجا ژمارەیەک بەنداوی دیکەن کە لە حەوت ساڵی ڕابردوودا جێبەجێ کراون.
هەر لەو ماوەیەدا سی پۆند جێبەجێ کراون هەر چەندە پێشتریش نەوەد و هەشت پۆندی دیکە جێبەجێ کرابوون. پەنجا و حەوت پۆندیش ئێستا لە جێبەجێکردندا و ئەگەر تەواو بکرێن ژمارەی پۆندەکان بۆ سەد و هەشتا و پێنج دانە بەرز دەکاتەوە.
ئەم پڕۆژانە لە لایەک بوونەتە هۆکاری زیادبوونی ئاوی سەر زەوی و لە چەندین شوێن بۆ مەبەستی ئاوی خواردنەوە سوودیان لێوەردەگیرێت، جگە لەمە ئاوی ئەو بەنداوانە بۆ کشتوکاڵیش بەکار دەهێنرێت و یارمەتیدەر بوون لە داخرانی بیرەکانی ئاو،
کەرتی گەشتوگوزار لە سایەی ئەو بەنداوانە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەنداوەکان جمەیان دێت لەو خەڵکەی بۆ بەسەربردنی چەن ساتێکی ڕۆژانە و دەرکردنی پشوو لە لە کەناری بەنداوەکان دەکەن.
ئەمساڵ لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان پەنجەماسی خرایە بەشێک لەو بەنداوانە و لە داهاتوودا دەکرێت بەهۆیەوە سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات.
ئەو بەنداوانە دەرفەتی لەبارن بۆ ڕەخساندنی هەلی کار لە سەرجەم ئەو کەرتانەی ئاماژەیان پێ درا. زۆر پێویستە بە رێکوپێکی ئیدارەی ئەو بەنداوانە بکرێت و راستە ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریوە بەڵام مەرج نییە هەموو ساڵێک باران زۆر بێت و بیر لەوە بکرێتەوە بە پشتبەستن بە ئاوی بەنداوەکان حکوومەتی خۆی لە هەر جۆرە قەیرانێک پەیوەندیدار بە ئاو رزگار بکات.