پێپسیکۆ دوو رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عێراق واژۆکرد، کە بریتین لە کۆمپانیای خواردنەوە گازییەکانی بەغدا (BSDC) و کۆمپانیای سەوز عێراق (GICO) بە ئامانجی پەرەپێدانی پیشەسازی ناوخۆیی کەرتی کشتوکاڵ و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە عێراق، هەمووی لە پەراوێزی لووتکەی بازرگانی ئەمەریکا و عێراق کە لەم دواییانەدا لە بارەگای ژووری بازرگانی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
ئەم دوو ڕێککەوتنە لە میانەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی بۆ واشنتن واژۆ کران وەک بەشێک لە پلانەکانی کۆمپانیاکە بۆ یارمەتیدان لە پەرەپێدانی تواناکانی پیشەسازی و مۆدێرنکردنی شێوازی کشتوکاڵی و پاڵپشتیکردنی خواستەکانی عێراق بۆ دامەزراندنی خۆی وەک ناوەندێکی هەرێمی هەناردەکردنی خۆراک و خواردنەوە.
ئەم دوو ڕێککەوتنە بەشێکن لە زنجیرەیەک لێکتێگەیشتنی بازرگانی کە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا ئەنجامدراون کە هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی فراوانتری وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە کاتی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران.
دکتۆر مستەفا نزار جومعە ئەلعانی وەزیری بازرگانی عێراق گوتی ” ئەم سەردانە بەشێکە لە قوڵکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کە هاوبەشییەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێز دامەزراوە. ئەم دوو ڕێککەوتنە یارمەتیدەر دەبن لە ڕەخساندنی هەلی کار و پاڵپشتی کردنی پیشەسازی ناوخۆیی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجانمان، سەرەڕای بەهێزکردنی هەمەچەشنی ئابووری عێراق و پێشبڕکێی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.”
ئامانجی هاوبەشیکردن لەگەڵ کۆمپانیای سەوزی عێراق فراوانکردنی تواناکانی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەیە لە درێژخایەندا، پشتیوانی لە ئامانجەکانی عێراق دەکات بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی وەک دابینکەری خۆراک. هەروەها هەوڵ دەدات پەیوەندییەکان لەگەڵ جوتیارانی عێراقی بەهێز بکات لەڕێگەی گواستنەوەی زانیاری هاوچەرخ لە بواری ئاودێری و کشتوکاڵدا کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵی ناوخۆیی.
ئەحمەد ئەلشێخ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کەرتی خۆراک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و پاکستان لە پێپسی کۆ دەڵێت: “عێراق یەکێکە لە ناوەندە کشتوکاڵییە مێژووییەکانی ناوچەکە و ئێمە چاوەڕێی یارمەتیدانی توانای کشتوکاڵی و پیشەسازی دەکەین بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی هەرێمی هەناردەکردنی خۆراک. لە ڕێگەی هاوکاریمان لەگەڵ کۆمپانیای گرین عێراق، لەگەڵ جووتیارانی ناوخۆیی کاردەکەین بۆ بەهێزکردنی بەردەوامی کارەکانمان و بنیاتنانی زنجیرەیەکی دابینکردنی کاریگەرتر کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەرزکردنەوەی بەهای ئابووری لەناو عێراقدا، هاوکات بوونی بەرهەمە عێراقییەکان لە بازاڕ و فرۆشگاکانی سەرانسەری ناوچەکەدا فراوانتر دەکەین.”
محەمەد شەلەبای، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی خواردنەوەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە پێپسیکۆ دەڵێت: “کۆمپانیای خواردنەوە گازییەکانی بەغدا بۆ ماوەی زیاتر لە چوار دەیە یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان لە ناوچەکەدا. ئەم قۆناغە نوێیەی هاوبەشیکردنمان دەرفەتێکە بۆ دۆزینەوەی ئاسۆی نوێی گەشەکردن بەیەکەوە و لە هەمان کاتدا بەردەوامین لە پابەندبوونی درێژخایەنمان بۆ وەبەرهێنان و بنیاتنان لێرە لە عێراق.”
تاریق ئەلحەسەن، خاوەن پشکی سەرەکی هەردوو کۆمپانیاکە، بەناوی کۆمپانیای خواردنەوە گازییەکانی بەغدا و کۆمپانیای سەوز عێراق، گوتی: “ئێمە زیاتر لە حەوت دەیە بە هاوبەشی لەگەڵ پێپسیکۆ گەشەی بەردەواممان بەدەستهێناوە. ئەو دوو ڕێککەوتنەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراون ڕەنگدانەوەی خواستەکانمان بۆ قۆناغی داهاتووی گەشەکردن لە هاوبەشیکردنمان لەگەڵ پێپسی کۆ و هیوادارین لە ڕێگەی ئەوانەوە دەرفەتی کاری نوێ بۆ گەنجانی عێراقی بڕەخسێنین و گەشەکردن و پێشکەوتن بەرز بکەینەوە کە سوودی بۆ کۆمپانیاکانمان و عێراق بەگشتی بێت.”
پێپسی کۆ لە ساڵی 1950 ەوە لە عێراق کار دەکات و لەوێ درێژخایەنترین هاوبەشی لە کەرتی تایبەتی وڵاتەکەدا دامەزراندووە.
ئەم دوو ڕێککەوتنە نوێیە درێژەپێدەری میراتی پێپسیکۆ و ڕەنگدانەوەی خواستی هاوبەشن لەگەڵ هاوبەشەکان بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی پیشەسازی و کشتوکاڵی درێژخایەن لە عێراق.

