رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر …. بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دابەزاندنی نرخی بەنزین چووە واری جێبەجیكردنەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 2026.7.21، دوابەدوای فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێم و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و ئاری كاكه‌شین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر و لیژنەی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی بەنزین و ئەنجومەنی بەنزینخانەكان، بۆ بەدواچوون لە جێبەجیكردنی فەرمانی جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە دەبێت نرخی یەک لیتر بە نزینی نۆرماڵی حکومی “پاڵپشتی کراو” بە 750 دینار بێت و نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانیش بە 850 دینار بێت، بەنزینخانەی شیمالی لەشاری هەولێر بەسەركردەوە.

دوای بەسەركردنەوەی بەنزینخانەكە و لەنزیكەوە گفتوگۆكردن لەگەڵ شوفێران، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای سەرهەڵدانی کێشەی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ بڕیاری چارەسەرکردنی دەرکرد و هاووڵاتییانی خستە سەنتەری گرنگیپێدانەوە.

گوتیشی، بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت کە لیتری بە 750 دینارە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکرێت، هەروەها کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و پاڵاوگەکان پابەند کراون بەرهەمی پێویست دابین بکەن. ئاشكراشی كرد، لە شاری هەولێر 266 بەنزینخانە هەن، بەسوپاسەوە بەشی هەرە زۆریان پابەندی بڕیارەکە بوون و تابلۆی نرخەکانیان گۆڕیوە بۆ 850 دینار بۆ هەر لیترێکی بازرگانی.

سەبارەت بە ئەرکی لیژنەی چاودێریکردنی کوالێتی بەنزین بۆ چاودێریکردنی نرخەکانیش، جەختی لە بەردەوامی سەردانە مەیدانییەکانیان کردەوە و ڕایگەیاند، هیچ بەنزینخانەیەک سزا نادرێت ئەگەر پابەندی رێنماییەکان بێت، بەڵام هەر شوێنێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە.

گوتیشی، لە ماوەی رابردوودا حەوت بەنزینخانە بەهۆی خراپیی کوالێتییەوە سزادراون و ناوەکانیان بڵاوکراوەتەوە، هەروەها روونیکردەوە دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و پارێزگارەکان میكانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکان تاوتوێ کراون و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕی سووتەمەنییەکە زیاد دەکات، باسی لەوەش کرد، لە پلاندایە سیستەمی دابەشکردنی بەنزین لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە رێکبخرێت بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی زیاتر.