سەدیق سەعید ڕواندزی
نووسین بەرهەمی خوێندنەوەیە و بەبێ خوێنەر، شتێك نییە بە ناوی نووسەر. گەر سەرنج لە نەوەی هەفتاكان و هەشتاكان بدەین، دەبینین هەڵگڕی باكگراوەندێكی گەورەی ڕۆشنبیری و ئەدەبی بوون، چونكە ئەوان تا وشەیەكیان دەنووسی، دەیان كتێبیان دەخوێندەوە بەڵام پێدەچێ ئێستا، ئاسانترین و بێئەرزشترین كار نووسین بێت.
لەو ڕۆژانەدا، دیمانەی سەرنووسەری گۆڤارێكم لەگەڵ ژیریی دەستكرد خوێندەوە و پرسیاری ئەوەی لێ دەكات، كە ئایا داوای وتار و نووسینی لێ ناكەن؟ ئەویش دەڵێت بە بەردەوامی و من بیرۆكە و زانیارییەكانیان دەدەمێ ئەوانیش ڕێكی دەخەن كە ئەمە كێشەیە. ئێستا لە نێوەندی ڕۆشنبیریی كوردیدا، ئاسانترین كار پێدەچێ نووسین بێ، بۆیە دەبینین لە پڕ كەسێك وەك قارچك هەڵدەتۆقێ و لە ماوەی هەر هەفت ڕۆژەكەی هەفتەدا، وتار دەنووسێت و جارێك قسە لەسەر ژینگە و جارێكی دیكە مەحوی و نالی و جارێكی دیكە، وەرزش و مافی ئافرەتان و ئەدەبی منداڵان و دیموكراسییەت و فەلسەفە و فێمێنیزم و شەڕی ئەمریكا و ئێران و ململانێی ئۆكراینا و ڕوسیا و دەیان بابەتی دیكە دەكات! هیچ گومانم نییە، ئەوانە سوود لە ژیریی دەستكرد وەردەگرن، چونكە هیچ كەسێك نییە لە توانایدا بێت، هەموو ڕۆژێك وتارێكی درێژ بنووسێت، جا كارەساتەكە ئەوەیە بەبێ سەرچاوە و بڕواش ناكەم لە مانگێكدا سێ كتێب بخوێننەوە. نووسین كانیاو نییە تا كەی ئارەزوومان كرد، جامێكی تێ هەڵێنین و پڕی بكەین، نووسین بەرپرسیاریەتییە، بۆ ئەوەی وشەیەك بنووسین، دەبێ سەدان وشە بخوێنینەوە، بەبێ خوێنەوەی بەردەوام، ئەستەمە بتوانین ئەوەی دەینووسین تیایدا سەركەوتوو بین. ئەوانەی هەڵپەی ئەوەیانە هەر ڕۆژە و لە ڕۆژنامەیەك دەربكەون، چۆن بەخێرایی دەردەكەون، بەو خێراییەش دەكوژێنەوە، چونكە سواری ئەسپی خەڵكی پیادەیە.
پێشنیار دەكەم بۆ ڕۆژنامەو گۆڤارەكان، سانسۆرێكی ڕاوێژ و پرسیاریان بۆ ژیریی دەستكرد هەبێت، وتارەكان لەمەحەك بدەن، بۆ ئەوەی دەربكەوێت كێ بە شەونخوونی و خوێنەوەی بەردەوامی كتێب وتار دەنووسێت و كێش پەنا دەباتە بەر ژیریی دەستكرد و ئەوەی نووسیویەتی، بەرهەمی هزر و تێڕامانی خۆی نییە، ئەو كات دەردەكەوێت ئەوانەی وەك مەلای دوانزە عیلم قسە لە سەر هەموو شتێك دەكەن، نووسەری ڕاستەقینەن، یان دروستكراو و زادی ژیریی دەستكردن؟

