ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2026، لە بەرامبەردا ئەرجەنتین خراپترین یاری کرد چوارەم یاری کۆتایی مۆندیالی لە مێژوودا دۆڕاند، دێ لافوێنتی راهێنەری ئیسپانیا نهێنی سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی ئاشکرا دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەوەی لە یاریی کۆتایی هاندەری ئەرجەنتین بووە روونکردنەوەیەکی دا.
ئیسپانیا تۆڵەی خۆی کردەوە
هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و ئیسپانیا بۆ دووەمجار لە مێژوویاندا لە مۆندیال رووبەڕووی یەکتربوونەوە، پێشتر بۆ یەکەمجار لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 1966 بەرامبەر یەکتر یارییان کرد کە ئەوکات ئەرجەنتین 2 ـ 1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا بوو، دوای 60 ساڵ جارێکی دیکە ئەم دووانە لە مۆندیال بەیەک گەیشتنەوە، بەڵام ئەمجارە لە یاریی کۆتایی مۆندیال بەرامبەر یەکتر یارییان کرد و ئیسپانیا تۆڵەی خۆی لە ئەرجەنتین کردەوە.
لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026، ئیسپانیا بە تاکە گۆڵێکی فێران تۆرێس شکستی بە ئەرجەنتین هێنا، ماتادۆرەکان دوای 16 ساڵ جارێکی دیکە نازناوەکەی بردەوە.
رۆدری ناوەراستکاری ئیسپانیا بە باشترین یاریزانی مۆندیالی 2026 دیاریکرا، پاو کۆبارسی بەرگریکاری ئیسپانیا بە باشترین یاریزانی لاوی مۆندیالی 2026 دیاریکرا، ئۆنای سیمیۆن بە باشترین گۆڵپارێزی مۆندیالی 2026 دەستنیشانکرا.
دەقی قسەکانی دێ لافوێنتی راهێنەری ئیسپانیا
شانازی بەم نەوەیەی ئیسپانیا دەکەم، بەم فەلسەفەیە گەورەبوون و یەکتریان قەبوڵکردووەو پەرەیان بە ئاستیان داوە، نموونیەکی جوانن پێمان دەڵێن واتای تیم و خێزان چیە، ئەوان یاریزانی ئاست بەرزی جیهانن و بەهرەی ناوازەیان هەیە، زۆر بە هەست بە خۆشی دەکەم کە دەبینم چیمان بەدەستهێناوە، تێدەگەم هەموو شتێکمان بردووەتەوە، بەواتایەکی دیکە لەگەڵ ئەم نەوەیە هەموو هەموو شتێکمان بەدەستهێناوە،نازانم لە داهاتوو چی دەبێت نامەوێت پەلە بکەم لە بڕیاردان سەبارەت بە مانەوەم لەگەڵ هەڵبژاردەکە یاخود رۆیشتن، ئێستا تەنیا بیر لەوە دەکەم چێژ لەم سەرکەوتنە وەرگرین، ئێمە ئێستا لەم شوینەیان کە دەمانویست لەوێبین،رەنگە بیر لە یارییەکانی داهاتووی مانگی سێبتێمبەر بکەینەوە، بەڵام ئەمرۆ نا ئێستا کاتی ئاهەنگ گێرانە لەگەڵ یاریزانەکانم، من سوپاسی کۆکۆریا دەکەم کە گووتوویەتی وێنەی من لەسەر جەستەی تاتۆ دەکات، پێمگووتن هەڵەتان کردووە کە ئەم بەڵێنەتان داوە، بەڵآم لەشوێنێک دروستی مەکە بیشاریەوە چونکە من ئەوەندە ناشرین نیم حەز بەوە نەکەی کەس بیبینێت.
دەقی قسەکانی لیۆنێل سکالۆنی راهێنەری ئەرجەنتین
میسی کارێکی گەورەی کرد بە تەمەنی 39 ساڵە، کارێکی گەروەی کرد، هیوادارم ئەویش شانازی بە هاوڕێیەکانییەوە بکات، هیوادارم جەماوەر شانازی بە تیپەکەیانەوە بکەن و شانازی بەو هەموو ئەو شتانە بکەن کە پێشکەشی کردوون.
بوونی من لێرە بۆ دروستکردنی کۆمەڵە یاریزانێکی ترە، بەڕاستی پێویستی بە پێشڕەوی کردن هەیە، ئەستەمە بتوانین جارێکی تر کۆمەڵە یاریزانێکی تر هاوشێوەی ئەمانە دروست بکەینەوە، گرێبەستەکەی من تا مانگی ئەیلووە، نازانم چی روو دەدات دواتر، بەڕاستی زۆر بە ئازار بوو بۆ من، دوای لێبوردن دەکەم، بە دڵنیاییەوە منیش و مێسی لە داهاتوو واز لە ئەرجەنتین دەهێنین، بەڵام بە گیان رۆح پاڵپشتی وڵاتەکەمان دەکەین.
دۆناڵد ترەمپ هاندەری ئیسپانیا بوو؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ستایشی بەڕێوەچوونی مۆندیالی 2026 دەکات و دەڵێت “ئیسپانیا باشتر یارییکرد، چالاکییەکی گەورە و نایاب بوو”.
سەرۆکی ئەمریکا لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا لەنێوان ئیسپانیا و ئەرجەنتین ئامادەبوو کە ئیسپانیا یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و نازناوەکەی بەدەستهێنا. لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکاندا ترەمپ چووە سەر ستەیج و جامی مۆندیالی دایە دەست رۆدری، کاپتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
دوای گەڕانەوەی لە یارییەکە دۆناڵد ترەمپ لەبارەی مۆندیالەوە گوتی: “پێموابوو مۆندیال نایاب بوو. هەرگیز شتێکی وا نەبووە، لەوانەیە وەک چالاکییەک، چ جای تۆپی پێ یان سۆکەر، هەرچییەکی پێ دەڵێن. بەڵام پێم وابوو نایاب بوو. چوار هێندە گەورەتر بوو لە هەر مۆندیالێکی دیکەی فیفا کە تاوەکو ئێستا کرابێت. وە لە راستیدا ئەمڕۆ پێم دەڵێن کە نزیکەی پێنج هێندە بووە. بۆیە ئێمە زۆر شانازی بە وڵاتەکەمانەوە دەکەین.”
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت “زۆر شانازی بەو کارە دەکەین کە لەلایەن هەمووانەوە ئەنجام درا. پیرۆزبایی لە جیانی ئینفانتینۆ و هەموو ستافەکەی دەکەین بۆ ئەو کارە سەرسوڕهێنەرەی ئەنجامیان دا. ئەمە یەکێک بوو لە گەورەترین چالاکییەکان لە هەر جۆرێک بێت کە تاوەکو ئێستا ئەنجام درابێت. بۆیە زۆر دڵخۆشین کە بەو شێوەیە سەرکەوتوو بوو. لە هەموو جیهانەوە خەڵک هاتن و وڵاتەکەمانیان خۆش ویست. دەزانن، وڵاتەکەمانی بە شێوازێکی جیاواز نیشانی جیهان دا. شتێکی گەورە بوو، چالاکییەکی باش بوو. دڵخۆشم کە هەمووتان چێژتان لێ بینی.”
لەبارەی ئەوەی کە خەمبار بووە بە دۆڕانی ئەرجەنتین لە یارییەکەدا، ترەمپ گوتی “نەخێر، خەمبار نەبووم. پێموایە هەردووکیان باش یارییان کرد. دەتوانم بڵێم ئیسپانیا باشتر یاری کرد، بە راستی. بەڵام هەردووکیان باش بوون. مەبەستم ئەوەیە گەیشتنە یاری کۆتایی و لە راستیدا زۆر وروژێنەر بوو. وا دیار بوو ئیسپانیا باڵادەست بێت بەڵام یارییەکی زۆر نزیک و یەکسان بوو. بۆیە نایاب بوو. چالاکییەکی گەورە بوو.”
ملیۆنان هاندەر پێشوازیان لە پاڵەوانی مۆندیال کرد
ئیسپانیای پاڵەوانی مۆندیال سەر لەبەیانی دوێنی دووشەممە هۆتێلەکەیان لە نیوجێرسی ئەمریکا جێهێشت گەڕانەوە ئیسپانیا، یاریزانانی ئیسپانیا جامەکەیان بەدەستەوەبوو کاتێک سەرکەوتن بۆ پاسی تایبەتی هەڵبژاردەکە و بەڕێکەوتن بۆ فرۆکەخانەی نیوجێرسی، یاریزانانی ئیسپانیا گەڕانەوە وڵاتەکەیان، لە شەقامەکانی مەدریدی لەگەڵ جامی جیهانی سووڕنەوە و ملیۆنان هاندەر پێشوازییان لێکردن و ئاهەنگیان گێڕا.
شاندی هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئێوارەی دوێنی گەیشتەوە ئیسپانیا و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە پێشوازی یاریزانانی هەڵبژاردەکەدا بوون.
لە دوای تەواوبوونی یارییەکە، ئەگەرچی لە مەدرید، نیوەشەو بوو، هەزاران هاندەر لە گۆڕەپانی کۆلۆنی مەدریدی پایتەخت کۆبوونەوە و یاریی ئاگرینیان بەئاسماندا تەقاندە.
هاندەرانی هەڵبژاردەکە، کە قسەیان بۆ میدیاکان کردووە، گوتوویانە ئەوان لە ئاهەنگگێڕان تاوەکو بەرەبەیان بەردەوام دەبن و دواتر روودەکەنە فڕۆکەخانە، بۆ پێشوازی لە شاندی هەڵبژاردەکە.
شەقامەکانی پایتەختی ئیسپانیا کۆبوونەوەی زۆری خەڵکیان تاوەکو بەرەبەیانی بەخۆوە بینی، لەگەڵ دەرکەوتنیان بەئاڵای وڵاتەکەوە و لە دۆخی ئاهەنگگێڕان و گوتنەوەی گۆرانیی “We Are the Champions”، (ئێمە پاڵەوانین).
هاندەرەکان ئاشکرایانکردووە، شوێنی داهاتووی ئاهەنگگێڕانیان، گۆڕەپانی سیبیلیس دەبێت لە مەدریدی پایتەخت.
فرانسیسکۆ مارتین، نوێنەری حکومەت لە مەدرید ئاشکرایکردووە، پێشبینیدەکەن یەک ملیۆن کەس لە پێشوازیی شاندی هەڵبژاردەکەدا بن.
شاندی هەڵبژاردەکە لەسەر پشتی پاسێکی سەر کراوە بەچواردەوری کۆشکی ‘لامۆنکۆلادا سووڕانەوە، کە بارەگای حکومەتی لێیە، دواتر بەشەقامەکانی شارەکەدا رۆیشتن، تاوەکو دەگاتە گۆڕەپانی سیبیلیس و گۆڕەپانەکە بەتایبەت بۆ ئاهەنگگێڕانی یاریزانەکان تەرخانکرا بوو.
بەشێک لە ریکۆردەکانی مۆندیال
مۆندیالی ٢٠٢٦ بەکۆتاهات و ئیسپانیا بووە پاڵەوان، هەندێک ریکۆردی نوێ لەم مۆندیالە تۆمار کراون ئامارەکان گۆرانکارییان بەسەرداهات، کیلیان ئیمباپێ دووەم مۆندیالە لەدوای یەک خەڵاتی گۆڵکاری مۆندیال دەباتەوە، یاریزانانی ئیسپانیا لە ئاهەنگی کۆتایی پاڵەوانییەتیەکە سێ خەڵاتی تاکە کەسیان بەدەستهێنا، لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتین دەستبەتاڵ لەم مۆندیالە دەرچوو، رۆدری بووە باشترین یاریزانی مۆندیال تۆپی زێڕینی بردەوە، ئۆنای سیمۆن باشترین گۆڵپارێز و دەستکێشی زێڕینی بەدەستهێناو پاو کۆبارسیش خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی مۆندیالی بردەوە.
مێسی بەربژێری سەرەکی بوو بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکە دوای ئەوەی هەڵبژاردەکەی گەیاندە یاری کۆتایی، بەڵام رۆردی بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ ئیسپانیا پێشکەشی کرد دوای چاکبوونەوەی لە پێکانێی قورس خەڵاتی باشترینی مۆندیالیان پێبەخشی، جگە لەمەش مێسی بێبەشبوو لەوەی ببێتە یەکەم یاریزان لە مێژوو لە سێ مۆندیال ببێتە باشترین، بەو پێیەی لیۆ لە مۆندیالەکانی 2014 و 2022 وەکو پیاوی مۆندیالەکە دیاریکرا، رۆدری هیچ گۆڵ و ئەسیستی لەم مۆندیالە نەبووە، بەڵام قورسایی و راکردنی بەتۆپ و پاسدانی کاریگەری بەسەر هەڵبژاردکەی دروستکردووە، ناوەرستکارە 753 پاسی داوە، 94٪ـی پاسەکانی دروست بووە، لە هەزار و هەشت سەد و سێ کردار بەشداری کردووە، بەپێی ئامارەکانی فیفا زیاتر لە 200 کردار بەشداریکردنی لە هەریاریزانێکی تردا هەبووە.

