رۆژنامەی ھەولێر

پەیام ڕزگار: هونەر و وێنەکێشان بەشێک بووە لە حەزی منداڵیم

بڕیار عەبدولڕەحمان

 

مامۆستای شێوەکار (پەیام ڕزگار) ساڵی ٢٠٠٤ لە ڕواندز لەدایک بووە، یەکەمی سەر پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی ڕواندز بووە لە بەشی شێوەکاری لە ساڵی خوێندنی ٣٠٢٣-٢٠٢٤، خاوەن سەلیقەیەکی جوانە لە نیگارکێشان. لەم چاوپێکەوتنەدا باس لە ژیانی هونەری خۆی و گەیشتن بەم قۆناغە دەکات.

چی وای لێ کردی بەشی شێوەکاری هەڵبژێری، حەز و خولیای خۆت بوو، یان بە ڕێکەوت چوویتە ئەو بەشە؟
هونەر و وێنەکێشان بەشێک بووە لە حەز و خولیای منداڵیم، لەو کاتەوە هەستم ئەکرد، ئەو بەهرەیەم هەیە و حەزم کرد زیاتر پەرەی پێبدەم و بە ئەکادیمی بخوێنم.
تابلۆکانت گوزارشت لە چی دەکەن؟
تابلۆکانم زیاتر گوزارشت لە بابەتی فۆلکلۆری و نیشتمانپەروەری و ئەو بابەت و ڕووداوانەی ڕۆژانە دەیبینین و ڕوو دەدەن.
لە ڕێی هونەرەکەتەوە دەتەوێت چ پەیامێک بگەیەنی؟
دەمەوێ لە ڕێگەی هونەرەکەمەوە پەیامی ژیان و نیشتمانی و مرۆڤدۆستی بگەیەنم، پەیامی بوێری ئافرەت و خۆشەویستی و پیشاندانی دیوە جوانەکانی ژیان.
تا ئێستا چەند پێشانگەی تایبەتت کردۆتەوە و لە چەند پێشانگەی هاوبەش بەشداریت کردووە؟
تاوەکو ئێستا بەشداریم لە چەندین پێشانگەی هاوبەش کردووە و تەنها یەک پێشانگەی تایبەت بەخۆمم کردۆتەوە، هیوام وایە لە ئایندەدا بتوانم زیاتر خزمەت بکەم.
کێ هاندەر و پاڵپشتت بووە؟
لەم چەند ساڵەی ئەزموونی هونەریم دایک و باوکم، مامۆستایانم، هاوڕێیانم، هاندەری تەواوم بوونە و پاڵپشتیان کردووم. بە بوونی ئەوانەوە بەردەوامم.
ڕۆڵی پەیمانگە چۆن هەڵدەسەنگێنی لە گرنگیدان بە هونەری وێنەکشان، بە تایبەتیش ڕەگەزی مێ؟
بێگومان لە پەیمانگە بە شێوەیەکی ئەکادیمی زیاتر شارەزای بوارەکە دەبیت و ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە بەرەوپێشچوونی بەهرە و تواناکانمان.