سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا
شاری کۆیە کە هەمیشە وەک مەکۆی زانست و هونەر و ئەدەب ناسراوە، جارێکی دیکە لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی ناوازە و مێژووییەوە، ناوی خۆی لە لاپەڕە گەشەکانی فەرهەنگی کوردستاندا تۆمار کردەوە. ئەمجارە نەک بە تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵکو بە ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی شێوەکاری کە بە درێژترین دیوارنیگاری لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەژمار دەکرێت، سەرنجی هەموو جیهانی هونەری بەرەو خۆی ڕاکێشا. ئەم کارە مەزنە کە لەسەر دیوارەکانی گۆڕستانی شەهیدانی شاری کۆیە نەخشێنراوە، تەنها تابلۆیەکی سادە نییە، بەڵکو گێڕانەوەی داستانێکی پڕ لە شکۆیە کە بە زمانی ڕەنگ و فڵچە و هەستی نیشتمانپەروەری نوسراوەتەوە. ئەم پڕۆژە ستراتیژییە هونەرییە لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بەشی شێوەکاری لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کۆیەدا کراوە. پەیمانگەکە بە هەستکردن بە بەرپرسیارەتی بەرامبەر بە مێژووی شارەکە و خوێنی گەشی شەهیدان، بڕیاری دا سیمایەکی جیاواز و شایستە بە گۆڕستانی شەهیدان ببەخشێت. پڕۆژەکە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕ و شارەزا لە مامۆستایان و شێوەکاران و و فێرخوازە بەهرەمەندەکانەوە جێبەجێ کراوە، کە توانیویانە لە ماوەیەکی پێوانەییدا کارێکی هونەریی بەو قەبارە گەورەیە و بەو کوالێتییە بەرزە پێشکەش بکەن. چیا بێستون، وەک بەڕێوەبەری پەیمانگا گوتی ئەم پڕۆژە مەزنە و یەکێک لە مامۆستا سەرپەرشتیارەکان بە شانازییەوە باس لە گرنگی و ڕەهەندەکانی ئەم کارە دەکات. بێستون ئاماژە بەوە دەدات کە بیرۆکەی پڕۆژەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە هونەر بکرێتە پردێک بۆ پەیوەندی نێوان نەوەکان و بەرز ڕاگرتنی یادی ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان فیدای نیشتمان کردووە. ئەو دەڵێت کە ئەم دیوارنیگارییە درێژییەکەی زیاتر لە ١٣٠٠ مەترە و تێیدا هەوڵدراوە بە شێوازێکی مۆدێرن و بە سوودوەرگرتن لە شێوەزار و ڕەنگە جیاوازەکان، سەمفۆنیایەکی بینراو دروست بکرێت. بێستون جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمە تەنها کارێکی هونەری نییە، بەڵکو پەیامێکی ڕوونی وەفادارییە کە لە کۆیەوە بۆ هەموو جیهان دەنێردرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە کورد هەمیشە هونەر و جوانی وەک ئامرازێک بۆ ژیان و مانەوە بەکاردەهێنێت. سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە بەرهەمی ماندووبوون و داهێنانی کۆمەڵێک مامۆستای لێهاتوو و فێرخواز و هونەرمەندە بە ئەمەکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کۆییە. ئەو مامۆستا و هونەرمەندانەی کە شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەک بۆ نەخشاندنی ئەم دیوارنیگارییە بریتین لەو ماموستا بەڕێزانە: سامان ئەحمەد، چیا بێستون، هەوراز ڕەفیق، هاوکار فریاد، هەڵوێست عەبدولکەریم، دەوەن مشیر، هەردی مەهدی. لە تەک ئەم مامۆستا بەڕێزانەدا، گروپێک فێرخواز و هونەرمەندی دڵسۆزیش وەک هاوکار و بەشداربووی سەرەکی ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە؛ دابان وەهاب، هاوتا فریاد، شەهلە نافیز، هێلین حیسامەدین، سارا عەبدوڵا، شاناو ئەنوەر و بێلان ئاسۆ.
ئەم تێکەڵاوبوونەی نێوان ئەزموونی مامۆستایان و وزەی فێرخوازان، وای کردووە کە دیوارنیگارییەکە ببێتە قوتابخانەیەکی هونەریی کراوە لەسەر دیوارەکانی کۆیە. هەر لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکان و بڵاوبوونەوەی دیمەنە سەرەتاییەکانی ئەم دیوارنیگارییە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە ستایش و دەستخۆشی بۆ ئەم کارە ناوازەیە. زۆرێک لە چالاکوانان و هونەردۆستان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پڕۆژەیە سیمایەکی شارستانی و هونەریی بە شاری کۆیە بەخشیوە و وایکردووە گۆڕستانی شەهیدان ببێتە مۆزەخانەیەکی کراوە. ئەم دەنگدانەوەیە نیشانەی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان تینووی کارە هونەرییە مەزنەکانن و ڕێزێکی زۆر لەو داهێنانە دەگرن کە خزمەت بە پیرۆزییەکانیان دەکات. ئەم دیوارنیگارییە کە وەک درێژترین کار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە، بە وردییەکی زۆر و بەکارهێنانی تەکنیکی شێوەکاریی پێشکەوتوو ئەنجامدراوە. ڕەنگەکان بە جۆرێک هەڵبژێردراون کە بەرگەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بگرن و بۆ ماوەیەکی زۆر بە گەشاوەیی بمێننەوە. تێیدا هێماکانی سروشت و مێژووی کوردستان بە شێوەیەکی هونەریی تێکەڵ کراون، کە هەر پارچەیەکی دیوارەکە چیرۆکێکی تایبەت دەگێڕێتەوە. ئەمە وایکردووە کە دیوارنیگارییەکە تەنها دیوارێک نەبێت، بەڵکو ببێتە ناسنامەیەکی هونەری بۆ شارەکە و جێگەی شانازی بۆ هەموو تاکێکی کورد. کۆیە، تەنها دەستکەوتێکی هونەری نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کۆیەو هونەرمەندانی کۆیە، دەتوانن کاری مەحاڵمەحاڵ جێبەجێ بکەن. ئەم پڕۆژەیە میراتێکی مەزنە بۆ نەوەکانی داهاتوو و دەبێتە جێگەی سەرنجی مێژوونووسان و هونەرمەندان لە داهاتوودا.

