ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
سەرچاوەیەکی رۆنامەوانی فەرەنسا ئاشکرای کردووە کە مایکل ئۆلیسێ لە کاتی یارییەکانی جامی جیهانیدا بە هاوڕێیەکانی گوتووە کە دەیەوێت بایرن میونشن بەجێبهێڵێت و بچێە ریال مەدرید.
مایکل ئۆلیسێ، ئەستێرەی فەرەنسی ئارەزووی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە لە وەرزی داهاتووەوە نیشان داوە، دوای ئەوەی لە کاتی یارییەکانی جامی جیهانیدا بە هاوڕێکانی راگەیاندووە کە نیازی هەیە بایرن میونشن بەجێبهێڵێت، ئەمەش بەپێی ئەوەی رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی پشتڕاستی کردووەتەوە.
مایکل ئۆلیسێ ئۆلیسێ لە ناو بژاردەکاندا بوو کاتێک فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا باسی لە پێشکەشکردنی دەستەوارەیەک بەبڕی 150 ملیۆن یۆرۆ کرد بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی گەورەی جیهانی، پێش ئەوەی سەرۆکی یانە شاهانەکە خێرا ئەوە روون بکاتەوە کە مەبەستی لەو قسانەی یاریزانە فەرەنسییەکە نەبووە. رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپرسانی ریال مەدرید ئاگاداری ئارەزووی یاریزانەکەن، و بەنیازن دوای کۆتایی هاتنی جامی جیهانی دەست بە هەنگاوەکانیان بکەن بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەکە، سەرەڕای ئەوەی دەزانن ئەرکەکەیان قورسە، بەتایبەت کە
بایرن میونشن نیازی دەستبەرداربوونی نییە، ئەمەش ئەوەیە کە بەرپرسانی یانەکە پێشتر جەختیان لێ کردووەتەوە.
هێربێرت هاینەر، سەرۆکی بایرن میونشن، پەیامێکی روونی لەبارەی گرنگیپێدانی ئەگەری ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئۆلیسی ئاراستە کرد و گوتی “فلۆرێنتینۆ پێرێز دەتوانێت دەستەوارەکە بۆ خۆی بپارێزێت و پێشکەشی نەکات، چونکە ئێمە نامانەوێت بیفرۆشین”.
ئەم هێرشبەرە تەمەن 24 ساڵە گرێبەستێکی لەگەڵ بایرن میونشن هەیە کە تاوەکو هاوینی 2029 درێژ دەبێتەوە، بەڵام پێیوایە کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوێکی نوێ لە کاروانی وەرزشی خۆیدا بنێت، ئەمەشی لە کاتی یارییەکانی جامی جیهانیدا بە هاوڕێکانی گوتووە.
بەپێی ئەوەی لیکیپ ئاماژەی پێکردووە، دایۆت ئۆپامیکانۆی هاوڕێی لە تیمەکەدا هەوڵیداوە بڕوای پێ بهێنێت لە میونشن بمێنێتەوە.
لیکیپ روونیکردووەتەوە کە ئەگەری ئەنجامدانی گرێبەستی ئۆلیسێ رەنگە ببێتە هۆی رۆیشتنی یەکێک لە ئەستێرە دیارەکانی یانە شاهانەکە بۆ ئەوەی شوێن بۆ ئەستێرە فەرەنسییە نوێیەکە بکرێتەوە.
پێشبینییەکانی رۆژنامە فەرەنسییەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە جود بێلینگهام، کە ئێستا پەیوەندی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ لە باشترین دۆخدا نییە، یان ڤینیسیۆس جونیۆر، کە هێشتا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دانوستاندنی نەکردووە، بەربژێرن بۆ جێهێشتنی قەڵای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بۆ ئەوەی رێگا بۆ هاتنی ئۆلیسێ خۆش بکەن.
مایکل ئۆلیسێ تەمەن 24 ساڵ، لە مۆندیال حەوت ئەسیستی کرد و لەگەڵ بایرن میونشن لە کۆی 107 یاری، 42 گۆڵ و 54 ئەسیستی کردووە.

