ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
بەگوێرەی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنیا بارسێلۆنا هێشتا بێهیوا نەبووە لە گواستنەوە خولیان ئەلڤارێز، چونکە ئەو یاریزانە خەون بە پۆشینی درێسی بارسێلۆنا دەبینێت، لە بەرامبەردا ئاتڵێتیکۆ مەدرید رەتی دەکاتەوە ئەو یاریزانە بە 200 ملیۆن یۆرۆش بە بارسێلۆنا بفرۆشن.
یانەی بارسێلۆنا کارەکانی بۆ گواستنەوەی خولیان ئەلڤارێز چڕکردووەتەوە و هانزی فلیک پێیوایە ئەو یاریزانە باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی ببێتە هێرشبەری سەرەکیی یانەکە و شوێنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بگرێتەوە.
هانزی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا هیچ گومانێکی نییە خولیان ئەلڤارێز ئەو هێرشبەرەیە کە دەتوانێت گۆڕانکاری لە شێوازی یاریکردنی یانەکەیدا بکات. سەرەڕای خراپی ئاستی جولیان لە مۆندیال، بەڵام فلیک پێیوایە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە جیاواز لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، توانایەکی زۆری لە جووڵە و دروستکردنی بۆشایی و یاریکردن لە دەرەوەی ناوچەی سزادا هەیە، ئەمەش وا دەکات هێڵی هێرشبەری یانە کەتەلۆنییەکە پێشبینی نەکراو بێت.
دیکۆ بەڕێوبەری وەرزشی و خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، گواستنەوەی ئەلڤارێزیان کردووەتە پێشەنگی کارەکانیان. یانەکە دەیەوێت پاڵپشتی تەواوی یاریزانەکە بکات بۆ ئەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید رازی بکەن رێگەی پێ بدات روو لە کامپ نو بکات. هەرچەندە تاوەکو ئێستا یانە مەدریدییەکە وەڵامی فەرمی دەستەوارەکەی بارسێلۆنای نەداوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە متمانەیان بەوە هەیە ئاتلێتیکۆ مەدرید کات دەکوژێت بۆ ئەوەی بڕی دەستەوارەکە زیاد بکەن یان یاریزانەکە بە یانەی ئارسیناڵ بفرۆشن.
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە ماوەی چوار وەرزدا لەگەڵ بارسێلۆنا ساڵانە بە تێکڕا 30 گۆڵی تۆمارکردووە، هانزی فلیک پێیوایە ئەلڤارێز دەتوانێت رێژەی گۆڵەکانی لیڤاندۆڤسکی تێپەڕێنێت و زۆرترین گۆڵ بۆ بارسێلۆنا بکات.
جولیان ئەلڤارێز لە مانگی 2ـی 2025 بەڵێنی لە کارگێڕیی ئاتلێتیکۆ مەدرید وەرگرتووە رێگەی پێبدەن لە هاویندا یانەکە جێبهێڵێت. یاریزانەکە و بارسێلۆنا دەیانەوێت سوود لەو بەڵێنە وەربگرن بۆ ئەوەی گواستنەوەکە سەر بگرێت. بڕیار وایە دوای تەواوبوونی یارییەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیال، هەردوولا ستراتیژێکی هاوبەش بۆ گوشارخستنەسەر یانە مەدریدییەکە دابڕێژن.
لە لایەکی دیکەیشەوە، سەرۆکی یانەی ئاتڵێتیکۆ مەدرید بە رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیای راگەیاندووە ئۆفەری 100 ،لیۆن یۆرۆی بارسێلۆنایان بۆ گواستنەوەی ئەلڤارێز رەتکردووەتەوە، تەنانەت 150 ملیۆن یۆرۆش رەت دەکەنەوە و ئامادە نین ئەو یاریزانە بە 200 ملیۆن یۆرۆش بە بارسێلۆنا بفرۆشن.

