شاندێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری سەردانی مامۆستا سەباح هورمزی نووسەریان كرد.
بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستیی نووسەر و ڕەخنەگری بەئەزموونی بواری شانۆ، مامۆستا (سەباح هورمز)، شاندێکی باڵای وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ماڵەوە سەردانیان کرد.
شاندی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، كە پێک هاتبوو لە “ئاریان سەلاحەدین” بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، “سیروان عوسمان” بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، “گۆران حوسێن” بەڕێوەبەری چالاکیی وێژەیی و سەنتەرەکان.
جێی ئاماژەیە، نووسەر و ڕەخنەگری ناودار مامۆستا سەباح هورمز، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی و تووشبوونی بە نەخۆشیی دڵ، لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو. سوپاس بۆ خودای مەزن، ئێستا باری تەندروستیی جێگیرە و گەڕاوەتەوە ناو ماڵ و خانەوادەکەی.
نووسەر و ڕەخنەگری شانۆیی سەباح هورمز، كە لە پێكهاتەی كریستیانە و لە عەنكاوە لە هەولێر دادەنیشێ، ناوێكی دیاری ناو بواری شانۆ و رەخنەی شانۆییە و بە لێكۆڵینەوە و رەخنەكانی توانیویەتی خزمەتێكی بەرچاو بە بوارەكە بكات، بە تایبەت خوێندنەوەی بۆ ژمارەیەك رۆمانی كوردی لە نووسینی نووسەرانی دیار و بەرچاوی كورد.
مامۆستا سەباح هورمز، كە ئەندامی کارای کۆمەڵەی شانۆکارانی عێراق و تیپی شانۆی سریانییە، قەڵەمێكی بەبڕشتی ڕەخنەی شانۆییە و لەم بوارەدا بەرهەمی زۆری بە وتار و سمینار و كتێب پێشكەش كردووە، بەشێك لە دیارترین وتار و لێكۆڵینەوە و كتێب و بەرهەمەکانی نووسەر بە زمانی كوردی و عەرەبی و سریانی ئەمانەن:
• لەبارەی شانۆی کوردی ١٩٩٣
• پێشەکییەک بۆ شانۆی سریانی لە عێراق ٢٠٠١
• سێ دەیە لە شانۆی کوردی ٢٠٠٣
• خوێندنەوەی زیاتر لە شانۆی سریانی ٢٠٠٥
• خوێندنەوەکان لە شانۆی هاوچەرخدا: حەوت نووسەر وەک مۆدێل ٢٠١٣
جبل المراثي
• هكذا تلقيت هذه الروايات
• قراءات في المسرح المعاصر
• المكان في روايات شاكر الانباري
• بنيات السرد في روايات محسن الرملي
• دەیان وتار و بەرهەمی چاپكراوی دیکە
ئەمە جگە لەوەی چەندین لێکۆڵینەوە و بابەتی ڕەخنەیی لەسەر شانۆ بڵاو کردووەنەتەوە و تیشکی خستووەتە سەر شیکردنەوەی بەرهەمی نووسەرانی نێودەوڵەتی وەک (چیخۆف، ئارسەر میلەر و بێرتۆڵت برێخت، هەروەها نووسەرانی عێراقی و کورد.
سەباح هورمز ڕەخنەگری ڕۆمان و ڕەخنەگری شانۆیی عێراقی و كوردستانییە و بە یەکێک لە کەسایەتییە پێشەنگەکانی ڕەخنەی شانۆی کوردی و عێراق دادەنرێت. زیاتر لە سێ دەهەیە لە بواری ڕەخنەی شانۆدا کاری کردووە. بە خوێندنەوەی شیکاری و تێڕامانە قووڵەکانی بۆ شانۆنامە و نمایشەکان ناوبانگی دەرکردووە و بەشدارییەکی بەرچاوی لە بەڵگەنامەکردنی مێژووی شانۆی کوردی و سریانیدا کردووە.
شاندەكەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ لای ئەم نووسەر و رەخنەگرەی شانۆ و رۆمان، لە دڵەوە هیوای زوو چاكبوونەوە و تەندروستییەکی باش و تەمەنێكی درێژ و لەشساغییان بۆ ئەم خاوەن قەڵەمە دیارەی بواری شانۆ و ئەدەبی کوردی خواست، هیواشیان بۆی خواست لە بەخشش و بەرهەمەكانی لەپێناو دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی هەر بەردەوام بێت.

