ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانی دیوەخانی ڕەشاد موفتی کرد و لەلایەن ئیحسان رەشاد موفتی،و کەنعان رەشاد موفتی، کوڕانی ڕەشاد موفتی، و کەسایەتیەکانی ئەو بنەماڵە، بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
لە دیدارێکی دۆستانەدا، باس لە مێژوو و ڕۆڵی نیشتمانی، ئاینی و سیاسی بنەماڵەی موفتی کرا، کە بە یەکێک لە بنەماڵە ناسراوەکانی شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەشێوەیەکی کاریگەر لە ژیانی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی بەشدار بووە.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، باس لە گرنگی و ڕۆڵی کتێبخانەی بنەماڵەکە کرا وەک یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی پاراستنی ئەرشیفی ئەدەبی، مێژوویی و کۆمەڵایەتی شاری هەولێر. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پاراستن و بەهێزکردنی ئەم میراتە مەعنەوییە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ناسنامەی مێژوویی و ڕۆشنبیریی شارەکە و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو…
هاوکات گرنگی پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یەکڕیزی و هاوکاری لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پێشخستنی شاری هەولێر جەختی لەسەر کرایەوە .

