ئەمڕۆ یەکشەممە 7/19، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ئاوی (باڵندا – بارزان)ی كردەوە، کە ئاوی خواردنەوە بۆ 53 گوندی سنووری قەزاکانی مێرگەسۆر و خەلیفان و ئاکرێ دابین دەکات.
سەرۆکی حکومەت دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی پڕۆژەکە، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لەو پڕۆژانەی کە حكومەتی هەرێم لە بواری گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچە و دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان بێ جیاوازی ئەنجامی دەدات.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەخێرهاتنێكی گەرمی هەمووتان دەكەم و زۆر كەیفخۆشم كە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوە بەشدارم بۆ كردنەوەی پرۆژەیەكی گرنگ كە ئەویش پرۆژەی ئاوی 53 گوندی دەڤەری بارزان و چەندین گوندی (بەرۆژیا و نزاریا) و هەندێك گوندی ناوچەی زێباری و سورچیيایەتیش سوودمەندن لەم پڕۆژەیەدا.
پرۆژەیەكی زۆر گرنگی ئاوە لە چوارچێوەی ئەو پرۆژانەی كە حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچە و دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی. زۆر كەیفخۆشم كە ئەمڕۆ ئەم پرۆژەیە گەیشتە ئەنجام و ئەمڕۆ بە فەرمی دەكرێتەوە.
زۆر خۆشحاڵم كە گەلێك فەرماندە و قارەمانی میللەتی ئێمە جارێكی دیكە لێرە دەبینمەوە، زۆر دڵخۆشم بە دیتنی ئێوە. من دەزانم كە ئەو پێشكەوتنەی ئەمڕۆ لە كوردستان بەدەست هاتووە و ئەو دەستی ئاوەدانییەی كە دەگاتە هەموو دەڤەرەكانی كوردستان، لە سایەی خەباتی ئێوە و خوێنی شەهیدانی ئێمەیە، لەبەر ئەوە پێش هەموو كەسێك دەستخۆشی لە ئێوە و سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ ئەوەی كە ئەم دەرفەتەتان دا بە ئێمە.
پرۆژەی ئاوی (باڵندا – بارزان) لە ساڵی 2013 بڕیاری لێ دراوە، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێكی وەك قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش و چەند كێشەی دیكەی ئابووری و كێشەی كۆرۆنا كە هاتە پێشەوە، بووە هۆكاری ئەوەی كە ئەم پرۆژەیە لە كاتی خۆیدا جێبەجێ نەكرێت. پاشان لە ساڵی 2022 جارێكی دیكە بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە درا و كۆمپانیای (ARGE) بەشدار بوو لە جێبەجێكردنی بەشێكی زۆری ئەم پرۆژەیە، بەڵام دیسان لەبەر هەندێك هۆكار ئەم پرۆژەیە تەواو نەبوو. پاشان داوا لە كۆمپانیای (GEG) كرا بۆ درێژەدان و بەردەوامبوون و جێبەجێكردن و تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە. من دەستخۆشیی لە هەردوو كۆمپانیا دەكەم، بە تایبەت كۆمپانیای (GEG) كە هەموو ئەندازیار و پسپۆڕ و ئەو كەسانەی لەسەر ئەم پرۆژەیە كاریان كردووە، خۆماڵی بوون. جێی سەربڵندیی ئێمەیە كە لە كاتێكی نزیكدا ئەم پرۆژەیان بەجێ گەیاند، ئینشائەڵا بەردەوام لە سەركەوتندا دەبن و كوردستانیشمان ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێت.
ئاو سەرچاوەی سەرەكیی ژیانی هەموو كەسێكە و پێویستە هەموومان زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی ئاودا نەكەین. ئەم دەڤەرە بە ژینگەپارێزی ناسراوە، زۆر كەیفخۆشم كە دەبینم ناوچەكە، بە تایبەتیش دەڤەری بارزان كە لە لایەنی ژینگەپارێزی بووەتە پێشەنگ، پاشماوە و زبڵ و خاشاك فڕێ نادەنە سەر شەقام یان جێگە پیس ناكەن، هیوادارم ئەم كولتوورە جوان و باشە بەردەوام بێت. ژینگەپارێزی بەس پاك و خاوێنڕاگرتنی ژینگە نییە، بەڵكوو پاراستنی دار و دارستان و ئاژەڵەكانیشە، ئەمە كولتوورێكە كە لە مەزنەكانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و هیوادارم ئێمە هەموومان پێیەوە پابەند بین و ڕێنماییەك كە مەزنەكانمان بۆیان بەجێ هێشتووین، ڕێز لە ژینگەی خۆمان بگرین و وەك ماڵی خۆمان بیپارێزین.
دەستخۆشیی لە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە دەكەم، هیوادارم هەموو كوردستان ئەم پرۆژانە بگەنە هەموو بەشەكانی كوردستان. هەرچەندە چەندین پرۆژەی وەك ئەمە و مەزنتر لە كوردستان هاتووەتە جێبەجێكردن، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر لە هەردوو لای ڕاست و چەپی شار، یان چەندین دەڤەری دیكە لە هەرێمی كوردستان، پرۆژەكانی گەیاندنی ئاو بۆ دابینكردنی ئاسایشی ئاو لە سەرانسەری كوردستان، هەندێكیان ئەنجام دراون و هەندێكیش لە بەرنامەدان بۆ ئەوەی ئەوانیش جێبەجێ بكرێن.
لەسەر ئەم پرۆژانە بەردەوام دەبین و هەوڵ دەدەین هێندەی لە تواناماندا بێت، خزمەتگوزاریی بگەیەنینە هەموو بەشەكانی هەرێمی كوردستان. جێی خۆیەتی لێرە سوپاسێكی گەرمی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەموو ئیدارە و لایەنە پەیوەندیدارەكان و قایمقامی مێرگەسۆر بكەم بۆ بەشداری و پشتیوانیی ئەوان لەو پرۆژەیە. هەروەها دەستخۆشیی لە برای ئازیز مەلا مستەفا دەكەم كە گەلێك بە خەمخۆری بەدواداچوونی بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە كردووە و خەمخۆر بووە بۆ ئەوەی هەموو كاتێك پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بگەن بە خەڵك بەبێ جیاوازی. دەستخۆشیی لە هەمووتان دەكەم بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە، خوا پشتیوان بێت پرۆژەی زیاتریش جێبەجێ بكرێن.
دەرفەتە من هەندێك باسی بارودۆخی نێودەوڵەتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا و بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش بكەم. دیارە هێشتا گرژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن و ئێوەش دەبینن كە بەداخەوە گەلێك جار زیان بە ئێمە گەیشتووە، بەبێ ئەوەی ئێمە بەشێك بین لەم شەڕ و گرژییەی كە ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە. دیسان دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لەم گرژییانە و ئێمە نامانەوێ ببینە بەشێك لەم ململانێ و ئەو شەڕەی ئێستا لەم ناوچەیەدا هەیە. هیوای ئێمە ئەوەیە كە ئاشتی و سەقامگیری جارێكی دیكە بگەڕێتەوە و شەڕ و كوشت و كوشتار بەرەو كۆتایی بچن. هەموو وڵاتێك داخوازی دەكات كە وڵاتانی دیكە نەبنە جێی مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەوان، ئێمەش ئەم داخوازییە دەكەین، ئێمەش نامانەوێ هەرێمی كوردستان لە لایەن هیچ كەسێكەوە هەڕەشەی لێ بكرێت یانیش ئەو ئاژاوە و كوشتن و گرتن و هەڕەشە و بۆردومانەی كە بەردەوام، ئەو هێرشە بەردەوام لەسەر هەرێمی كوردستان بێ پاساو هەیە، هیوادارم رابگیرێن، چونكە شەڕ و كوشتن و گرتن خێری كەسی تێدا نییە و بەرفراوانكردنی ئەم شەڕە لە ئەنجامدا هەموو لایەك تێیدا زەرەرمەند دەبن. بۆیە ئێمە بەردەوامیی ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكە شەرمەزار دەكەین و هیوادارین كە بەرەو كۆتایی بچن و ئەم شەڕانە نەمێنن و ئاشتی و سەقامگیری جارێكی دیكە بۆ هەموو میللەتانی ئەم دەڤەرە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێتەوە.
پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لە ئاستێكی زۆر باشدایە، بە تایبەتیش كە حكومەتی تازە لە بەغدا دامەزرێندرا، حكومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە پشتیوانیكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ بەڕێز عەلی زەیدی، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیكردنی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. داوای ئێمەش هەموو كاتێك ئەوە بووە كە بەغدا بەبێ فەرق و جیاوازی دەستوور جێبەجێ بكات و خەڵكی كوردستانیش وەك هەموو خەڵكی عێراق سوودمەند بێت لە هەموو مافە دەستوورییەكانی خۆی و فەرق و جیاوازی لە نێوانیاندا نەكرێت.
ئەم هەڵمەتەی جەنابی سەرۆك وەزیران كە لەم دواییانە بۆ بنبڕكردن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستی پێکردووە، دەستخۆشی لێ دەكەین و حكومەتی هەرێم بەشێكی سەرەكی بووە لە پشتیوانیكردن و پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی سەرۆك وەزیران بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە قورسە و هیوادارم تێیدا سەركەوتوو بێت. هیوای ئێمە ئەوەیە كە هەم دۆخی ئابووری و دۆخی سیاسی و دۆخی ئەمنیی لە عێراق باشتر بێت رۆژ بە رۆژ، بێگومان هەرێمی كوردستان بەشێكی سەرەكی دەبێت لە چارەسەركردنی. هیوای ئێمە ئەوەیە كە مافەكانی هەرێمی كوردستان وەك خۆی جێبەجێ بكرێن و هیوادارین ئەو هەوڵانە پێشتر كە جیاوازیی لە نێوان هەرێمی كوردستان و شارەكانی دیكەی عێراق دروست دەکرد، بەرەو كۆتایی بچن. داخوازیی ئێمە لە سەرۆك وەزیران و حكومەتی نوێ ئەوەیە كە دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
لەسەر ئاستی ناوخۆ دیسان ئەوە چەندین جارە ئێمە داخواز دەكەین كە هەموو لایەنە سیاسییەكان بێنە پێشەوە و بەرژەوەندیی میللەت و هەرێمی ئێمە، ئەزموون و دەستكەوتی ئێمە، بخەنە سەر بەرژوەندیی شەخسی، ئەمە چەندین مانگە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كراوە، بەداخەوە تا ئێستا حكومەت دانەمەزراوە. سەرەڕای ئەوەی كە پارتی پابەند بووە بۆ جێبەجێكردنی ئەركی خۆی و ڕێزگرتن لە دەنگی دەنگدەران و هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی پەرلەمان و لە ئەنجامدا دروستكردنی حكومەتێك، بةلأام بەداخەوە تا ئێستا ڕێگریی هەبووە، نە پەرلەمان كارا كراوە و نە حكومەت پێكهێندراوە، زەرەرمەندی سەرەكی خەڵكە. ئێمە جارێكی دیكە داخوازیی خۆمان ئاراستەی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەینەوە، ئەگەر راستگۆن و خەمخۆرن بۆ خەڵكی كوردستان، با كەرەم بكەن و بێن پەرلەمانی كوردستان كە موڵكی خەڵكی كوردستانە، كارا بكەنەوە و پەرلەمان نەبێتە بارمتە لە دەست هیچ كەسێك بۆ دەستكەوتی شەخسی یانیش بۆ ڕێگریكردن لە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و دروستكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكار بێت. پارتی جارێكی دیكە پابەندە كە ڕێز لە دەنگی خەڵكی كوردستان بگرێت، ئێمە ئامادەین و دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان درێژ دەكەین و داوایان لێ دەكەین بە تایبەت لەم بارودۆخە هەستیار و ناسكەدا، بێن و لەگەڵ ئێمە هاوبەش بن لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و لە خزمەتی خەڵكی خۆیاندا بن. ئێمە هەموو ئامادەییەكمان هەیە بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خەڵكی خۆمان، میللەتی خۆمان، خاكی خۆمان، بخەینە سەر بەرژەوەندیی شەخسی. هیوای ئێمە ئەوەیە كە ئەم پەیامەمان بگاتە هەموو لایەك و ئەوانیش بەرەو پیریەوە بێن.
جارێكی دیكە دەستخۆشیی لە هەمووتان دەكەم، هەرچەندە لەم ساڵانەدا ئێمە قەیران لە دوای قەیرانمان بینی و تێمانپەڕاندن، بەڵام هیچ یەكێك لەو قەیرانانە نەبوونە ڕێگر لەبەردەم ئەوەی ئێمە پرۆژە بكەین و بەردەوام بین. هەموو كاتێكیش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان یان بۆ وەڵامی ناحەزان، ئێمە بە پرۆژە وەڵامی خۆمان داوەتەوە، ئەمەش یەكێكە لەو پرۆژانە و جارێكی دیكە پیرۆز بێت لە ئێوە هەمووتان و هەموو خەڵكی كوردستان، هەر سەربەرز و سەربڵند و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

