ڕائیب جادر – هەولێر
بەھۆی دروستبوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدایە چەکدارانی داعش توانیویانە شوێنی خۆیان لە ناوچە کوردستانییەکان قایم بکەن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ھێرش و پەلامار و چالاکی ئەو ڕێکخراوە زیاتر دەبێت، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنی و خەڵکی ئەو ناوچانە تەنیا بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سنوورەکانی بەر لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ناوچەکە ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت.
داعش ھیچ ناوچەیەکی لە عێراقدا لەژێر کۆنتڕۆڵدا نەماوە، بەڵام پاشماوەکانیان بە گرووپی بچووک لە ناوچە شاخاوییە سەختەکان و بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان ھێزەکانی عێراق و پێشمەرگە خۆیان حەشاردووە و جاروبار پەلاماری کتوپڕ ئەنجام دەدەن، جموجۆڵی ئەم ڕێکخراوە لە سنوورە جیاوازەکان بەم شێوەیە ناوچە کێشە لەسەرەکان بە تایبەت لە ناوچەکانی کەرکووک، دیالە، خورماتوو و بناری چیای قەرەچووغ لە زیادبووندایە، چەکداران بەردەوام ھەوڵی دزەکردن بۆ ناو گوندەکان دەدەن، ئەمەش وایکردووە ھاووڵاتییان لە ھەندێک ناوچە ترسیان ھەبێت و شەوانە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان سەری ھەڵداوەتەوە و بووەتە مەترسییەکی جددی بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە و بەردەوام کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ھێزە عێراقییەکانیش توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نییە.
ھێزە ھاوبەشەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە بەردەوامن لە ئەنجامدانی کێوماڵ و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ لەناوبردنی ئەشکەوت و تونێلەکانی داعش، لە دوایین ڕووبەڕووبوونەوەکانیشدا ھێزە ئەمنییەکان لە سنووری ماددەی ١٤٠ چەندین چەکداری داعشیان پێش ئەنجامدانی ھێرش کوشتووە، ڕێکخراوەکە لە ئێستادا زیاتر پشت بە تاکتیکی شەڕی پارتیزانی و ھێرشی کورتخایەن بە ژمارەی کەمی چەکداران دەبەستێت، بۆ ئەوەی بوونی خۆیان بسەلمێنن و تۆڵەی سەرکردە کوژراوەکانیان بکەنەوە.
جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری حەسار و شارەدێی پردێ ھەراسان کردووە، مەترسییەکان بە شێوەیەکە شەوان شەقامەکان چۆڵ دەکرێن و ھاتووچۆ کردن نامێنێت، ئەو عەرەبانەی دێنە کەرکووک لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت و لە ڕووی یاساییەوە دەرفەتیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی لە کەرکووک نیشتەجێ بکرێن، ھەر ئەوەش وای کردووە خەڵک داوا بکەن ھێزی پێشمەرگە بێت و ئۆپەراسیۆن دژی تیرۆریستان ئەنجام بدات.
دۆخی ئەمنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەتایبەتیش ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەھۆی جموجۆڵەکانی داعشەوە بەشێوەیەکە، کە ھیچ ھاووڵاتییەک لەژیان و سەر و ماڵی خۆی دڵنیا نییە، یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانی داعش جیا لەھێرشکردنە سەر ھێزەکانی عێراق دانانی بۆسە و ڕفاندنی ھاووڵاتییانە، ئەمەش وای کردووە ئەو ھاووڵاتییانەی دەچنە سنووری ژێر دەسەڵاتی ھێزە ئەمنیەکانی عێراق، مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ببێت. وەکو بەشێک لە ھاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکان بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: چەندین جار کەسانی نامۆ و دەمامکدارمان لەسەر ماتۆڕسکیل و شوێنی دیکە بینیوە، ھەر ئەوەش وای کردووە ڕۆژانە ڕووداوی ڕفاندن و تەقەکردن لە دژ جووتیارانی کورد تۆمار بکرێت.
بەرپرسانی ئەمنی دەڵێن: ڕەوشی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان زۆر خراپە و لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای عێراقدا نەماوە و ھاووڵاتییانی ناوچەکە خۆیان پارێزگاری لە خۆیان دەکەن.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، زەرەرمەندی یەکەمی ئەو بارودۆخەی لەم ناوچانە ھاتووەتە ئاراوە، گوندە کوردنشینەکانن، کە بەردەوام بەرەو چۆڵبوون دەچن و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کوردستانیانیش دەستیان بەسەردا دەگیرێت و ناوچەکانیشیان ڕووبەڕوی تەعریب دەبێتەوە.
بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر، بوونەتە مۆڵگەی چەکدارانی داعش، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، دەڵێن: داعش لە بەشێک لە ناوچەکان و گوندەکانی دوورە دەست کە دەکەونە ناوچەی ئەمنی ھاوبەش، لەگەڵ سنوورەکانی کەرکووک، دیالە، مووسڵ، تکریت و ڕوومادی ھەن، بۆیە پێویستە ھەماھەنگی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەڕووی زانیارییەوە باشتر بکرێت.
بە گوتەی بەرپرسانی سەربازی پێویستە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ڕێککەوتن بکرێت بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان، چونکە ئەگەر پێشمەرگە لەو ناوچانە بوایە داعش نزیکی ئەو ناوچانە نەدەبوو، ئەو خەڵکەی کە ئاوارە بووە ئەوانیش دەگەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
نزار کەمال، شارەزای بواری سەربازیی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پاش ڕووداوەکان و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕۆژبەڕۆژ جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان زیاتر دەبن، شانە نووستووەکانی داعش و بیرکردنەوەکانی ھەموویان خەریکی خۆ ڕێکخستنەوەنە و خۆیان ئامادە دەکەن، بۆ ئەوەی ئەگەر ھەندێک ڕووداو بێنە پێشەوە پەلاماری چەند شوێنێک بدەن و دەست بەسەر ھەندێک ناوچەدا بگرن و زەرەروزیانێکی زۆر بە سوپای عێراق و خەڵکی کەرکووک بگەینن، ئەمە لە کاتێکدایە زۆرجار سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاندووە مەترسی داعش کۆتایی نەھاتووە، داعش لە ھەر شوێنێک کە فەڕاغێکی ئەمنی تێدا بێت زۆر بە ئاسانی دەتوانێت خۆی دروست بکاتەوە و گەشە بکات و زەربەی خۆی بوەشێنێت.
دەشڵێ: جموجۆڵەکانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان زیاتر لەو ناوچانەن کە لەژێر دەسەڵاتی عێراقدان، نەک ھێزی پێشمەرگە، چونکە ئەو سنوورانەی لە دەستی ھێزی پێشمەرگەدان ھیچ کێشەیان نییە و ھێزی پێشمەرگە ھەموو پێداویستییەکی بۆ دابین کراوە و بێ گرفتە و چەکی پێشکەوتووی ھەیە کە بۆ بەرگریکردن زۆر باشە و توانای بەرگرییەکی باشی ھەیە و سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی ھەیە، چونکە بوونی سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو زۆر گرنگە بۆ ھێزی سەربازی، بۆیە ھێزی پێشمەرگە ھیچ کێشەی نییە و بەرگرییەکی زۆر باش لە کوردستان دەکات، بۆ نەمانی داعش لەو ناوچانە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و ئەمنیەتی ئەو ناوچانە بپارێزێت.

