رۆژنامەی ھەولێر

(چارڵز باکستەر). ئەو نووسەرەی دەڵێت قەڵاکانی کوورتەچیرۆک ڕووخاون

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

(چارڵز باکستەر ـ Charles Baxter)ی ڕۆماننووس و چیرۆکنووس، لەم گفتوگۆیەیدا ڕوونی دەکاتەوە کە چی ڕۆژێکی نووسین بە باش دەزانێت بۆ نووسین و بۆچی لە ڕشتنی خوێ دەترسێت!

ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
چارڵز باکستەر: لە (مینیاپۆلیس – Minneapolis)ی ویلایەتی (مینیسۆتا – Minnesota)، و لە کێڵگەیەکی ٤٠ دۆنمیی نزیک شارەکە، لە نزیک شارۆچکەی (ئێکسێلسیۆر – Excelsior).
ـ لە کوێ و چیت خوێندووە؟
چارڵز باکستەر: بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە کۆلێژی (ماکالێستەر – Macalester) و دکتۆراشم لە ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی ویلایەتی نیویۆرک لە (بووفالۆ – Buffalo) وەرگرتووە. وانەی ئینگلیزیم زۆر خوێند، هەندێکیش لە مێژوو و فەلسەفە، بەڵام وانەی پێویستم لە زمان و ئەدەبیاتی بیانی وەرنەگرت؛ ئەوە یەکێک بوو لە هەڵە گەورەکانم. لە سەردەمی ئێمە ئەوە باو بوو و بەداخەوە فێری زمانی دیکە نەبووین.
ـ لە کوێ دەژیت و بۆچی؟
چارڵز باکستەر: دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ لە (میشیگان – Michigan) ژیام، ئێستا لە (مینیاپۆلیس – Minneapolis) دەژیم. شارەکە هەستی ماڵەوەم پێ دەبەخشێت و کەشوهەوایەکی ڕۆشنبیرانەی چالاکی هەیە.
ـ شانازی بە کام کتێب یان پڕۆژەتەوە دەکەیت؟
چارڵز باکستەر: نۆڤلێتی (ئیمانداران – Believers). ئەو دیمەنەی کە گێڕەرەوەکە لە کۆتایی نۆڤلێتەکەدا سەردانی باوکی دەکات، باشترین نووسینی ئەدەبییە کە تا ئێستا نووسیبێتم.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە.
چارڵز باکستەر: هەستان لە خەو، شەربەتی پرتەقاڵ، هێلکەی کوڵاو، شۆفان، و ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز – New York Times). دواتر قاوە، گەرماو، دوودڵی و بڕیارنەدان، هەوڵدان بۆ نووسین و خوێندنەوە و پاشان بێهێزیی مێشک.
ـ خوویەکی جیاواز یان تایبەتت هەیە؟
چارڵز باکستەر: خواردنەوەی پەرداخێک شەراب ڕێک لە کاتژمێر ٥ی ئێوارە.
ـ جلی دڵخوازت چییە؟
چارڵز باکستەر: کەی گرنگە. کێ گرنگی پێ دەدات؟
ـ سێ کتێب (جگە لە هی خۆت) بە خوێنەران پێشنیار بکە.
چارڵز باکستەر: بۆ ئەم هەفتەیە؟ (مامۆستا و مارگریتا – The Master and Margarita) لە نووسینی (میخائیل بولگاکۆڤ – Mikhail Bulgakov). (چیرۆکەکانی خەڵکە بەختەوەرەکان – Stories of Happy People) لە نووسینی (لارس گوستافسۆن – Lars Gustafsson)، و کتێبی (سکایلارک – Skylark)ی (کۆستۆلانی – Kostolanyi).
ـ ئایا هیچ هاوڕێیەکی نووسەرت هەیە کە یارمەتیت بدات و هانت بدات؟
چارڵز باکستەر: پێشتر هەبوو. ئێستا بۆ ئەوە زۆر پیرم. نا، بوەستە: بەڵێ، چەند هاوڕێیەکی نووسەرم هەن کە ڕاوێژیان پێ دەکەم. کاتێک لە نووسینێکم دڵنیا نیم، بۆیان دەنێرم.
ـ چ شوێنێک ئیلهامت پێ دەبەخشێت؟
چارڵز باکستەر: کەناراوە بەردینەکانی باکووری دەریاچەی (سوپێریۆر – Superior) لە باکووری (دۆلوت – Duluth) لە مینیسۆتا، لە کەناراوەکانی (مەین – Maine) دەچێت.
ـ باسی پڕۆسەی داڕشتنی پلان و نەخشەی کتێبێکت بکە پێش ئەوەی دەست بە نووسینی بکەیت.
چارڵز باکستەر: هیچ بەرنامە و پلانێکی وەهام نییە. جادووەکە لێم دەدات و دەکەومە ژێر کاریگەرییەوە. کتێبەکە بە هاوکاری من یان یارمەتی نائاگایانەم گەشە دەکات، تەنانەت هەندێک جاریش کە من ڕەتی دەکەمەوە و کاری لەسەر ناکەم، کەچی ئەو هەر بەردەوام دەبێت. گێڕانەوەی وردەکاری پلان و نەخشەی نووسین وەک ئەوە وایە مرۆڤ باسی بەشداریکردنی خۆی بکات لە کاتی دووگیانبوونی خۆی.
ـ باسی شێوازی نووسینت بکە، ئایا هیچ ڕێوڕەسمێکی نامۆت هەیە لە کاتی نووسین؟
چارڵز باکستەر: بەیانیان کار دەکەم. پیاسە دەکەم؛ لە پەنجەرەکەوە تەماشا دەکەم. سەرم دەخەمە نێوان دەستەکانم. ئەگەر هەست بە ئارەقە بکەم، بەتایبەت لە بن باڵم، و جەستەم بۆنی لێ بێت و خۆم بۆنەکە بکەم، ئیتر دەزانم نووسینەکە باش دەڕوات.
ـ چ دەکەیت کاتێک ناتوانیت بنووسیت و هیچت بۆ نایێت؟
چارڵز باکستەر: ئەو شتانەی پێشتر نووسیومە دووبارە دەیانخوێنمەوە. تا ٢٠ ساڵ لەمەوبەر کە ئامێری تایپکردنی دەستیم بەکاردەهێنا، لاپەڕەکانی پێشووم دووبارە تایپ دەکردنەوە. ئێستا هەوڵ دەدەم شاشەی کۆمپیوتەرەکە بکوژێنمەوە بۆ ئەوەی ناچار نەبم سەیری بکەم. ڕقم لە شاشەی کۆمپیوتەرە. بەو دەموچاوە گەورە و گەمژانەیەوە سەیرت دەکات و لێت دەپرسێت چی تازەت پێیە؟ کۆمپیوتەرەکان، بەقەدرا دەنگە بێزارکەرەکەی ئامێرە کارەباییەکان خراپن.
ـ تۆ لە چەند ژانر دەنووسیت. ڕۆمان، کورتەچیرۆک و وتاری ڕەخنەیی. کامەیان ئاسانترە؟ ئایا پلانت بەپێی جۆری ژانرەکە دەگۆڕێت؟
چارڵز باکستەر: نووسینی چیرۆکم بەلاوە پەسەندترە. وتاری ڕەخنەیی وزەی کەمتری دەوێت؛ تەنها پێویستی بە بیرکردنەوە هەیە. هەر کەسێک دەتوانێت تەنها بە بیرکردنەوە بژی بێ ئەوەی بسووتێت، بەڵام چیرۆکی خەیاڵی پێویستی بە دڵ، مێشک، هەناو و کۆئەندامی زاوزێ هەیە، و دەبێت هەموویان پێکەوە ئاگر تێبەربدەیت.
ـ جێگەی داخە کە جیهانی بڵاوکردنەوە وا هەست دەکات کورتەچیرۆکی پارەی پێ پەیدا ناکرێت. ئایا پێتوایە کتێبە ئەلیکترۆنییە کورتەکان بتوانن ئەم هونەرە ببوژێننەوە؟
چارڵز باکستەر: هیچ بیرۆکەیەکم لەمبارەوە نییە. ڕەنگە هیچ قەڵایەکی بەردەوام بۆ کورتەچیرۆک نەمابێتەوە. قەڵاکان دەڕووخێن. ئێستا کێ خەریکی ئەو هونەرە گەورەیە کە پێی دەگوترێت (درامای شیعری)؟ کەس.
ـ ڕۆژێکی نموونەیی لای تۆ چۆنە؟
چارڵز باکستەر: هەستان لە خەو، نانی بەیانی، کار، نانی نیوەڕۆ، پیاسە یان شاخەوانی، خەوێکی کورت، شەراب، نانی ئێوارە، خۆشەویستی، و خەوتن.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
چارڵز باکستەر: ڕۆڵگێڕانی (ڕۆبێرت واکەر – Robert Walker) لە فیلمی (نامۆکانی نێو شەمەندەفەر – Strangers on a Train)ی (هیچکاک – Hitchcock). یان (جۆناسان وینتێرز – Jonathan Winters)، کە گەورەترین کۆمیدیانی سەردەمی منە.
ـ چی دەتخاتە گریان؟
چارڵز باکستەر: دە خولەکی کۆتایی دۆکیومێنتاری (پینا – Pina): سەماکارەکان لەسەر لێواری چاڵە زیخەکە، و دواتر فیلمە ڕەشوسپییەکانی (پینا باوش – Pina Bausch) کاتێک بە تەنیا سەما دەکات.
ـ ئایا هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
چارڵز باکستەر: حەز ناکەم خوێ بڕژێنم. ئەگەر ڕژا، دەیهاوێژمە سەر شانی چەپم. بەڵام ئەگەر بەیانیان خوێ بڕژێنم، دەزانم کە ئەو ڕۆژەم تێکچووە.
ـ شتێک هەیە کە هەمیشە پێتە؟
چارڵز باکستەر: هەستی گوناه.
ـ ئەگەر بتوانیت کەسێکی مردوو بگەڕێنیتەوە بۆ ژیان، کێ دەبێت؟
چارڵز باکستەر: باوکم. هەرگیز ئەو پیاوەم نەبینیوە.
ـ سووکەژەمی دڵخوازت چییە؟
چارڵز باکستەر: خەیارشۆری (کلاوسن – Clausen). ئەوانەی لە ساردکەرەوەی سوپەرمارکێتەکاندا دانراون.
ـ چ دەستەواژەیەک زۆر بەکاردەهێنیت؟
چارڵز باکستەر: “ئەوە بۆ من ڕوون نییە.”
ـ چیرۆکی بڵاوبوونەوەی یەکەم کتێبت چۆن بوو؟
چارڵز باکستەر: لە نائومێدیدا، یەکەم کتێبی چیرۆکم پێشکەش بە پێشبڕکێی (AWP) کرد. پێشتر لە چەندین شوێنی تری وەک (ئایۆوا – Iowa) ڕەتکرابوومەوە. (دۆن بارتێڵم – Don Barthelme)، دادوەری ئەو ساڵە بوو، کتێبەکەمی بەدڵ بوو و خەڵاتەکەی پێ بەخشیم. زانکۆی (میزۆری – Missouri) بڵاوی کردەوە، فۆنتێک لەسەر بەرگەکە بوو کە لە دووری دوو مەترەوە هەر نەدەخوێندرایەوە.
ـ ئایا کاتێکی دیاریکراو هەبووە کە هەست بکەیت نووسەریت؟
چارڵز باکستەر: نەخێر، هەرگیز، و هیچ کاتێکی وەهاش نایەت.
ـ دەبێت چەند وشەت نووسیبێت تا هەست بکەیت ڕۆژێکی بەرهەمدارت هەبووە؟
چارڵز باکستەر: تەنها یەک ڕستەی باش.
ـ چیرۆکێکی کۆمیدی پەیوەست بە گەشتی ناساندنی کتێبەکانت و کۆڕەکانت دەگێڕیتەوە؟
چارڵز باکستەر: ئایا ئەم چیرۆکانە بە ڕاستی پێکەنیناوین؟ بۆ نموونە ئەو جارەی لە نیویۆرک خەریکی خوێندنەوەی چیرۆکی (The Disappeared) بووم و تووشی ئارەقەیەکی سارد بووم، نەمدەتوانی نووسینەکانی سەر کاغەزەکە ببینم و خەریک بوو لە هۆش خۆم دەچووم؟ ئەوەش لە بەردەم کەسایەتییە گەورەکانی وەک (ئایمی هێمپڵ – Amy Hempel) و (ڕیچارد هاوارد – Richard Howard)؟ یان ئەو جارەی لە مادیسۆن ژنێک دەستی بەرز کردەوە و لێی پرسیم بۆچی نووسینەکانم ئەوەندە ناڕوونن؟ یان ئەو جارەی لێیان پرسیم ئایا پێم ناخۆش نییە کە نووسەرێکی ناودار نیم؟ هاهاهاها.
ـ ئەگەر نووسەر نەبوویتایە، چ کارێکت دەکرد؟
چارڵز باکستەر: حەزم دەکرد مۆسیقاڕ بوومایە، هەڵبەت ئەگەر ئەو بەهرەیەم هەبوایە. جارێکیش دەمویست فیلم دروست بکەم؛ بەڵام ئەو ئارەزووە نەما. لە سەدەی نۆزدەیەمدا ڕەنگە چاپەڕ و بەرگکاری کتێب بوومایە و بەهۆی بۆنی چەسپەکەوە شێت بوومایە، وەک باپیرە گەورەم.
ـ چ ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرانی تازەلاو هەیە؟
چارڵز باکستەر: دڵنیا بەرەوە کە پلانی (بی – B)ت هەبێت، بەڵام واز مەهێنە. جۆرە هەستێکی گرنگی پێنەدان “بە من چی” بۆ خۆت دروست بکە وەک تاکتیکێکی ڕزگاربوون.
ـ شتێکمان خۆتمان پێ بڵێ کە زۆر کەس نایزانن و سەرسوڕهێنەرە.
چارڵز باکستەر: لە قوتابخانەی سەرەتایی زۆر بەختەوەر بووم، لە ناوەندی کەمتر، و لە ئامادەیی زۆر بەدبەخت بووم. بڕوانامە باڵاکانم ساختەن؛ من هەرگیز زانیاریی پێویستم نەبووە. زۆر شت لە نووسینەکانی (ڤێرجیل تۆمسۆن – Virgil Thomson) فێربووم. پێشتر ئاڵوودەی فیلمە پلە دووەکانی (ئەلفێد هیچکاک – Alfred Hitchcock) بووم. هەروەها شێوەی ددانەکانم وای کردووە هەرگیز لای ژنان زۆر سەرنجڕاکێش نەبم.