رۆژنامەی ھەولێر

بەرژەوەندیی میللەت گرنگ نییە!

شێرکۆ حەبیب
ماوە ماوە گوێ بیستی ئەوە دەبین کەوا نەیارانی دیموکراسی و پرۆسەی خزمەتگوزاری و حکوومەتی هەلبژێردراوی کوردستان هەڕەشەی ئەوە دەکەن کەوا داوا لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار دەکەن دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و دژی ئەزموونی دیموکراسی و پێگەی کوردستان، هەڵبەتە ئەم دژایەتییە لە هەوڵەکانی دژایەتی کوردستان و لەسەر بنەما و ڕێنمایەکانی نەیاران و دوژمنان سەرچاوە وەردەگرێت، ئەگینا لە چ شوێنکی ئەم جیهانەدا کەسانێک یا لایەنێک یا حزب هەبێ دژایەتی میللەت و وڵاتەکەی خۆی بکات و بەرژەوەندییەکان بخاتە مەترسییەوە، ئەگەر نەیاری میللەت و پێشکەوتن نەبن دەشێ دژی کارەبای ٢٤ کاتژمێر بن کە خەونێک بوو کابینەی نۆی حکوومەت بە سەرکردایەتی مەسرور بارزانی کردیە کردەوەیەکی واقیع و ڕاست بۆ سەرجەم کوردستان، جگە لەوەش ئەو هەموو پرۆژە خزمەتگوزاریانە و ڕێگاوبان و پۆند سەدان کاری خزمەتکردنی میللەت و دابەشکردنی زەوی کە ئەمانە هەموو لە خزمەتی هاووڵاتی و کوردستان دایە.
بەڵێ ئەوانەی رۆژێک لە رۆژان نەیان زانیوە گرنگی کوردایەتی و خزمەتکردن و رۆژە سەختەکانی خەبات و کاروانی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە، چییە ئیستاش نازانن خزمەتکردن بە نیشتمان و وڵات چییە نەک هەر ئەوە بەڵکو نازانن وشەی خاک و وڵات چەند پیرۆزە چونکە رۆژێک هەستیان بە پیرۆزی ئەم خاکە نەکردووە، بەڵکو هەر دژایەتی میللەت و و ڵاتیان کردووە، و هەردەم دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی بوونە رۆژێک ئینتمای راستەقینەیان بۆ کوردستان نەبووە، هەڵبەتە لای ئەو جۆرانە بەرژەوەندی میللەت گرنگ نییە و گرنگ نییە قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێتەوە، چونکە ئەوانە نازانن میللەتی کوردستان نزیکەی سەدەیەکە خەبات دەکات و قوربانی پێشکەش دەکات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، تا دوێنێ دژی سەربەخۆیی بوون و دژی گشت پرسی بوون ئەمرۆش دژی کارەکانی حکوومەتی هەرێم، بەڵام خەیاڵیان خاوە خزمەتگوزاری و کاری شایستە هەردەم کەسانێکی بێ ئەزموونی خەبات و تێکۆشان ناتوانن ببنە بەربەست.
نامانەوێت لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەینەوە بەڵکو هەردەم لە هەوڵی یەکریزی و تەبایی نێو ماڵی کوردستانیانین چونکە ئەوە تاکە رێگای سەرکەوتنی میللەتە نەک پەنا بۆ دادگا کە چەندین بڕیاری ناهەقی دژی هەرێم دەرکرد.
مرۆڤی خاوەن ویژدان و هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەر شانازی بە خاک و وڵاتەکەی دەکات، بەڵام ئەوانەی ئینتمایان بۆ نیشتمان و خاک و وڵات نییە مرۆڤی بێ ناسنامە و بێ رابردوون ئەوانن کە دژی میللەتەکەیان رەفتار دەکەن هەردەم شەرمەزاری مێژوو و میللەت دەبن.