رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم یاسین خێڵانی

یاسین قادر بەرزنجی
ئەم ڕۆماننووس و وەرگێڕە، کە لە ساڵانی دووهەزارەکانەوە بەرهەمی گەیشتووەتە خوێنەران، هەڵوەدای خوێندنەوەیەکی چڕوپڕە، بە تایبەت ڕۆمان، ئەو بەردەوام بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئەڵمانی دەخوێنێتەوە، ڕۆمانە چاپکراوەکانیشی قسەیان لەسەر کراوەو لە ئێستادا ئەم نووسەرە بووەتە ناوێکی دیار لە دنیای ڕۆمانی کوردیدا.
کە لەگەڵ خێڵانی دادەنیشیت، هەست دەکەیت،خەمی گەورەی لای ئەمڕۆو داهاتووی نەتەوەکەیەتی، دوای ئەوەش لای ئەفراندنی نووسەرو ئەدیبانی کورد،
ئەم هێژایە لە منداڵییەوە خولیای نیگارکێشانی هەبووەو کە لە ناوەندی بووە بەشداریی چەند پیشانگایەکی قوتابخانەی کردووە، پێشکەشی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کردووە، بەڵام بەخت یاوەری نەبووەو وەرنەگیراوە، ئیدی ئامادەیی خوێندووە، حەزی بەوە بووە لەسەر نیگار کێشان بەردەوام بێت، بەڵام ئاوارە بوون و چنگنەکەوتنی کەرەسەی پێویستی نیگارکێشان وایان کردووە ڕوو بکاتە نووسین، ساڵی ١٩٩٥ چووەتە هەندەران و لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە، ساڵی ٢٠٠٣ خوێندنی پیداگۆگی تەواو کردووەو چەند ساڵێکیش ئەندامی (PEN)ی کوردی بووە لە بەرلین، ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ چوار هاوڕێی خەمخۆرو خۆبەخشی تریدا کاروانی ئاشتییان پێکهێناوەو بە مەبەستی یەکخستنەوەی ماڵی کورد گەڕاونەوە بۆ کوردستان و هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ.
کاک یاسین وێڕای کۆمەڵێ چیرۆک و دیوانە شیعرێک بە ناوی (ئێوارانی من و نەوڕەسەکان)، ساڵی ٢٠١٢ ڕۆمانی
(شەوی ئەستێرەکان)ی بڵاوکردووەتەوە، دەربارەی ئەم ڕۆمانە چیرۆکنووس شێرزاد حەسەن نووسیویە
[لە شەوی ئەستێرەکاندا مامەڵەیەکی هاوئاهەنگی لەتەک زەریادا کراوە، کە گوزارشتە لە ڕۆحی پڕ لە گێژەن و هەڵچوون و داچوونی پاڵەوانەکان، لەوێدا زەریا هەڵگری هەمان هارمۆنیای شپرزەی ناو دڵ و ڕۆحی مەردوومەکانە].
ئەم نووسەرە خاوەنی دوو رۆمانی چاپکراوی دیکەیە بە ناوەکانی (کچەی مۆسیقا) و (نازیلا)، سەبارەت بەمەی دواییان نووسەرو ڕەخنەگر حەمە سەعید حەسەن وتوویەتی [ نووسەر هاوزەمان لەگەڵ گێڕانەوەی چیرۆکێکدا، هەم چێژمان پێ دەبەخشێت و هەم زانیاریش لە گەلێک بواردا، زانیارییەکانی یاسین خێڵانی هیچیان بەتۆپزی لە ڕۆمانەکەدا جێیان نەکراوەتەوە].
مایەوە بڵێین خێڵانی کتێبە بەناوبانگەکەی نیتشە (زەردەشت ئاوا دوا)ی لە ئەڵمانییەوە کردووە بە کوردی و کتێبخانەی کوردیی پێ دەوڵەمەند کردووە.
هیوای سەرفرازی و بەردەوامی بۆ هاوڕێمان یاسین خێڵانی دەخوازم.