ماكوان عيززهت – هەولێر
زۆرجار کاتێک نەخۆش سەردانی کلینیکە پزیشکییەکان دەکات و بەدەست ئازار و ناڕەحەتییەکانی وەک مایەسیری، قڵیشان، یان ناسۆری کۆمەوە دەناڵێنێت، یەکەم پرسیار کە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە ئاڕاستەی دەکرێت ئەمەیە: “ئایا قەبزیت هەیە؟” ئەم پرسیارە کوتوپڕە، کورتکراوەی ڕاستییەکی گرنگی پزیشکییە؛ قەبزی هۆکاری سەرەکی و هاندەری یەکەمە بۆ تێکدانی تەندروستیی ناوچەی کۆم.
دکتۆر سەردار ئیبراهیم فەقێ محەمەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی قەبزی لەسەر ناوچەی کۆم ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات و مەترسییەکانی دەخاتە ڕوو:
پەستانی زۆر و دروستبوونی مایەسیری
پاشەڕۆی ڕەق و فشاركردنی بەردەوام لە کاتی تەوالێتدا، پەستانێکی زۆر دەخاتە سەر دەمارە خوێنبەرەکانی دەوروبەری کۆم. ئەم پەستانە بەردەوامە دواجار دەبێتە هۆی هەڵاوسان، کشان و دەرپەڕینی دەمارەکان کە لە ڕووی پزیشکییەوە بە “مایەسیری” دەناسرێت.
برینداری و داقڵیشانی کۆم
تێپەڕینی پاشەڕۆی ڕەق و وشک بەو ناوچە هەستیارەدا، دەبێتە هۆی پەیدایشتی درز یان قڵیشانی پێستەکە. ئەم دۆخەش هۆکاری سەرەکی ئەو ئازارە توند و خوێنەچۆڕەیە کە لە کاتی تەوالێت و تەنانەت دوای ئەوەش بەردەوام دەبێت.
تێکچوونی ماسوولکەکان و گەشەی بەکتریای زیانۆک
فشاركردنی زۆر، ماسوولکەکانی کۆم تووشی گرژداگەڕانێکی توند دەکات. ئەم گرژداگەڕانەش پرۆسەی خوێنڕشتن بۆ ناوچەکە کەم دەکاتەوە، لە ئەنجامدا برین و قڵیشانەکان بە ئاسانی چاک نابنەوە و کێشەکە بەرەو درێژخایەنی دەچێت.
ڕێگاکانی خۆپاراستن و چارەسەر
د. سەردار ئیبراهیم سەبارەت بە ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە، جەخت لەسەر دوو قۆناغی سەرەکی دەکاتەوە:
خۆپاراستن لە سەرچاوەکەوە: پێویستە لە سەرەتادا چارەسەری کێشەی قەبزی بکرێت، ئەمەش لە ڕێگەی پەیڕوکردنی سیستمێکی خۆراکی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ (سەوزە و میوە)، خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، و ئەنجامدانی وەرزشی بەردەوام.
چارەسەری بنەڕەتی بە لەیزەر: ئەگەر قەبزییەکە پێشتر زیانی خۆی گەیاندبێت و نەخۆشەکەی تووشی مایەسیری یان قڵیشان کردبێت، چیتر پێویست ناکات بەدەست ئازاری نەشتەرگەرییە باوەکەی جارانەوە بناڵێنێت؛ ئێستاکە تەکنەلۆجیای نوێ هەیە؛ بە لەیزەر و بەبێ نەشتەرگەریی و تەقەڵکاری و بەبێ ئازار، هەر بە چەند خولەکێک، کێشەکە بە شێوەی بنەڕەتی چارەسەر دەکات.
لە کۆتاییدا، ئەو پسپۆڕەی نەشتەرگەریی گشتییە جەخت دەکاتەوە کە تا کێشەی قەبزی بە تەواوی چارەسەر نەکرێت، هەر چارەسەرێکی کاتی بۆ نەخۆشییەکانی کۆم بێسوود دەبێت. هەر بۆیە ڕێنمایی هاوڵاتیان دەکات کە لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەمین نیشانەکانی مایەسیری یان قڵیشان، پێش ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن.

