حەمەسوار عەزیز
لە ھەوڵدانی بەردەوامی کۆمەڵێک شانۆکاری جیددی و خەمخۆری شانۆی کوردی، ڕۆژی ٧/٧/٢٠٢٦ پڕۆژەیەکی شانۆیی جیاواز لە سلێمانی ھاتە بەرھەم؛ من دەمێکە ئاگادارم کە شانۆکار (ئەژی حەمەنوری) خەونێکی گەورەی ھەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەکی ھاوشێوە لەگەل ھاوڕێکانی لە بەشی شانۆی سلێمانی دابمەزرێنێت و ھەوڵ بدات کە لەنێو ئەو قەیرانە شانۆییەدا، بەدوای ئەلتەرناتیڤێکی جیاواز بگەڕێت کە شانۆ لەو چەقبەستووییە دەرباز بکات و پڕۆژەیەکی شانۆیی پێشکەش بکات، کە لە ڕووی مادییەوە ئاڵۆز نەبێت، لە ھەمانکاتتدا ھەوڵ بدات جۆرێکی تری دامەزراندنی نمایشی شانۆیی تاقی بکاتەوە.
ڕاستییەکەی پڕۆژەی خوێندنەوەی دەقی شانۆیی، ئەگەر ڕەگ و ڕیشەیەکی ئەوڕوپیشی ھەبێت و پێشتر بەشێوەی جیاواز لە زۆرێک لە وڵاتە ئەوڕوپییەکان پێشکەش کرابێت، بەڵام بۆ ئێمەی کورد و زۆرێک لە میللەتە ڕۆژھەڵاتییەکان، ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی ھەیە و، دەکرێت وەک درێژەپێدەری چیرۆکەکانی دەم ئاگردان و نێو دیوەخان سەیر بکرێت کە باب و باپیرانمان وەک تەرزێکی گێڕانەوەی چیرۆک و حیکایەت پیادەیان کردووە، بۆ ئەوەی وانە و ئامۆژگاری پێشکەش منداڵ و نەوەکانی دوای خۆیان بکەن. ئەم شێوازە شانۆییە جۆرێکی پێشکەوتووری گێڕانەوەی چیرۆک و دامەزراندنی حیکایەتە کە تێیدا زیاد لە کارەکتەرێک بەشدار دەبێت لە گەیاندنی چیرۆکەکەو ناساندنی پاڵەوانەکانی، بۆیە بۆ کورد و نەتەوەکانی ڕۆژھەڵات ئەم فۆرمە کارکردنە جۆرێکە لە ھەڵێنجان لە مێژووی دوورو نزیک و دەکرێت ئێمەی کورد، بەدەر لە ھەموو ئەزموونەکانی دونیا، فۆرمی تایبەتی خۆمان بۆ دامەزراندنی ئەو جۆە شانۆییە ھەبێت کە پشت بە میراتی مێژوویی خۆمان ببەستێت و لەنێو ئەو میراتە ئەو فۆرمە بدۆزینەوە.
ئەم ھەنگاوە گرنگەی ھاوڕێم (ئەژی حەمەنوری) و ھاوڕێکانی، پڕۆسەیەکی زۆر گرنگەو دەرھاوێشتەی ئێستا و ئێرەیی گرنگی ھەیەو لە داھاتووشدا یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ گەشەسەندنی شانۆ و بەکولتوورکردنی خوێندنەوەیی شانۆیی و دامەزراندنی گوتاری مەعریفی و کۆمەڵناسی لە شانۆی کوردیدا.
دەستپێکردنی ئەم کارەش بە ھەڵبژاردنی دەقێکی کوردی بۆ ئەوەی ببێتە نۆبەرەی ئەم پڕۆژە شانۆییە، ھەنگاوێکی زۆر گرنگ و دیراسەکراوە، بە ھۆی ئەوەی دەقی خۆماڵی، ئەگەر لە ڕووی تەکنیک و داڕشتن و کارەکتەرسازیش لە ئاستێکی باڵا نەبێت، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە، توانایەکی گەورەی ھەیە کە کۆنتاک و پەیوەندی لەگەل بینەر بکات و بە ئاسانی بەریبکەوێت و چێژی پێ ببەخشێت.
دەقە شانۆی (نماز)، نووسراوی (کاروان سۆفی)، بە ھەموو گرفت و کەموکووڕییەکانیەوە کە لێرەدا لەسەریان ھەڵوەستە دەکەم، ڕووبەرێکی گرنگی ھەیە کە زۆر گرنگە شانۆی کوردی تێیدا وەبەرھێنان بکات و فەرامۆشی نەکات، ئەویش ڕووبەری کۆمەڵایەتییە، ئەم فۆرمە شانۆییە گرنگە کە بەداخەوە لە شانۆی کوردی بە شێوەیەکی بەرچاو فەرامۆش کراوە، جگە لە ھەندێ کاری شانۆکارانی وەک (شوان کەریم، دێرین حامید، محەمەد مستەفا)، وەک پێویست بایەخی پێ نەدراوە، ڕووبەرێکی کارکردنی گرنگە بۆ شانۆکارو دەتوانرێت لەنێو ئاریشە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی، لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسییەوە دەست بۆ ھەموو قەیرانە سیاسی و ئابووری و فەرھەنگییەکانی کۆمەڵگە ببەیت و لەنێو ھاوکێشەی خێزان و تاک مامەڵەی لەگەل بکەیت.
ئەم تێکستە لە ڕووی تەکنیکی نووسین و زمانی دەقەوە، تێکستێکی تۆکمە و دامەزراوەو پڕە لە ڕووداوی درامی کە دەتوانێت سەرنجی بینەر ڕابکێشێت و کرداری درامی دابمەزرێنێت، بەڵام کێشەی گەورە لەم تێکستە پرسی کارەکتەرسازی و بیرۆکە و گوتاری تێکستە. کێشەی گەورەی ئەم تێکستە ئەوەیە ھەر زوو ھەموو کۆدەکانی کەشف دەکات و بینەر لەگەل خۆی دەباتە قوڵایی کارەکتەرو بیرکردنەوەکانیان، کارەکتەر لەم تێکستە پەلەیەتی کە ھەموو نەھێنییەکانی بۆ بینەر ئاشکرا بکات، ئەمەش وادەکات پاش چەند دیمەنێک تێکستەکە ببێتە ڕووبەرێکی کراوەو ئاشکرا بۆ بینەرو نەتوانێت ھیچ گوتارێکی تازە و جیاواز ھەڵبگرێت، ھیچ شتێکی تازەی نەبێت بە بینەری بڵێت.
کارەکتەرسازی لەم تێکستە زۆر لاوازە و بەشێوەیەکی زۆر نالۆژیکی و ماتماتیکی کاری لەسەر کراوەو کارەکتەرەکان بەسەر ڕەش و سپی، خێرخواز و شەڕخواز، قوربانی و جەلاددا، دابەش کراون، ئەم جۆرە دابەشکردن و دامەزراندنەی کارەکتەر زۆر ناتەندروستە، چونکە لەگەل بنیادی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی مرۆڤ یەک ناگرێتەوە، مرۆڤ بوونەوەرێکی زۆر ئاڵۆزە، ناکرێت بە ڕەش و سپی مامەڵەی لەگەل بکرێت، دەکرێت مرۆڤ خراپەکار بێت یا چاکەکار، بەڵام چاکەو خراپە بەشێکن لە ڕەفتارەکانی مرۆڤ و پەیوەست نین بە بنیادی مرۆڤ، چونکە بەشێکی زۆری ڕەفتارەکانی مرۆڤ دەرھاوێشتەی پەروەردەو ژینگەی کۆمەڵایەتی و کاریگەری دەوروبەرە، بۆیە ئەم کارەکتەرسازییە تا ڕادەیەکی زۆر فۆرمێکی ناواقیعییە بۆ وێناکردنی کەسایەتی و جۆرێک لە ڕووکەشی پێوە دیارە، مرۆڤ ھاوکێشەیەکی کیمیایی ئاڵۆزەو ڕووبەرێکە بۆ کۆکردنەوەی ستراکچەرە دژو ناتەباکان، بۆیە ھەر لە خودی شانۆ، زۆرینەی ئەو کارەکتەرانەی کە بە کارەکتەری نەرێنی و خراپەکار ناسراون، ئەگەر لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە لێکیان بدەینەوە، دەبینین پڕن لە گوتاری جیاواز کە ڕەنگە لەژێر ھەژموونی زاڵی گوتاری شەڕخوازیدا ون بووبێتن.
لە ڕووی بیرۆکەوە ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر دیاردەیەکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی، دەبێ لە ئاستی شوناس و ماھیەتی دیاردەکە بێت، بۆ نمونە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی بیری ئیسلامی ئوسولی، ناکرێت بەو ڕووکەشییە لە ڕێگەی کارەکتەرێکی وەک (خاڵە حاجی) ئەو کارە بکەیت، ئەگەرچی نیشانی بدەیت کە ئەو پیاوە چۆن لەژێر بەرگی دینداریدا خەریکی داوێنپیسی و کوشتن و دزیکردنە، ئیسلامی ئوسوولی ماھیەت و شوناسێکی فکری و عەقیداتیی ھەیە و دەبێ لە ڕێگەی دیالۆگ و ھزرەوە بەری پێ بگیرێت، ئەم جۆرە کەشفکردنە ڕووکەشە ناتوانێت ئەو کاریگەرییە دروست بکات، ئەگەر لەنێو ئیسلامی ئوسوولی و ئەوانەی بانگەشەی دین دەکەن، ڕووی دووەمی شاراوە ھەبێت، بە ھەمانشێوە لە ژیانی دەیان ئەو فەیلەسوف و ھزرمەندانەی کە وەک پێشەنگ ناو دەبرێن و خەڵک بەدوای ھەنگاوەکانیان دەڕوات، ڕووی دووەمی قێزەوەن و شاراوە ھەیە، ئەگەر سەیری ژیانی ناودارەکانی وەک (ژان ژاک ڕۆسۆ، نیچە، ھایدگەر، ڕاسڵ، گاندی، ڤۆڵتێر) و دەیانی تر بکەیت، بۆت دەردەکەوێت چۆن سەرەڕای ھزر و بیرکردنەوەیان، ژیانیان پڕ بووە لە پارادۆکس و گوتار و ڕەفتاری نەشیاو.
کێشەی ئەم تێکستە ئەوەیە کە ناتوانێت ھیچ شۆکێکی بۆ بینەر پێ بێت و ھەرزوو تەسلیمی ئیڕادەی بینەر دەبێت و کارەکتەرەکان بەسەر دوو بەرەی شەڕ و خێر دابەش دەکات، ئەم بنیادە تەقلیدییە بۆ کارەکتەر تێکستەکە لە ھەموو پێشھاتێکی لەناکاو بەتاڵ دەکاتەوە، لە ھەمووش خراپتر ئەوەیە کە کارەکتەرەکان زۆر دووبارە و سواون، کارەکتەری شەڕانی خاڵە حاجی، کوڕە خوێندەوارەکەی زانکۆ، کوڕێکی بەد بە تەنیشت کوڕە خوێندەوارەکەوە، کارەکتەری کچێکی کوڵۆڵی بەزۆر بەشوودراو، کارەکتەری شێتێکی فەیلەسوف کە ھەموو شتێک دەزانێت، ھەموو ئەمانە وا لەو تێکستە دەکات کە وەک تێکستێکی زۆر سادە و سەرەتایی (بیدائی) دەربکەوێت و نەتوانێت ئامانجە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بپێکێت.

