لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوە فەرمییەکان بۆ جێبەجێکردنی دوو پڕۆژەی ستراتیژیی گەورە لە کەرتی ڕۆشنبیری و کلتووری لە هەولێری پایتەخت دەستیان پێکرد، ئەمڕۆش دووشەممە 13ی تەممووزی 2026، هەریەك لە شەعبان چالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداریوون لە قۆناغەکانی کارەکانیانی پڕۆژەکە لە نێو پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، هەردوو پڕۆژەیان بەسەركردەوە.
پڕۆژەی یەکەم بریتییە لە دروستکردنی گەورەترین گەلەری هونەری لەسەر ئاستی ناوچەکە کە بە گوژمەی ( 3 ملیار و 55 ملیۆن و622 هەزار دینار ) لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە مەڵبەندێکی جیهانی بۆ نمایشکردنی داهێنانی کارە هونەرییەکانی هونەرمەندان، هاوكات پڕۆژەی دووەم بریتییە لە بونیادنانی مۆزەخانەیەکی هاوچەرخی تایبەت بە جینۆسایدی ئەنفال، کە خۆشبەختانە پڕۆژەکە قۆناغی زۆری بڕیوە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئەم پڕۆژەیە وەک ناسنامەیەکی کلتوری، مرۆیی و مێژوویی، دەبێتە بەڵگەیەکی زیندوو بۆ ناساندنی ئەو تاوانە گەورەیەی دەرهەق بە گەلەکەمان ئەنجامدراوە و پاراستنی یادەوەری قوربانیان بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەردوو پڕۆژەكەش لەنێو پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان جێبەجێدەكرێت.
دوای بەسەركردنەوەی بەشەكانی هەردوو پڕۆژە، هەریەك لە بەڕێوەبەری نووسینگەی جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر، و بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری، جەختیان لە گرنگیی تەواوکردنی کارەکانی هەردوو پڕۆژە بە زووترین کات و بە بەرزترین ئاستی کوالێتی و لە کاتی دیاریکراودا کردەوە.

